ئاسایشی كەركوك ئازادكردنی ژنێكی بە 150 ملیۆن دینارەوە راگەیاند، لەگەڵ دەستگیركردنی باندێكی پێنج كەسی لە كەركوك، سلێمانی و بەغدا كە تۆمەتبارن بە رفاندن و دزیكردن، لەنێویاندا رفاندنی ئەو ژنە و دزینی پارەكەی.
ئەو ژنە لە هەفتەی رابردوو و لە 10ی حوزەیرانەوە بێسەروشوێن بوو و كەسوكاری دەزگای ئەمنییەكانی كەركوكیان لە دیارنەمانی بە 150 ملیۆن دینارەوە ئاگاداركردەوە.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی كەركوك، سەر بە ئاسایشی نیشتیمانی عیراق، ئێوارەی پێنجشەممە 17ی حوزەیران "ئازادكردن"ی ئەو ژنە و گەڕاندنەوەی پارەكەی راگەیاند، لەگەڵ دەستگیركردنی باندێكی پێنج كەسی، ئەوەش لە بەیاننامەیەكدا كە كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ە.
بەپێی بەیاننامەكەی ئاسایشی كەركوك كە باندەكەی بە "مەترسیدار" وەسفكردووە، تیایدا ئاماژەی بە شێوازی دەستگیركردنی ئەو پێنج كەسە كردووە و هاتووە "هێزەکانمان توانیویانە لە رێگای هێزێکی هاوبەشەوە و پاڵپشت بە زانیاریی بۆسەیەک لەسەر رێگای کەرکوک - بەغدا دابنێن و تۆمەتبارێكی ئەو باندە و ژنە رفێنراوەكە دەستگیربكەن"، ئەوەش دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر بەپێی بەیاننامەكە.
ئەو تۆمەتبارە و "ژنە رفێنراوەكە" لە نێو ئۆتۆمبێلێكی جۆری كراسلر ژمارە بەغدا-دا بون و كەسی تریان لەگەڵدا نەبووە.
دواتر ئەو كەسە دانیانبەوەداناوە كە بەشێكی دیكەی باندەكە لە سلێمانی و بەغدان، هەر بۆیە سێ كەسی تر لە سلێمانی و یەكێكی تر لە بەغدا دەستگیركران و كۆی دەستگیركراوانی باندەكە بونەتە پێنج كەش.
ئاسایش هیچ رونكردنەوەیەكی زیاتری لەسەر ژنە "رفێنراوەكە" و چۆنیەتی رفاندنی بڵاونەكردۆتەوە، تەنیا ئاماژەی بەوەداوە كە 150 ملیۆن دیناری ژنەكەیان لە باندە پێنج كەسییەكەدا وەرگرتۆتەوە.