دانیشتووانی شەش گوندی نێوان قەزای داقوق و ناحیەی رەشاد لە باشوری كەركوك ماڵەكانیان بەجێدەھێڵن و گوندەكانیان بە تەواوی چۆڵدەكەن، ئەوەش بەهۆی هەڕەشەكانی چەكدارانی داعش.
ئەو شەش گوندە دەكەونە سەر چەمی رۆخانە لە باشوری رۆژئاوای داقوق، ناوچەیەكی سەخت و دار و درەختی چڕی لێیە.
خەلیل لھێبی، ئەنجومەنی گوندی تمار – یەكێكە لەو شەش گوندەی چۆڵكراوە-، بە (کەرکوک ناو)ی وت "چەکدارانی داعش بەشەو لە چەمەکەوە دەهاتنە ناو گوندەكان و داوای خواردن و هاوكاریی تریان دەكرد، بە پێچەوانەوەی هەڕەشەی كوشتنیان لێدەكردین".
دانیشتووانی ئەو شەش گوندە لە ئێستادا بەسەر ناوەندی داقوق و دەوروبەریدا دابەشبون، بەشێكیان خانویان بەكرێ گرتووە و بەشێكیشیان لە خێمەدا دەژین و دەستی هاوكارییان بۆ درێژناكرێت.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، شەوێك ژمارەیەك چەكداری داعش، چونە سەر ماڵی هاوڵاتییەك بەناوی مساهر ساڵح، ئەنجومەنی گوندی عەبدوڵا حەمەد. ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "خۆم لە ماڵ نەبوم، هەڕەشەی كوشتن و لەناوبردنیان لە خۆم و منداڵەكانم كردووە، ئەگەر تەوبە نەكەم... ئەم روداوە بووەهۆی ئەوەی گوندەكە چۆڵبكەین"، گوندی عەبدوڵا حەمەد دوای ئەو رووداوە بووە شەشەم گوندی سنورەكە كە لە ئەمساڵدا بە تەواوی چۆڵبكرێت، ئەوەش لەكاتێكدایە تەنیا سێ ساڵە لە ئاوارەیی گەڕابونەوە.
هەڕەشەی كوشتن و لەناوبردنیان لە خۆم و منداڵەكانم كردووە، ئەگەر تەوبە نەكەم
مساهر و خێزانەكەی ئێستا لەژێر خێمەیەكدا دەژین لە دەرەوەی داقوق و چاوەڕێی هاوكارین.
لە دوو ساڵی رابردودا هێزە ئەمنییەكانی عیراق دەیان ئۆپەراسیۆنیان بۆ ئەو ناوچانە ئەنجامداوە، بەڵام نەتوانراوە مەترسییەكانی ئەو گروپە چەكدارییە بنبڕبكرێت.
نزیكترین هێزی ئەمنی لەو شەش گوندەدا، پۆلیسی فیدراڵین ئەوانیش بارەگاكانیان بەدوری 10كم لە گوندەكانەوە دورە.
لە ماوەكانی رابردودا، ئەنجومەنی ئەو شەش گوندە كە نزیكەی 50 خێزان دەبن و عەرەبنشینن، بۆ ئەو مەبەستە بەجیا لەگەڵ قایمقام، پارێزگار و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان كۆبونەتەوە.
خەلیل لهێبی وتی "داوی ھێزی ئەمنی زیاترمان كرد، بەڵێنی هێز درا، بەڵام جێبەجێ نەكرا".
لویس فەندی، قایمقامی داقوق بەوەكالەت، كە هاوكات لێپرسراوی دۆسیەی ئەمنی قەزاكەیە، جەختیكردەوە لە چۆڵبونی هەر شەش گوندەكە و وتی "ئەو گوندانە ئێستا كەوتونەتە دەرەوەی كۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەكانمان".
وتیشی "ئێمە داوای هێزی زیاترمان كردووە بۆ ئەو ناوچەیە بۆ ئەوەی بارودۆخی ژیانی گوندنشینان ئاسایی ببێتەوە". لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی "گوزەرانی دانیشتووانی ئەو شەش گوندەمان گەیاندۆتە پارێزگاری كەركوك تا هاوكاریی بكرێن، چونكە لە دۆخێكی خراپدان".
داوای هێزی زیاترمان كردووە بۆ ئەو ناوچەیە بۆ ئەوەی بارودۆخی ژیانی گوندنشینان ئاسایی ببێتەوە
لە قەزای داقوق (44كم باشوری كەركوك)، سوپای عیراق، پۆلیسی فیدراڵی و هێزەكانی حەشدی شەعبی بونیان هەیە و هەریەكەو لێپرسراوێتی پاراستنی بەشێكی ناوچەكەیان لە ئەستۆیە، ئەوەش لە چوارچێوەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوكدا.
چۆڵكردنی ئەو شەش گوندە لەكاتێكدایە لە 15ی شوباتی رابردوو، عوسمان غانمی، وەزیری ناوخۆی عیراق سەردانی كەركوكی كرد و لە باشوری داقوقیش لەگەڵ فەرماندەكانی پۆلیسی فیدراڵی كۆبۆوە.
بەپێی سەرچاوەكانی (كەركوك ناو)، غانمی لەو سەردانەیدا نیگەرانیی خۆی بە هێزە ئەمنییەكان گەیاندووە و "رەخنەی لێگرتون لە پڕنەكردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەكان و نەبونی هەماهەنگیی و زانیاریی هەواڵگری نێوانیان". هەروەها پێی راگەیاندون "مەترسییەكانی داعش لە كەركوك لەزیادبوندان و هێزی زیاتر دەنێرین".
مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران، لە حوزەیرانی 2020 و دوای كەمتر لە مانگێك لە دەستبەكاربونی وەك سەرۆك، گەیشتە قەزای داقوق بۆ سەرپەرشتیكردنی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی و بەپێی راگەیەنراوێكی ئەوكاتی نوسینگەكەی "ئامانجیان وشككردنی سەرچاوەی تیرۆر بووە لە ناوچەكە... سەرۆك وەزیران داوای لە هەموو هێزە ئەمنییەكان كردووە موڵك و ماڵ و ژیانی هەموو هاوڵاتیانی ناوچەكە بپارێزن".
مەترسیی و هەڕەشەكانی داعش لە باشور و باشوری خۆرئاوای كەركوك، لەكاتێكدایە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عیراق، لە تشرینی یەكەمی 2017ەوە "كۆتاییهێنان و شەڕی سەركەوتن"ی هێزە عیراقییەكان بەسەر داعشدا راگەیاندووە.