ژمارەیەك چەكدار هەڵدەكوتنە سەر ماڵی هاوڵاتییەك لە كەركوك، دەستڕێژی گولـلە لە خانووەكەی دەكەن و دوای ئەوەی دەچنە ژورەوە چەقۆ لەسەر دەستی كچە 12 ساڵانەكەیان رادەگرن و بەسوكی برینداری دەكەن. چەكدارەكان بەرلەوەی ماڵەكە بە جێبهێڵن هەڕەشەی كوشتنیان لێدەكەن.
چیرۆكەكە كاتژمێر 11ەو نیوی شەوی 17ی حوزەیران لە نزیك گۆڕەپانی كرێكاران رویدا، بەپێی وتەی ئەو خێزانە و لێكۆڵینەوەی پۆلیس روداوەكە پەیوەندی بە كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە هەیە و هێشتا چارەسەرنەكراوە.
موراد فازڵ، پیشەی کاسبە و لە سییەكانی تەمەنیدایە، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەرەتا دەنگی تەقەیەكی زۆر هات، دەستڕێژی گولـلەیان كرد، شوشەی پەنجەرەكان شكان، پاشان بە توندی لە دەرگایاندا... كچەكەم پێش من گەیشتە دەرگاكە و دەرگای لێكردنەوە، بە جوێندان و دەنگ بەرزكردنەوە هاتنە ژورەوە و تەقەیان لە سەقف و دیواری خانووەكە كرد... یەكێكیان چەقۆكەی لە هەردوو دەستی كچەمدا و برینداری كرد".
بە جوێندان و دەنگ بەرزكردنەوە هاتنە ژورەوە و تەقەیان لە سەقف و دیواری خانووەكە كرد... یەكێكیان چەقۆكەی لەهەردوو دەستی كچەمدا و برینداری كرد
ئەو كچە ناوی حەیاتە و 12 ساڵانە، مەچەكی دەستی بە سوكی و بریندار بووە و خوێنی لێهاتووە.
موراد وتی "هەشت چەكداربون، دوای حەوت خولەك ماڵەكەیان بە جوێندان و هەڕەشە بەجێهێشت".
ماڵی موراد لە نهومی دووەمی شوقەیەكی دووڕوودایە، موراد دەڵێت لە روویەكەوە تەقەیان كردووە و لە روویەكی ترەوە هاتونەتە ژورەوە.
"لەو هەشت چەكدارە چواریان دەناسمەوە، كەسوكاری براژنەكەمم"، موراد زیاتر وتی "هەشت ساڵە براكەم لە ژنەكەی جیابۆتەوە، بەڵام هێشتا كەیسەكەی لە دادگایە و یەكلایینەكراوەتەوە"، بەڵام نەچووە ناو وردەكاری كەیسی براكەیەوە.
"بۆچی لەو كەیسەدا ئێمە بكرێینە قوربانی، كچێكی 12 ساڵان تاوانی چییە تا ئەشكەنجە بدرێت... داواكارین پۆلیس بەدوای ئەو كەیسەدا بڕوات و ئەم نادادپەوەرییە قبوڵنەكات".
لەو هەشت چەكدارە چواریان دەناسمەوە، كەسوكاری برژانەكەمم
حەیات ئەو كچە 12 ساڵانەی چەقۆیان لە دەستیداوە، وتی "ویستم لە دەرگاوە رابكەم، بەڵام چوار چەكداریان پەلاماریاندام و یەكێك لە چەكدارەكان چەقۆی بەدەستەكانمدا هێنا و برینداری كردن".
دایکی موراد كە هەینی 18ی حوزەیران سەردانی ماڵی كوڕەكەی كرد، وتی "ئێمە کێشەکەمان بە یاسایی چارەسەر دەکەین، دەبێت پۆلیس ئەو چەکدارانە دەستگیربکات"، ئەوەش دوای ئەوە هات لە پۆلیس سكاڵایان لە دژی چەكدارەكان تۆماركرد.
لە ماوەی هەشت كاتژمێری سەرەتایای روداوەكەدا پۆلیس سێ جار سەردانی ماڵی مورادی كردووە بۆ لێكۆڵینەوە.
عامر نوری، لێپرسراوی راگەیاندنی پۆلیسی کەرکوک، بە (كەركوك ناو)ی وت "هێرشەكە پەیوەندی بە كێشەیەكی كۆمەڵایەتی نێوان ئەو دوو خێزانەوە هەبووە، ئاگاداری دۆسیەکەین و پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ كراوەتەوە".
تا بڵاوكردنەوەی ئەم هەواڵە هیچ یەكێك لەو چەكدارانە دەستگیرنەكراون.