دەستەی نەزاهەی عیراق بڕیاری دەستگیركردن بۆ سێ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەردەكات، ئەوەش بە تۆمەتی رادەستنەكردنەوەی ئۆتۆمبێل، كەلوپەل و پێداویستییەكانی دەوڵەت و دەستبەسەراگرتنیان. لەكاتێكدایە ئەنجومەنی پارێزگاكان بە یاسا كارەكانیان هەڵپەسێردراوە.
دەستەكە ئەمڕۆ شەممە 19ی حوزەیران لە راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە لەوەی دادگای لێکۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەكانی دەستەی نەزاهە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ سێ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەركردووە، ئەوەش بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عیراق.
بەپێی راگەیەنراوەكە ئەو سێ ئەندامە ئەستۆپاكییان نەكردووە و ئامادەنەبون بە رادەستكردنەوەی ئەو كەلوپەل و پێداویستییانەی دەوڵەت كە لایەنە، لەوانەش ئۆتۆمبێل، پێداویستییەكانی نوسینگە.
هەرچەندە دەستەی نەزاهە ناوی هیچ یەكێك لەو سێ ئەندامەی بڵاونەكردۆتەوە، بەڵام بەپێی سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی هەیە لە ئیدارەی كەركوك، ئەو سێ كەسە هەرسێكیان لە لیستی برایەتی كەركوكن، ئەوانیش رێبوار تاڵەبانی لە نەتەوەی كورد، عرفان كەركوكلی لە نەتەوەی توركمان و ئهدوارد ئهوراهان ئهدیشۆ لە پێكهاتەی ئایینی كریستیان.
رێبوار تاڵەبانی و عیرفان کەرکوکلی لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە كەركوكیان بەجێهێشتووە و لە هەولێر نیشتەجێن و بە پاساوی خراپی دۆخی ئەمنی كەركوك ئامادەنین بگەڕێنەوە.
عرفان كەركوكلی، لەبارەی بڕیارەكەی دەستەی نەزاهەوە، جەختیكردەوە هێشتا بڕیارەكەی بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوە بڕیارە جێی گاڵەتجاڕییە، دادگا بەچ حەقێك داوای مومتەلەکات لە من دەکات، لەکاتێکدا من لە روداوەکانی 16ی ئۆكتۆبەر، ماڵ و موڵكم لەناوچوو و دەستی بەسەرداگیرا"، بۆ ئەوەش دوو گروپی حەشدی شەعبی تۆمەتباركرد.
كەركوكلی زیاتر وتی "ئەی بۆ دادگا و حكومەتی عیراق وەڵامی سكاڵا و داواكارییەكانی من نادەنەوە كە دەیانجار بۆ وەرگرتنەوەی موڵك و ماڵم ئاراستەم كردون و هێزی تر لە كەركوك دەستیانبەسەردا گرتووە".
بهپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عیراقی، هەر فەرمانبەرێك یان هەر راسپێردراوێك بە خزمەتی گشتی بە ئەنقەست زیان بە سامان و بەرژەوەندی ئەو شوێنە بگەیەنێت كە كاری تیا دەكات ئەوە سزادەدرێت بە زیندانی بۆ ماوەیەك لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.
پەرلەمانی عیراق لە كۆتایی 2019 ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەڵپەسارد، ئەوەش دوای هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان و لەوكاتەوە ئەنجومەنەكان كارەكانیان هەڵپەسێردراوە و ئەندامەكانی چونەتە ماڵەوە.