هێزە ئەمنییەكانی كەركوك، لە ناوشار و شارۆچكەكانی پارێزگاكەدا دەستیانكرد بە سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆی شەوانە، بە پاساوی خۆپارێزی لە مەترسی كۆرۆنا.
ئەو هەڵمەتەی هێزەكانی پۆلیس، لە كاتژمێر 10ی ئەمشەو 20ی حوزەیرانی 2021ـەوە دەستیپێكرد و لەژێر فشاردا، دوكان و بازاڕ و شوێنە گشتییەكانیان داخست.
ئەوەش لەكاتێكدایە چەند هەفتەیەكە هەمان بڕیاری شەوانەی قەدەغەی هاتوچۆ هەیە بەڵام جێبەجێناكرێت.
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی شەوانە هەر هەبووە بەڵام هاوڵاتیان پێوەی پابەند نەبون، بۆیە هێزە ئەمنییەكان لەمشەوەوە، بڕیارەكە دەسەپێنن.
بەوتەی پەیامنێری (كەركوك ناو)، لە چەندین ناوچەی ناوشاری كەركوك هێزی ئەمنی بڵاوەیانپێكراوە و بازگەی كاتی دانراون.
هەروەها لە دەروازەكانی شاردا، بازگە هەمیشەییەكان بەڕوی هاتوچۆی هاوڵاتیاندا داخراون و دەیان ئۆتۆمبێل راگیراون.
ڤیدیۆ: داخستنی دوكان و بازاڕەكان بەبڕیاری هێزە ئەمنییەكان/ 20ی حوزەیرانی 2021
دوایین هەڵمەتی سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە 12ی ئایاری ئەمساڵدا بوو، كاتێك بەبڕیاری حكومەتی فیدراڵی، بۆ ماوەی چەند هەفتەیەك شوێنە گشتییەكان بە تەواوەتی داخران.
دواتر حكومەت كارئاسانی لە قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆدا كرد و ماوەكەی بۆ كاتژمێر 10ی شەو تا 5ی بەرەبەیان كورتكردەوە.
نەبیل حەمدی بوشناق، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت "راستە رێژەی توشبون بە كۆرۆنا زۆر و ئێستا 75 نەخۆشمان لە نەخۆشخانەكاندا هەیە، بەڵام ئێمە داوای سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆمان نەكردووە، رەنگە داواكاری لایەنەكانی دیكەی ناو شانەی قەیران بێت".
تەنیا ئەمڕۆ لە كەركوك 114 توشبوی كۆرۆنا تۆماركراون و یەك هاوڵاتی توشبوش گیانی لەدەستداوە.
بەڵام لە كۆی زیاتر لە ملیۆنێك و 600 هەزار دانیشتوی پارێزگاكە تەنیا 27 هەزار و 618 كەس تائێستا ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە داقوق بە (كەركوك ناو)ی راگەیاند بڕیاری سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ، لەمەودوا شەوانە جێبەجێدەكرێت و بە فەرمانی پۆلیسی پارێزگای كەركوكە.
كۆی توشبوانی كۆرۆنا لە پارێزگای كەركوك گەیشتۆتە نزیكەی 48 هەزار كەس، ژمارهی چاكبونهوه زیاتر له 45 ههزار و مردنیش 1003 حاڵهت تۆماركراون.