لەلایەن دادگاوە حوكمدراوە

كانديدێكی ئێزیدی دورخراوە: واز لە مافی خۆم ناهێنم

خودێدا چوكی حسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ بەوەكالەت و كاندیدی ئێزیدی دورخراوە فۆتۆ: چوكی بۆ (كەركوك ناو)ی ناردووە

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

خودێدا چوكی، كاندیدی ئێزیدی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عیراق تانە لە بڕیاری دورخستنەوەی دەدات و دەڵێت واز لە مافی خۆی ناهێنێت، چونكە بەهۆی "خزمەتكردنی" هاوڵاتیانەوە سزادراوە.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، ناوەڕاستی حوزەیرانی ئەمساڵ بڕیاریدا بە رەتكردنەوەی داواكاری خودێدا چوكی حسێن، لە كاندیدی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان كە بڕیارە لە تشرینی یەكەمی 2021دا بەڕێوەبچێت.

چوكی بە (كەركوك ناو)ی وت "كۆمسیۆن نوسراوێكی ئاڕاستە كردوم و دەڵێت لەلایەن دەستەی نەزاهەوە ناوی تۆ لە كاندیدی دەركراوە".

ناوی كاندیدەكان بەر لە پەسەندكردن بە چەندین وردبینیدا تێدەپەڕن لەنێویاندا دەستەی نەزاهە.

"وەك بێلایەنێك خۆم كاندید كرد، كەسانی تر كە ئێستا كاندیدن، دەزانن خەڵكێكی زۆر پشتگیرم دەكەن و دەنگم پێدەدەن، بۆیە تۆمەتیان بۆ دروستكردم" بەوتەی خودێدا چوكی.

ئێزیدییەکان کە زۆرینەیان لە نەینەوا نیشتەجێن، ته‌نیا یه‌ك کورسییان له‌ په‌رله‌ماندا بۆ ته‌رخانكراوه و چەندین كەس كێبڕكێی بەدەستهێنانی دەكەن.

snwnne
نه‌ینه‌وا، 2020، شەقامێكی سەرەكی لە ناوەندی ناحیەی سنونێی قەزای شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

لێپرسراوێك لە ئۆفیسی نەینەوای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بە (كەركوك ناو)ی وت ئەو كاندیدە لەلایەن ئۆفیسی سەرەكییەوە ناوی لە لیستی كاندیدەكاندا دەرهێنراوە و تانەدان لە بڕیارەكەش هیچ سودێكی نابێت.

دورخستنەوەی چوكی بەهۆی ئەوەوەیە لەلایەن دادگای نەینەواوە، ئەیلولی 2019، بە شەش مانگ زیندانی و غەرامەی دارایی سزادراوە بە تۆمەتی خۆ ناساندنی وەك لێپرسراوی حكومی، بەڵام جێبەجێكردنی سزاكە راگیراوە.

بڕیارەكەی دادگا بەپێی بڕیاری ژمارە 160ی ساڵی 1983ـیە كە تایبەتە بە سزادانی هەر كەسێك پۆست و ناونیشانی حكومی یان عەسكەری كەسانی دیكە بەكاربهێنێت.

خودێدا وتی "من لەسەر داوای خەڵك بوم بە بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ لە قەزای شنگال، بەخۆبەخشی و بۆ خزمەتی خەڵك ئەو ئەركەم وەرگرت".

ناوبراو لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە بە وەكالەت چۆتە ئەو پۆستە دوای ئەوەی هێزەكانی حكومەتی فیدراڵی گەڕانەوە بۆ شنگال و بەڕێوەبەری هەڵبژێردراوی ناحیەی سنونێ ئاوارەی دهۆك بوو.

خودێدا چوكی جەختیكردەوە "تانەم لە بڕیارەكەی كۆمسیۆن داوە، ئەگەر ئەنجامیشی نەبوو ئەوا لە خزمەتی خەڵك بەردەوام دەبم، پێشتریش بە دادگام وتووە هەركات بەڕێوەبەری ناحیەكە گەڕایەوە من لەو پۆستە دەڕۆم بەڵام بە چۆڵی جێیناهێڵم".

سنونێ دەكەوێتە باكوری خۆرئاوای قەزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ) له‌ روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایە و ناوچەی جێناكۆكە لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT