سەرەتای رۆژێكی نوێیە، ژمارەیەك سەگ لەپاڵ دیواری ماڵان و سێبەری كۆڵانەكەدا راكشاون، فیشەكێكی تاپڕ لەپڕ گیانی یەكێكیان دەكێشێت و ئەوانی دیكە هەر یەکە و بەلایەکدا هەڵدێن. خوا رۆژدەکاتەوە، لە كاتژمێر 6:30 خولەكی بەرەبەیانەوە تا كاتژمێر 9:30 خولەكی پێش نیوەڕۆ، پۆلیسێكی بنكەی عەرەفەی کەرکوک بە چەكەوە بەدوای سەگەكانی ئەو گەڕەكەوەیە.
گەڕەكەكە كە هەندێكیش هێشتا بەگوند دەیناسێنن، ناوی سێكانیانە، چەند كیلۆمەترێك لە ناوەندی شارەوە دورە، بە دیاریكراوی دەكەوێتە سەر رێگای سەرەكی كەركوك بەرەو هەولێر، دەوروپشتی گەڕەك چۆڵەوانییە و ژمارەیەكی زۆری سەگ تیایدا کۆدەبنەوە.
تیمی هاوبەشی ئیدارەی كەركوك، چەند رۆژێك لەمەوبەر چونەتە ئەو گەڕەكە، چەكێكی جۆری تاپڕیان داوەتە پۆلیسێك تا هەرچی سەگی بێنەوایە بیكوژێت، جگە لە سەگی شیردەر و بێچووەکانیان. ئەو هەڵمەتە ئاژەڵدۆستانی نیگەرانکردووە و ئیدارەی کەرکوکیش دەڵێت ناچارییە.
پۆلیسەكە دوای سەگەكان دەکەوێت و لەگەڵ راكردنیشدا زوو زوو نیشانەیان لێدەگرێتەوە؛ یەك فیشەك بە فیڕۆ نادات. یەكێك لە سەگەكان بە فیشەكی تاپڕەكە بە سەختی بریندار بووە و لە خوێنی خۆیدا دەتلێتەوە؛ پۆلیسەكە بە دەمانچەكەی لاقەدی خۆی فیشەكێكی دیكەی پێوە دەنێت و دەڵێت با هێندە ئازار نەچێژێت.
ئەم رێگەچارەیەی ئێستا بۆ لەناوبردنی سەگی بەرەڵا بەباش نازانین
"ئەم رێگەچارەیەی ئێستا بۆ لەناوبردنی سەگی بەرەڵا بەباش نازانین، چونكە هیچ كەسێك بۆی نییە گیانلەبەرێك بكوژێت، بەڵام رێگاچارەی دیكەشمان نییە" هاوڕێ رەحمان، لیپرسراوی لیژنەكانی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی كەركوك بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
تیمی لەناوبردنی سەگ لە قایمقامیەت، شارەوانی، ڤێتێرنەری و هێزی ئەمنی پێكهاتون.
هاوڕێ رەحمان دەڵێت ئەو هەڵمەتە كە لەسەر داوا و سكاڵای هاوڵاتیان بووە، بەبڕیاری ئیدارەی پارێزگایە، دوای تاوتوێكردنی ئەو دۆسیەیە لەكۆبونەوەیەكی فەرمانگە پەیوەندیدارەكان بەسەرۆكایەتی راكان سەعید جبوری، پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت.
هەڵمەتەكە لە 27ی ئایاری 2021ـەوە دەستیپێكردووە و بڕیارە تا كۆتایی حوزەیران بەردەوامبێت. پەیامنێری (كەركوك ناو) لە دوو دەرچونی تیمەكەدا یاوەری كردوون، دواین جاریان لە گەڕەكی سێكانیان بووە.
بەشێكی خەڵكی گەڕەك بە دەنگی تەقەی تاپڕ و وەڕینی سەگ و زروقەی سەگ بەیانییان بە خەبەردێن. "ئەوانەی لە ناوچەكەی ئێمەدا نەبن، نازانن چەند بەدەست سەگی بەرەڵاوە گرفتارین، زۆر كەس بێ ترس ناوێرن تا دوكان و ماركێتێك بڕۆن، بە تایبەت لە شەواندا، دەترسن سەگی بەرەڵا پەلاماریان بدات" مازن عەبدوڵا، دانیشتوی سێكانیان وای وت.
ئەو هاوڵاتییە دەڵێت خێزانەكەی هێندە ترساون لە سەگی بەرەڵا تا گەڕانەوەی ئەو لە كاسبی ناتوانن چەند كۆڵانێك لەماڵەكە دوربكەنەوە و پێداویستیی رۆژانە بكڕن.
(كەركوك ناو) لەگەڵ چەندین هاوڵاتی ئەو گەڕەكە و ناوچەی خەزاری كەركوك قسەی كردووە، كە پێشتر هەمان هەڵمەتی لەناوبردنی سەگی بێنەوای تێدا بەڕێوەچووە، زۆرینە لەگەڵ نەهێشتنی سەگەكاندان بەڵام بە شێوازی جیاواز، یان لانیكەم كوشتنیان دور لە چاوی خەڵك.
پێشتر بەهۆی نەبونی فیشەكی تاپڕ و بودجەوە لەناوبردنی سەگی بێنەوا راگیرابوو
ژمارەیەك لەو سەگانەی لەناوبران لە سێكانیان، بەبەرچاوی هاوڵاتیانەوە تەنانەت منداڵیشەوە بووە. "بەردەوام بەهۆی شێوازی لەناوبردنی سەگەكانەوە روبەڕوی رەخنە دەبینەوە، ئێمەش ئەگەر بودجەی تەواومان لەبەردەستدا بێت دەتوانین لەدەرەوەی شار شوێنی مانەوەیان بۆ تەرخانبكەین یان دەرزی نەزۆكییان لێبدرێت تا زاوزێ نەكەن و زیادنەكەن" بەوتەی لێپرسراوی لیژنەكانی قایمقامیەت.
هاوڕێ رەحمان وتی هەمان لیژنەی لەناوبردنی سەگی بەرەڵا پێشتریش هەبون بەڵام بەهۆی نەبونی "فیشەكی تاپڕ و بودجەی تایبەتەوە كارەكانیان راگیرابوو".
لە ساڵانی 2017 و 2018دا، ئیدارەی كەركوك بە چەندین هەڵمەتی جیاواز زیاتر لە سێ هەزار سەگی بە فیشەك لەناوبردووە.
ڤیدیۆ: هەڵمەتی لەناوبردنی سەگی بێنەوا لە گەڕەكی سێكانیانی كەركوك / حوزەیرانی 2021
دانا غازی، ئەندامی ئەنجومەنی گوندی سێكانیان دەڵێت چەند ساڵێكە ئەوان بەدەست سەگی بەرەڵاوە دەناڵێنن، "منداڵان ئێواران ناتوانن بچنە بەر دەرگا و یاری بكەن یان لەكاتی هاتنەوەدا لە خوێندنگە روبەڕوی مەترسی زۆر دەبنەوە، چونكە پێشتر توشی كارەساتی وابونەتەوە".
ئەو روداوەی ئەنجومەنەكە باسی دەكات لە ئەیلولی 2018دا بوو، كاتێك كوڕێكی تەمەن چوار ساڵ لە نزیكی ماڵی خۆیان لە سێكانیان بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە گیانیلەدەستدا.
هاوكار سەعید، باوكی ئەو منداڵە بە (كەركوك ناو)ی وت "چوار سەگی بەرەڵا پەلاماری ئەنەس-ی كوڕیاندام كاتێك دەیویست لەماڵەوە بێت بۆ لای من كە سەرقاڵی كرێكاری بوم لە خانویەكی كۆڵانی پشتمانەوە"، هەر ئەوەش وایكردووە هاوكار بەردەوام یەكێك بێت لەوانەی بە توندی پاڵپشتی نەهێشتنی سەگی بەرەڵا بكات.
تیمەكانی ئیدارەی پارێزگای كەركوك، لە سەرەتای هەڵمەتەكەیانەوە، بە نزیكەی لەماوەی سێ هەفتەدا، 550 سەگی بەرەڵایان بە تاپڕ لەناوبردووە، بەپێی ئەو ئامارەی لیژنەكانی قایمقامیەت بە (كەركوك ناو)یان داوە.
تەنیا لە گەڕەكی سێكانیان، ئەو پۆلیسەی تاپڕەكەی بەدەستەوە بوو، لەسێ كاتژمێری ئەو رۆژەدا 45 سەگی كوشتبوو.
رەچاوی پاراستنی سەگی شیردەر و بێچوو دەكرێت و لەناو نابرێن
ئەو سەگانەی دەكوژرێن، پێشوەختە هیچ پشكنینێكیان بۆ ناكرێت، تا لە هەبونی نەخۆشی و رادەی مەترسییان بۆ كۆمەڵگە دڵنیاببنەوە.
"لەو هەڵمەتەدا رەچاوی پاراستنی سەگی شیردەر و بێچوو دەكرێت، ئەوانە لەناو نابرێن، چونكە زیانیان بۆ هاوڵاتیان نییە و نەخۆشییان نییە" بەوتەی هاوڕێ رەحمان.
بەپێی بەدواداچونی پەیامنێری (كەركوك ناو) لە گەڕەكی سێكانیان بێچوی سەگ و سەگی شیردەر لەناو نەبراون.
كۆمەڵێك نەخۆشی هەن لەڕێی سەگەوە دەگوازرێنهوه بۆ مرۆڤ، لە نێویاندا نەخۆشییهكانی تورەكەی ئاو و هاری سهگ، له ههندێك حاڵهتیشدا كوشندهن.
شكۆفە محەمەد، چالاكوانی مەدەنی رەخنەی لە هەڵمەتەكەی ئیدارەی كەركوك هەیە و دەڵێت "لە هەموو ئایینەكاندا داواكراوە پیرۆزی مرۆڤ و ئاژەڵەكان بپارێزرێن.. لە پرۆگرامەكانی خوێندنیش بەهەمانشێوە داوای پاراستنیان دەكرێت، بۆیە ئەوەی ئێستا بە بەرچاوی هاوڵاتیان و منداڵانەوە رودەدات دورە لە كاری مرۆڤایەتییەوە".
لەكاتێكدا بەپێی یاسای تهندروستی ئاژهڵی ساڵی 2013، له ههر پارێزگایهكی عیراق، لیژنهیهك پێكدههێنرێت به هاوكاری هێزه ئهمنییهكان بۆ لهناوبردنی سهگی بهرهڵا.
"سەگ بەوەفاترین ئاژەڵە و نزیكترین ئاژەڵە لە مرۆڤەوە، خەڵك تەنانەت بە پارەی زۆر دەیكڕن و بەخێوی دەكەن، بۆیە رێگای دروست ئەوەیە كۆبكرێنەوە و لە دەرەوەی شار شوێنێك بۆ پاراستنیان تەرخانبكرێت، لەوێ بەخێو بكرێن" شكۆفە بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
پەیامنێری (كەركوك ناو) چەندین دیمەنی كوشتنی سەگەكانی تۆماركردووە كە لە خوێنی خۆیاندا دەگەوزێن. دواتر، كارمەندێكی تیمەكە قاچێكی سەگەكە رادەكێشێتە پشتی دوو تەنییەكەوە، هەموو سەرشۆستەكە بووە بە خوێن و كەسیش پاكی ناكاتەوە.
تیمەكەی ئیدارەی كەركوك، ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری دوو تەن-ییان پێیە، هەر سەگێك دەكوژرێت، كارمەندانی شارەوانی هەڵدەگرنەوە و دەیخەنە ناو ئۆتۆمبێلەكە، دواتر رەوانەی ناوچە دورە دەستەكانی دەكرێن و لەوێ دەخرێنە ژێر گڵەوە یان دەسوتێنرێن.
جەنگ دژی سەگەکان تەنیا لە كەركوك نییە؛ لە چەندین شاری دیكەی عیراق هەڵمەتی لەناوبردنی سەگ بەردەوامە. لە شوباتی 2020یشدا، ئیدارەی پارێزگای نەینەوا، نزیكەی 200 سەگی لەناو شاری موسڵ بە ژەهرخواركردن كوشت، به پاساوی بڵاوبونهوهی نهخۆشی و مهترسی لهسهر خهڵك. دواتر، لە كانونی دوەمی 2021دا، ئیدارەی ناحیەی سنونێ لە قەزای شنگالیش 40 سەگی ژەهرخوارد كرد.