مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران، لە چوار پارێزگای عیراق لە نێویاندا كەركوك، نەینەوا و سەڵاحەدین، لیژنە بۆ رەخساندنی زەمینەی ئاشتیی و پێكەوەژیان پێكهێناوە و لەوبارەیەوە داوای پێشنیازی لێكردون.
پێكهێنانی ئەو لیژنانە دوای كۆنفرانسێك هات لە بەغدا لە نیسانی ئەمساڵ، كە ئامانج لێی رەخساندنی زەمینەی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بوو لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی ئەو چوار پارێزگایە و لە ئێستادا لیژنەكان بۆ نوسینەوەی راسپاردە و پێشنیاز دەستبەكاربون.
ئاهەنگ ئەنوەر، پارێزەر و ئەندامی لیژنەكەی كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت "لیژنەكان لەلایەن نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عیراقەوە سەرپەرشتی دەکرێن... ئەو لیژنانە لە چوار پارێزگای عیراق كاردەكەن و هەموو نەتەوەكان تیایدا بەشدارن".
لیژنەكان لەلایەن نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عیراقەوە سەرپەرشتی دەکرێن
كاری لیژنەكان نوسینەوەی راسپاردە و پێشنیازە بۆ نوسینگەی سەرۆك وەزیران لەبارەی ئەوەی چۆن زەمینەی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بە ئامانجی پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان نەتەوە و ئایینەكان بڕەخسێنرێت، بەپێی وتەی ئاهەنگ.
لیژنەی كەركوك 12 ئەندامن، هەریەكە لە عەرەب و كورد چوار ئەندام، توركمان سێ ئەندام و كریستیان ئەندامێكیان لە لیژنەكەدا هەیە.
"چەند دانیشتنێکمان ئەنجامداوە، هەموومان پێکەوە ئیمزای پڕۆتۆکۆڵێکمان کردووە"، بەبێ ئەوەی وردەكاریی باس بكات، ئاهەنگ جەختیكردەوە لەوەی كە پێشنیازەكانیان پێشكەشی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكەن و دواجار ئەو بڕیار لەسەرە ئەوە دەدات بە چ شێوەیەك كاربكرێت بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی و پێكەوەژیان لە نێوان نەتەوە و ئایینەكانی ئەو چوار پارێزگایە.
لە پاڵ كەركوك، نەینەوا و سەڵاحەدین، ئەنباریش یەكێكە لەو پارێزگایانەی لیژنەی هاوشێوەی پێكهێناوە.
"لەحاڵەتی پەسەندكردنی پێشنیازەكانمان لە زانكۆ و پەیمانگەكانەوە دەستپێدەكەین، لەگەڵ گەنجان و ژنانی پێكهاتە جیاوازەكان گفتوگۆ دەكەین، كۆبونەوە لەگەڵ لایەنە ئەمنیی و سیاسییەكان دەكەین هەموو ئەمانە لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتیی نێوان پێكهاتەكان دەبێت"، ئاهەنك وایوت.
زیاتر وتی "دۆخی کەرکوک و پارێزگاکانی دیکەی عیراقیش لەڕوی سیاسی، ئابوری، ئەمنیی و کۆمەڵایەتییەوە نالەبارە و ناوبەناو گرژی هەیە، بۆیە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەیەوێت لەمکاتەدا دەرگای ئاشتیی و پێکەوەژیان لە نێوان نەتەوەکاندا واڵا بکات".