بەنزینخانە حكومییەكان قەرەباڵغ دەبن
شۆفێران گومانیان هەیە و ئیدارەی كەركوكیش دەڵێت فشارمان لەسەرە

كه‌ركوك/ته‌مموزی 2017/ بازاڕێكی میللی شاره‌كه‌ له‌ نزیك قه‌ڵا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

گۆران بابان - كەركوك

شۆفێرانی كەركوك گومانیان هەیە لە داخستنی بەنزینخانە حكومییەكان لە كاتژمێر 8ی هەموو شەوێك و پێیانوایە بۆ "ناچاركردنی شۆفێرانە" تا لە بەنزینخانە ئەهلییەكان بە نرخێكی گرانتر بەنزین بیكڕن، بەڵام ئیدارەی كەركوك جەختدەكاتەوە لەوەی فشاری شۆفێرانی پارێزگاكانی تر و بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ هۆكاری سەرەكی قەرەباڵغیی بەنزینخانەكانە.

ئیدارەی پارێزگای كەركوك لەڕێی 22 بەنزینخانەی حكومییەوە هەفتانە بۆ هەر ئۆتۆمبێلێكی تایبەت 40 لیتر بەنزین و بۆ تەكسی 80 لیتر دابەشدەكات، ئەوەش لەڕێی كۆبۆنی بەنزینەوە كە بۆ هەر لیترێك 450 دینار لە شۆفێران وەردەگرێت. لەكاتێدا لەو بەنزینخانە ئەهلییانەی بەنزین لە بازاڕی رەش دەكڕن بۆ هەر لیترێك 725 دینار وەردەگرن.

تا چەند رۆژی رابردوو پرۆسەكە لە بەنزینخانە حكومییەكاندا بە باشی بەڕێوەدەچوو و لە چەند خولەكێكی كەمدا شۆفێران بەنزینیان وەردەگرت، بەڵام لە ئێستادا قەرەباڵغی لە بەنزینخانەكان دروستبووە.

جوانڕۆ سەردار، شۆفێر، لە وێستگەی شەرقییەی حكومی لەسەرەدابوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "نزیكەی كاتژمێرێكە لەم بەنزینخانەیە لەسەرەدام، فشارێکی زۆر لەسەر بەنزینخانە حکومییەکان دروستبووە، گومانمان هەیە بە ئەنقەست بەنزینخانە حكومییەكان قەرەباڵغ بكەن تا خەڵك ناچاربێت بچێت لە بەنزینخانە ئەهلییەكان بەنزین بكڕێت".

banzin-1
كەركوك/حوزەیرانی 2019/ شۆفێرێك لەكاتی وەرگرتنی بەنزین لە یەكێك لە بەنزینخانەكانی شارەكە فۆتۆ: سۆران محەمەد

گومانی ئەو لەوەدایە كە بەشێك لە لێپرسراوانی شارەكە پشكیان لە بەنزینخانە ئەهلییەكاندا هەبێت.

جوانڕۆ وتی "725 دنیار بۆ هەر لیترێك بەنزین بۆ ئێمە زۆر زۆرە و ناتوانین لە بەنزینخانە ئەهلییەكاندا بەنزین بكڕین، بۆیە داواكارین حكومەت چاودێری بەنزینخانە حكومییەكان بكات".

پێشتر بەنزینخانە حكومییەكان لە 8ی بەیانی تا 10ی شەو كراوە بون، بەڵام لەئێستادا دوو كاتژمێر كەمكراوەتەوە و تا 8ی شەو بەنزین دابەشدەكرێت. ئەوەش لە چوارچێوەی بڕیارەكانی شانەی قەیرانی كەركوك بۆ جێبەجێكردنی قەدەغەی هاتوچۆ لە دوای كاتژمێر 8ی شەو.

بەڵام بەپێی بەدواداچونی پەیامنێرانی (كەركوك  ناو)، بڕیاری قدەغەی هاتوچۆ تەنیا یەك شەو جێبەجێكراوە، بەڵام بەنزینخانەكان هەر تا كاتژمێر 8ی شەو كراوەن.

سامر عەتوان، شۆفێری تاكسییە، وتی "دوو كاتژمێرم پێویستە تا بتوانم 40 لیتر بەنزین وەربگرم، چونكە بەنزینخانەكان قەرەباڵغ بون... جاران تا 10ی شەو بەنزین دابەشدەكرا، ئێستا 8ی شەو دادەخرێن".

دوو كاتژمێرم پێویستە تا بتوانم 40 لیتر بەنزین وەربگرم

فەرمانگەی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک، رۆژانە یەك ملیۆن و 100 هەزار لیتر بەنزین لەڕێی 22 بەنزینخانەی حكومیی و ئەهلییەوە دابەشدەكات، بەڵام لە ئێستا بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە لە بەغدایە تاوەكو پكشی كەركوك بۆ دوو ملیۆن لیتر زیاد بكات، ئەوەش پەپێی غەسان وادی، لێپرسراوی راگەیاندنی فەرمانگەی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك.

ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "هەر ئۆتومبێلێک لە ناوەڕاست و باشوری عیراقەوە بەرەو هەرێمی كوردستان بڕوات، لە كەركوك بەنزین وەردەگرێت، ئەوەش دەبێتە فشار لەسەر ئێمە".

بەشێك لە شۆفێرانی دەرەوەی پارێزگای كەركوك، كۆبۆنی بەنزین لە بازاڕی رەش دەكڕن و لە بەنزینخانە حكومییەكانی ئەو شارە بەنزین وەردەگرن، ئەوەش وەك هۆكارێكی تری فشار لەسەر ئیدارەی كەركوك دادەنرێت.

بۆ كەمكردنەوەی ئەو فشارە، فەرمانگەی دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەركوك بڕیاریداوە كاتی دابەشكردنی بەنزین لە دوو بەنزیخانەی حكومی تا 12ی شەو درێژبكاتەوە و لە شەوی رابردووەوە چووە بواری جێبەجێكردنەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT