حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵدایە شەهیدانە بۆ پێشمەرگە دیل و بێسەروشوێنەكانی شەڕی داعش ببڕێتەوە، لەكاتێكدا هێشتا كەسوكاری بەشێكیان بەدوایاندا دەگەڕێن، هەندێكیان ئومێدیان ماوە لە ژیاندابن یان لانیكەم لە گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا تەرمەكانیان بدۆزنەوە.
لە دوایین هەنگاودا دەربارەی دۆسیەكە، كەسوكاری بەشێك لە پێشمەرگە دیل و بێسەروشوێنەكان 7ی حوزەیرانی 2021 لە هەولێر سەردانی ئەمینداریەتی وەزارەتی پێشمەرگەیان كرد.
جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە (كەركوك ناو)ی وت "هەندێك داوكارییان هەبوو دەربارەی ئیمتیازات و موچەی شەهیدانە كە پەیوەستە بەژیان و خێزانیان، بەڵێنماندا هاوكارییان بكەین".
له ناوهڕاستی 2014وه و بههۆی شهڕی دژ به داعشهوه، زیاتر له 62 پێشمهرگه به دیل كهوتنه دهستی ئهو رێكخراوه یان بێسەروشوێن بون، ئەوەش بەپێی ئامارەكانی حكومەتی هەرێم، كە 21 كەسیان خەڵكی كەركوك بون.
عیرفان بەرزنجی، نوێنەری پێشمەرگە دیلەكان بە (كەركوك ناو)ی وت "لیوا و لایەنی بەرپرس لە پێشمەرگە دیلەكان داوایان لە كەسوكاری بێسەروشوێنەكان كردووە تا دەست بە مامەڵەی شەهیدانە بۆ كوڕەكانیان بكەن، ئەوەش بۆتە گرفت، چونكە كەسوكاری بەشێكیان قایل نین و پێیانوایە كوڕەكانیان لە ژیاندا ماون، بەشێكی دیكەشیان لە ناچاریدا مامەڵەی شەهیدانە دەكەن".
كهسوكاری پێشمهرگه دیلهكان چهندجارێك له بهردهم پهرلهمان و ئهنجومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان، بینای پارێزگای كهركوك و بارهگای نهتهوه یهكگرتوهكانی له ههولێر گردبونهوهیان ئهنجامداوه و داوای یهكلاییكردنهوهی چارهنوسیان دهكهن، بهڵام بێ ئهنجام بووه.
"سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەمان كرد و بەڵێنی هاوكارییان دا، بەڵام ئەوەی ئێمە دەمانەوێـ جیاوازە، چونكە زانیاری هەیە بەشێك لەو پێشمەرگانە لە ژیاندابن و لەئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی دژی داعش لە موسڵ و حەویجە رزگاركرابن، بەڵام ئێستا لە زیندانەكانی عیراق بن" بەوتەی بەرزنجی.
هەروەها وتی ژمارەیەك گۆڕی بە كۆمەڵ لە كەركوك و ناوچەكانی تر دۆزراونەتەوە و گوماندەكرێت روفاتی ژمارەیەك لە پێشمەرگە دیلەكانی تێدا بێت بۆیە داوای هاوكاری دەكەن تا هەڵبدرێنەوە.
لیژنهی مافهكانی مرۆڤ له خولی پێشوی ئهنجومهنی نوێنهران، به تایبهت ئهندامانی كوردی ئهو لیژنهیه، سهرهتای 2018 هەوڵیاندا لەڕێی وهزارهتی دادی عیراقەوە بەدوای چارهنوسی پێشمهرگه دیلەكان له ناوچه كۆنتڕۆڵكراوهكان یاخود زیندانی هێزه عیراقییهكاندا بگەڕێن، بهڵام هیچ زانیارییهكیان دهستنهكهوت.
جەبار یاوەر وتی "هیچ زانیاری و هەواڵێكی نوێ دەربارەی پێشمەرگە بێسەروشوێنەكان نییە".
به نادیاری مانهوهی چارهنوسی پێشمهرگهكان له كاتێكدایه، بەپێی هێزە سەربازییەكانی عیراق و سوریا، داعش لەو دوو وڵاتەدا هیچ ناوچەیەكی لەژێر دەستدا نەماوە.
ڤیدیۆ: ناوبازاڕی حەویجە، ئەو شوێنەی داعش لە 2015دا ژمارەیەك پێشمەرگەی دیلی تیادا نمایشكرد / ئەرشیفی كەركوك ناو
شاخەوان زاهیر، برای ئاسۆ كە یەكێكە لە پێشمەرگە دیلەكانی دەستی داعش بە (كەركوك ناو)ی وت "بەداخەوە كەس پاڵپشتیمان ناكات، سەرەتا داعش ئامادەبوو بە دیل بەدیل پێشمەرگەكان ئازادبكات بەڵام بەرپرسانی پێشمەرگە ئامادەی رێككەوتن نەبون و ئێستا گوێ لە داواكاری كەسوكاریان ناگرن".
ئەو دەڵێت دوای هەوڵێكی زۆر توانیویەتی لە نێو زیندانێكی كەركوك چاوی بە سەركردەیەكی دەستگیركراوی داعش بكەوێت و لەزاری ئەوەوە زانیویەتی روفاتی چەندین پێشمەرگەی دیل لە چەند گۆڕێكی قەزای حەویجە و سەربازگەی بەگارەی كەركوكن.
"ئەو بەرپرسەی داعش بە وردی باسی ئەوەیكرد چۆن پێشمەرگەكان شەهیدكراون، تەنانەت وتی روفاتی 10 پێشمەرگە لە گۆڕەكانی بەگارەیە و چوار روفاتیش لە نێو باخی ماڵی دادوەری حەویجەیە" بەوتەی شاخەوان.
هەروەها وتی "ئێمە هیچمان ناوێت... تەنیا هاوكاریمان بكەن تا گۆڕەكان هەڵبدرێنەوە و روفاتی كەسوكارمان بهێنینەوە و چیتر لە چاوەڕوانیدا نەمێنینەوە".
هەڵدانەوەی گۆڕەكانی سەردەمی شەڕی داعش پێویستی بەبڕیاری حكومەتی فیدراڵی عیراق هەیە و هەر ئەوانیش سەرپەرشتی دەرهێنانی روفاتەكان و پشكنینەكان دەكەن.