ئارى بابان، ئەندامی مەكتەبی راگەیاندن و رۆشنبیری لە ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك – گەرمیانی پارتی، ئاشكرای دەكات كە سەردانەكەیان بۆ كۆمیتەی محەلی حزبی شیوعی لە كەركوك تەنیا هاوڕێیانە بووە و پەیوەندی بە حزبەوە نییە، جەختیشدەكاتەوە لەوەی كە وەكو وەفد نەڕۆیشتون.
ئاری لە رونكردنەوەیەكدا كە بۆ (كەركوك ناو)ی ناردووە، دەڵێت "هەڵە تێگەیشتنێك هەبووە لەو سەردانە هاوڕێیانەی ئێمەدا، ئەوەش ئەوەیە ئێمە نە لەلایەن لق و نە لەلایەن حزبەوە رانەسپێردراوین بۆ كۆبونەوە لەگەڵ هیچ لایەنێك، شێخ سدیق، بەرپرسی كۆمیتەی محەلی حزبی شیوعی هاوڕێمانە و وەكو هاوڕێ و رۆژنامەنوس سەردانمان كردووە، نەك وەك ئەوەی لە هەندێك تۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاكراوەتەوە گوایە ئێمە وەفدی رەسمی بوین".
یەكشەممە، 27ی حوزەیران كۆمیتەی محەلی حزبی شیوعی كوردستان لە كەركوك، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك وێنەیەكی بەرپرسی كۆمیتەكە و ژمارەیەك كادیری پارتی بڵاوكردەوە، وەكو وەفدی پارتی ناوی برد، بەڵام لە رونكردنەوەكەدا هاتووە "هەڵە تێگەیشتن هەبووە".