جڤاتی روحانی ئێزیدی، تۆماركردنی كلیپی هونەری لە پەرستگای لالش قەدەغە دەكات و رێگەنادات هیچ ئافرەتێك بەبێ لەچكەوە بچێتە پەرستگاكە، ئەوەش دوابەدوای ناڕەزایی دێت دژی كلیپی هونەرمەندێكی گۆرانیبێژ.
هەفتەی رابردوو ژمارەیەك لە چالاكوان و رۆشنبیری ئێزیدیی و تەنانەت جێگری میری ئێزیدییان لەرێی (كەركوك ناو)ەوە داوایان لە وەزارەتی رۆشنبیری حكومەت هەرێمی کوردستان كرد كلیپێكی هونەرمەند رۆژین بەر لە بڵاوكردنەوەی رابگرێت و تۆمەتباریان كرد بەوەی كلیپەكە "سوكایەتی" بە پیرۆزییەكانی لالش كردووە.
هونەرمەند رۆژین كاری وێنەگرتنی گۆرانییەكی نوێی لەناو حەرەمی پەرستگای لالش – پیرۆزترین شوێنی ئێزیدییەكان لە جیهان - تەواوكرد، بەڵام چەند وێنە و گرتە ڤیدیۆییەك كە لەكاتی تۆماركردنی كلیپەكەدا گیراون و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكرانەوە، ناڕەزایی دروستكرد.
ئەحمەد مشکۆ، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن لە نوسینگەی بابەشێخی ئێزیدیان بە (کەرکوک ناو)ی وت جڤاتی روحانی تاوتوێی ئەو "زیادەڕۆییانەی" كرد لە كلیپەكەی هونەرمەند رۆژین هەبون و بەكۆی دەنگ دوو بڕیاری دەركردووە.
"بڕیاری یەكەم ئەوەیە هەر ژن و كچێك دەچێتە زیارەتی لالش دەبێت جلوبەرگی گونجاو بێت بە پیرۆزییەكانی لالش و روت نەبن، پێویستە لەچكی سپی لەسەری ببەسێت" بەوتەی مشكۆ.
هەروەها وتی لە بڕیاری دوەمدا هاتووە "دروستكردن و تۆماركردنی كلیپی هونەری لەناو حەرمی لالش قەدەغەیە، هەر كەسێك بچێتە حەرەمی لالش دەبێت پێڵاوی لە پێدا نەبێت، ئەوەش پێشتر هەر قەدەغە بووە بەڵام لەمەودوا رێكارەكە توندتر دەكرێت".
ڤیدیۆ: دیمەنێكی كاتى تۆماركردنی كلیپەكەی رۆژین لەناو حەرمی لالش كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەیكان بڵاوبۆتەوە
دهزگای بهرێوهبردنی ئێزیدییان له جڤاتی روحانی و سهرۆكی جڤات (میر)، بابه شێخ، شێخی وهزیره و سهرۆكی قهوالان پێكهاتوون، ههموو ئهوانهش له دهزگاكهدا ئهندامن و بڕیار و فهتواكانی تایبهت بهو پێكهاتهیه دهردهكهن.
لە چەند گرتەیەكدا كە بۆ كلیپەكەی هونەرمەند رۆژین گیراوە، ژمارەیەك كچ و كوڕی ئێزیدی بە جلوبەرگی ئایینی خۆیانەوە هەڵدەپەڕن، ستافی وێنەگر و تیمی هونەری هونەرمەند رۆژین بەشێكیان بە سێچارەكەوە وێنەدەگرن، رۆژینیش چەپڵە لێدەدات و هەڵدەپەڕێت.
(كەركوك ناو)، پێشتر نەیتوانی دەستی بگات بە تیمی هونەرمەند رۆژین، تا بۆچونی خۆیان لەسەر نیگەرانیی ئێزیدییەكان بڵێن. بەڵام هونەرمەند رۆژین ئێوارەی 19ی حوزەیران، لە نوسینێكیدا لەبارەی ئەو كلیپەوە، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، دەڵێت "من رێزم بۆ ئایین و هەموو پیرۆزییەكانی ئێزیدی هەیە... كلیپێكی خۆش و سەركەوتومان كردووە، بۆ پشتگیری كچانی خۆمان، سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەم كە هاوكارییان كردون، لەوانەش میر حازم تەحسین بەگ و هەموو خزمەتكارانی لالش و بابا چاوش". لەگەڵ ئەو نوسینەیدا گرتەیەكی كلیپەكەی بڵاوكردۆتەوە.
پەرستگاى لالش لە قەزای شێخان لە دەشتی نەینەوا، پیرۆزترین شوێنى ئایینی ئێزیدییەكانە لە هەموو جیهان، لەناو ئەو پەرستگایەدا تەواوى رێوڕەسمەکانى ئایینى ئێزیدی تێدا سازدەکرێن.