حكومەتی هەرێمی كوردستان، رێگە بە هاوڵاتیانی ئاوارە نادات مۆڵەتی گشتی شۆفێری بەدەستبهێنن و كاری تاكسی بكەن، ئەوەش ناڕەزایی دەیان خێزانی لێكەوتۆتەوە.
بەپێی بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم هەر هاوڵاتییەك ئاوارە ئۆتۆمبێلی جۆری تاكسی هەیە پێویستە تا سەرەتای ئابی 2021 واز لەو كارەی بهێنێت.
"بەهۆی ئەو بڕیارەوە گوزەرانمان هێندەی دیكە خراپ دەبێت، چونكە ئەگەر نەتوانم كاری تاكسی بكەم چۆن خێزانەكەم بژێنم، كە من هیچ موچەیەكم نییە و خێزانەكەشمان هیچ داهاتێكی دیكەیان نییە" سەمیر ئەلیاس خدر، ئاوارەی قەزای شنگال لەكەمپی بێرسیڤی زاخۆ وای وت.
سەمیر لەگەڵ ماڵی باوكیدایە و بژێوی خێزانێكی هەشت كەسی لەسەرە، بۆیە سێ ساڵ لەمەوبەر ئۆتۆمبێلێكی جۆری تاكسی كڕیووە و لەوكاتەوە كاردەكات.
بەهۆی ئەو بڕیارەوە گوزەرانمان هێندەی دیكە خراپ دەبێت
"لە خێزانەكەدا تەنیا من دەتوانم كاربكەم، براكانم بچوكن و باوكم تەمەنی زۆرە، منیش رۆژانە 10 تا 25 هەزار دینارم دەستدەكەوێت، هیوادارم لەو ئیشە بێبەشمان نەكەن".
سەمیر بۆ (كەركوك ناو) رونیكردەوە هاتوچۆ دوو هەفتە لەمەوبەر مۆڵەتیان وازهێنان لە كاری تاكسییان بۆ داناوە، "وتیان تۆ پشتگیری نیشتەجێبونت لە شنگالە، تا ئەو پشتگیرییەشت نەبێت ئۆتۆمبێلەكە بەناوی خۆتەوە ناكرێت و ناتوانیت شۆفێری تاكسی بكەیت".
بەپێی بڕیارەكانی هاتوچۆی هەرێم پێویستە هەموو تاكسییەك لەزگەی تایبەت بەكاری تاكسی لە ئۆتۆمبێلەكانیان بدەن، هەر كەسێكیش ئۆتۆمبێل بەناوی خۆیەوە نەبێت ئەو لەزگەیەی بۆ ناكرێت و ناتوانێت كار بكات.
ئازاد تەها، لێپرسراوی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی دهۆك بە (كەركوك ناو)ی وت "هیچ هاوڵاتییەكی ئاوارە و پەنابەر چیتر موڵەتی گشتی شۆفێرییان پێنادرێت، واتە ناتوانن بەهیچ شێوەیەك كاری تاكسی بكەن، لەبەرئەوەی پشتگیری شوێنی نیشتەجێبونی هەرێمیان نییە".
هەروەها جەختیكردەوە ئەو بڕیارە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دەركراوە بۆ هەموو كوردستان نەك تەنیا دهۆك.
هیچ هاوڵاتییەكی ئاوارە و پەنابەر چیتر موڵەتی گشتی شۆفێرییان پێنادرێت
تۆماركردنی ئۆتۆمبێل بەناوی كڕیارەوە پێویستی بە پشتگیری نیشتەجێبون هەیە كە لە شارەكانی هەرێم بۆ هاوڵاتیانی ئاوارە ناكرێت.
"چەندینجار داوای چارەسەری ئەو كێشەیەمان لە هاتوچۆ كردووە، تا بتوانین ئۆتۆمبێلەكان بخەینە سەر ناوی خۆمان و كاری تاكسی بكەین، بەڵام گوێمان لێناگیرێت، بۆیە ناچارین تاكسییەكانمان بفرۆشین و كرێكاری بكەین" بەعقوب یوسف، ئاوارەی كەمپی كەبەرتوی دهۆك بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
لە كەمپ و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 665 هەزار ئاوارەی ناوخۆیی هەن كە زۆرینەیان خەڵكی پارێزگای نەینەوان، ئەوەش بەپێی دوایین ئامارەكانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم.