ژمارەیەك لە هاوڵاتیانی خانەقین بۆ رۆژی دوەم رێگای نێودەوڵەتی نێوان عیراق و ئێرانیان داخست بەهۆی كەمی كاتژمێرەكانی كارەبای نیشتمانییەوە.
بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی تەمموزی 2021 هاوڵاتیانی ناڕازی خانەقین لەسەر رێگای سەرەكی قەزاكە بەرەو سنوری ئێران گردبونەوە و داوادەكەن چارەسەری كێشەی كارەبا بكرێت.
كارەبای خانەقین لە ئێرانەوە دابیندەكرێت و چەند رۆژێكە لەو وڵاتەوە بڕاوە بۆیە لە شەو و رۆژێكدا تەنیا پێنج كاتژمێر كارەبا بە هاوڵاتیان دەگات لەكاتێكدا پلەكانی گەرما نزیكەی 50 پلەی سیلیزییە.
"لە زۆربەی ناوچەكانی خانەقین كارەبا نییە، یان كەمترە لە پێنج كاتژمێر، بەهۆی راگرتنی دابینكردنی كارەبا لەلایەن ئێرانەوە" حەمدان شامار بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
شامار دانیشتوی خانەقین و یەكێكە لە رێكخەرانی ناڕەزایی دژی خراپی بارودۆخی خانەقین.
ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 30ی حوزەیرانیش هاوڵاتیانی خانەقین بۆ ماوەی زیاتر لە سێ كاتژمێر رێگای نێودەوڵەتی نێوان عیراق و ئێرانیان داخست.
شامار بارودۆخی خەڵكی خانەقین بە "تراژیدی" وەسف دەكات و دەڵێت لەبەر ئەوە رێگا نێودەوڵەتییەكەیان داخستووە تا ببێتە فشار لەسەر حكومەتی فیدراڵی و وەزارەتی كارەبا بۆ چارەسەری قەیرانی كارەبا.
هەروەها هۆشداریدا ئەگەر حكومەت وەڵامیان نەداتەوە گردبوەنەوەكانیان بەردەوام دەبن و رێگا سەرەكییەكە ناكەنەوە.
ئەو رێگایە مەرزی مونزرییەی نێودەوڵەتی لەسەر كە دەروازەیەكی سەرەكی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عیراق و ئێرانە.
سەرچاوەیەكی لە كارەبای خانەقین كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ی وت لە كاتژمێر 10ی بەیانی چوارشەممە 30ی حوزەیرانەوە تائێستا ئێران كارەبای بۆ قەزاكە راگرتووە.
هۆكارەكانی بڕینی كارەبا لەلایەن ئێرانەوە تائێستا نەزانراوە و ئەو وڵاتە رونكردنەوەی نەداوە، بەوتەی سەرچاوەكە، كە تا ئەو كارەبایەی ئێران نەگەڕێتەوە كێشەكە چارەسەر نابێت و ئەو بڕە وزە كەمەی ئێستا هەیە لە تۆڕی نیشتمانی عیراقییەوە دابیندەكرێت.
حكومهتی عیراق، چهند ساڵێكه گرێبهستی لهگهڵ ئێراندا ههیه بۆ دابینكردنی كارهبای پارێزگای دیاله بهبڕی 470 مێگاوات.
یوسف ئیبراهیم، لێپرسراوی راگەیاندنی قایمقامیەتی خانەقین بە (كەركوك ناو)ی وت ئیدارەی قەزاكە هەوڵی چارەسەری كێشەكە دەدات و لە پەیوەندی بەردەوامدایە بۆ چارەسەری قەیرانی كارەبا.
ئێران لەڕێی هێڵی 132 كەیڤییەوە 120 مێگاوات كارهبا دابیندهكات و راستهوخۆ دهگاته وێستگەی خانەقین، لهوێشهوه بۆ ناوەندی ئەو قەزایە و ناحیهكانی جەلەولا، سەعدییە و قەرەتەپە دابهشدهكرێت.
هێڵێكی دیكهش له ئێرانهوه 350 مێگاوات كارهبا دهگهیهنێته ناوچهكانی باقوبه، بهنی سهعد، كهنعان، شارهبان و خالس له پارێزگای دیاله.