فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك داوا لە گوندنشینان دەكات هاوشانی هێزە ئەمنییەكان دژی چەكدارانی داعش بوەستنەوە و روبەڕویان ببنەوە، پێشیانوایە لەو رێیەوە دەتوانن گوندنشینان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و داعش لاواز بكەن.
ئەو داواكارییە لە سەردانێكی جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و فەرماندەی فیرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵی هات بۆ گوندی حەسەن شەلال سەر بە قەزای داقوق. سەردانەكە دوای دوو "هێرشی داعش" دێت بۆ سەر گوندنشینان و پۆلیسی فیدراڵی لەم هەفتەیەدا.
عەبدولڕەزاق سەلیم، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە سەردانەكەدا داوای لە گوندنشینان کرد ھەماھەنگی تەواویان لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان ھەبێت، تاوەکو رەوشی ئەمنی سەقامگیربێت.
ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "داواشمان لێكردن هاوشانی خەڵكی گوندی حەسەن شەلال روبەڕوی چەكدارانی داعش ببنەوە".
داوامان لە گوندنشینان كرد روبەڕوی چەكدارانی داعش ببنەوە
لە 30ی حوزەیران داعش هێرشیكردە سەر گوندی حەسەن شەلال و دوو كەسی لێ برینداركردن، بەڵام خەڵكی گوندەكە هاوشانی هێزە ئەمنییەكان چەكیان هەڵگرت و دژی داعش شەڕیان كرد. ئەوەش بووە جێی دەستخۆشی هێزە ئەمنییەكان.
سەردانی وەفدی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك بۆ ئەو گوندە، هەر لە چوارچێوەی ئەو روبەڕوبونەوەیەی خەڵكی گوندەكە هات دژی داعش.
"ئەوەی لەم گوندە رویدا ھاندەر و وزەبەخشە بۆ ھێزە ئەمنییەکان... كاتێك دەبینین گوندنشینان هاوسەنگەرن لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان و بە ژن و پیاوەوە دژی داعش شەڕ دەكەن، ئەمە خۆی لەخۆیدا پەیامێكیشە بۆ تیرۆریستان كە لەم ناوچەیە جێگەیان نابێتەوە". عەبدولڕەزاق سەلیم زیاتر وتی "دەمانەوێت گوندەكانی تریش هەماهەنگییان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان هەبێت، لەگەڵ سەرۆک ھۆزەکانی ناوچەكەش ھەماھەنگیمان دروستکردووە".
ئەوەی لەم گوندە رویدا ھاندەر و وزەبەخشە بۆ ھێزە ئەمنییەکان
لیوا حەیدەر متێری، فەرماندەی فرقەی پێنجی پولیسی فێدراڵی كە بارەگاكەیان لە باشوری قەزای داقوقە، بە (كەركوك ناو)ی وت "سوپاسی گوندی حەسەن شەلال و پۆلێسی فیدراڵی دەكەین بۆ ئەو روبەڕوبونەوەیەی دژ بە چەكدارانی داعش... داواكارین خەڵكی هەموو گوندەكانی ناوچەكە هاوكاری هێزە ئەمنییەكان بكەن".
لیوا حەیدەر كە لەو سەردانەی گوندی حەسەن شەلال بەشداربوو، وتی "پێویستە خەڵكی گوندەكان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەوان لەڕوی هەواڵگرییەوە هاوكاریمان بكەن و پێكەوە ناوچەكە بپارێزین... بە ھاوکاری دانیشتووانی ئەم گوندە توانیمان شکست بە پیلانی داعش بهێنن".
گوندی حەسەن شەلال 20كم لە ناوەندی قەزای داقوقەوە دورە، ناوچەكە نزیكەی سێ ساڵ لە ژێر دەسەڵاتی داعشدابوو، تا لە ساڵی 2017 كۆنترۆڵكرایەوە.
حەوت خێزان لەو گوندە دەژین و هێشتا زۆرینەی دانیشتنووانی ناوچەكە لەبەر دۆخی ئەمنی نەگەڕاونەتەوە.
فەلاح حەسەن شەلال، دانیشتوی گوندی حەسەن شەلال بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە ژن و پیاو چەكمان هەڵگرت و شەڕی داعشمان كرد و بەردەوام دەبین، داواكارین هەموو ئاوارەكان بگەڕێنەوە و پێكەوە ناوچەكە بپارێزین".
زۆرینەی گوندنیشانی ناوچەكە هەرچەندە لە كەمپەكانی ئاوارەییدا نەماون، بەڵام لە ناوەندی شار لە كەركوك و داقوق ماونەتەوە و هێشتا نەگەڕاونەتەوە.
ئەو داواكارییە بۆ گوندنیشنانی داقوق دوای هەفتەیەك دێت لە هێرشی ژمارەیەك چەكداری داعش بۆ سەر خاڵێكی پۆلیسی فیدراڵی لە شەوی 24ی حوزەیران لە باشوری داقوق، كە بەهۆیەوە پێنج كەس لە هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی كوژران و دوو ئەفسەر برینداربون، ئەوەش دوای نزیكەی سێ كاتژمێر روبەڕوبونەوە.