نەبیل حەمدی بوشناق، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی كەركوك ئاشكرای دەكات كە بەهۆی بچڕانی كارەباوە گرفتیان لە چۆنیەتی پاراستن و هەڵگرتنی ڤاكسینەكانی تایبەت بە كۆرۆنا بۆ دروستبووە، بەڵام جەختدەكاتەوە لەوەی "تائێستا هیچ ڤاكسینێك زیانی بەرنەكەوتووە".
ئەو وتانەی نەبیل بوشناق لە لێدوانێكی تایبەتدا هات بۆ (كەركوك ناو)، ئەوەش دوابەدوای خراپبونی رەوشی كارەبا دێت بەهۆی لەكاركەوتنی چەند وێستگەیەكەوە، هاوكات گرانی نرخی گازی مۆلیدەكان كە ناتوانن بە بەردەوامی كار بە مۆلیدەكان بكەن.
"ماوەی چەند رۆژێکە پچڕانی کارەبای نیشتیمانی لە كەركوك بۆتە گرفت بۆ فەرمانگەكەمان، ئەوەش ئەوەیە چۆن و بە چ شێوەیەك ڤاكسینەكان هەڵبگرین و بپارێزین"، بوشناق وایوت.
لەئێستادا هەرسێ جۆری ڤاكسینی كۆرۆنا سینۆفارم، فایزەر و ئیسترازێنكا لە كەركوك بەردەستە، فایزەر پێویستی بە 60 تا 90 پلەی ژێر سفر هەیە بۆ هەڵگرتنی، هەرچی ئیسترازێنكایە پێویستی بە دوو بۆ هەشت پلە ژێر سفرە، كە ئەوەش هاوتای ساردكەرەوەی ماڵانە، سینۆفارم-یش لە ساردكەرەوەی ئاساییدا هەڵدەگیرێت.
بوشناق وتی "تاکو ئێستا هیچ جۆرە ڤاکسینێک زیانی بەرنەکەوتووە... بەڵام داوا لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی كەركوك دەکەین بەشە گازمان بۆ زیادبکەن و نرخەکەی کەمتر بکەنەوە تا بتوانین هەر كاتێك كارەبای نیشتیمانی بڕا مۆلیدەكان ئیش پێبكەین".
بەر لە خرابپونی چەند وێستگەیەكی كارەبا لە پێنجشەممەی رابردوو یەكی تەمموز، پارێزگای كەركوك نزیكەی 16 كاتژمێر كارەبای نیشتیمانی هەبوو، كاتەكانی تر بە كاركردنی مۆلیدە ئەهلییەكان پڕدەكرایەوە.
بەڕێوەبەری تەندروستی كەركوك وتی "لەكاتێكدا كارەبا خراپ بووە، نرخی گازیش بەرزە كە بۆ هەر لیترێك دەبێت 576 دینار بدەین".
ئەو جەختیكردەوە "هەموو ڤاکسینەکان دەبێت لەنێو ئامێری فێنکكەرەوەدا هەڵبگیرێن بەو مانایەی نابێت كارەبابان لەسەر بكوژێتەوە".