دەستەی حەشدی شەعبی، سێ لیوای لە سنوری قەزای شنگال دەكشێنێتەوە كە لە 20 هەزار چەكدار پێكهاتون، ئەوەش دوای تێپەڕینی زیاتر لە چوار مانگ بەسەر جێگیركردنیاندا.
چەند هەفتەیەك لەمەوبەر هێزەكانی حەشدی شەعبی سێ لیوای پڕ چەكیان لە شنگال كشاندەوە كە لە شوباتی ئەمساڵدا و بە پاساوی رێگری لە هێرشی توركیا بۆ قەزاكە رەوانەی ناوچەكە كرابون.
خال عەلی، فەرماندەی حەشدی شەعبی لە شنگال بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو سێ لیوایە لە حوزەیرانی 2021دا كشاونەتەوە و لە شارەكانی دیكەی عیراق بڵاوەیانپێكراوە".
ئەو هێزە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی توركیا لە شنگال جێگیركرابون
رەوانەكردنی ئەو سێ لیوایە بۆ شنگال لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، هاوكات بوو لەگەڵ هێرشی توركیا بۆ سەر چیای گارە لە باكوری عیراق، كە هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) چەندین ساڵە لێی جێگیرن، هەروەها دوابەدوای هەڕەشەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا هات لە 22ی كانونی دووەم دەربارەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە عیراق و "هێرشكردنە سەر شنگال"، بەپێی هەواڵێكی ئەوكاتی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی.
"ئەو هێزە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی توركیا لە شنگال جێگیركرابون، بەڵام دوای چەند مانگێك دەركەوت هێرشەكە تەنیا دەنگۆی ناڕاست بووە، بۆیە لیواكان كشانەوە" بەوتەی خال عەلی.
ئەوەشی رونكردەوە سێ لیواكە لە چەند بنكە و بارەگایەكدا بون بە تایبەت ئەو شوێنانەی پێشتر سوپای عیراقی و ئاسایشی نیشتمانی تێدا بووە.
هەروەها وتی بۆردومانی ناوچەكانی شنگال لەلایەن توركیاوە بەردەوامە و ئەوانیش بۆ هەر هێرشێكی ئەو وڵاتە "ئامادەین و رێگەنادەین خاكی شنگال بكەوێتە بەر هێرشی توركیا".
"پاشەكشێی ئەو سێ لیوایە هیچ بۆشاییەكی ئەمنی دروستناكات، چونكە لە بنەڕەتدا هێزەكە وەك یەدەگ و ئامادەكاری بۆ بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەی توركیا هاتبون" خال عەلی وادەڵێت.
فەرماندەی حەشدی شەعبی لە شنگال دەشڵێت ئێستا تەنیا دوو هەزار چەكداری حەشد لە قەزاكەدا ماونەتەوە.
خال عەلی جەختیكردەوە "ناتوانین بڵێین مەترسی بە یەكجاری كۆتایی هاتووە، بەڵام بارودۆخی ئێستای شنگال بەراورد بە مانگی شوبات زۆر جیاوازە..، خەڵكیش دڵنیا دەكەینەوە هەر كاتێك مەترسی دروستببێتەوە حەشدی شەعبی هێزەكانی جارێكی‌تر رەوانەی شنگال دەكاتەوە".
له قه‌زای شنگال زیاتر له هه‌شت هێزی چه‌كداری جیاواز هه‌ن له نێویاندا حه‌شدی شه‌عبی، ئاسایشی ئێزیدخان، یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه)، پۆلیسی ناوخۆیی، پۆلیسی فیدراڵی، سوپای عیراق، پێشمه‌رگه‌ی ئێزیدخان و پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به‌حكومه‌تی هه‌رێم.
ئەگەر هیچ هێزێكی تر جێگەی ئەو سێ لیوایە نەگرێتەوە رەنگە بۆشایی ئەمنی دروستبێت
ناتق عەلو ئەحمەد، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی شنگال پاشەكشێی سێ لیواكەی حەشدی شەعبی لە قەزاكە پشتڕاستكردەوە و بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەگەر هیچ هێزێكی تر جێگەی ئەو سێ لیوایە نەگرێتەوە رەنگە بۆشایی ئەمنی دروستبێت، بە تایبەت لە ناوچەكانی سنوری عیراق و سوریا كە هێزی زیاتری دەوێت، بەڵام ناوشار بۆشایی ئەمنی تێدانییە و بارودۆخی ئەمنی لەژێر كۆنتڕۆڵدایە".
به‌پێی رێككه‌وتنی شنگال، كه له تشرینی یه‌كه‌می 2020 هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ئیداری، ئه‌منی و ئاوه‌دانی قه‌زاكه واژۆیانكرد؛ دۆسیه‌ی ئه‌منی ناوه‌ندی شار به‌ده‌ست پۆلیسی ناوخۆیی و ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی و هه‌واڵگرییه‌وه ده‌بێت، له ده‌وروبه‌ری شاره‌كه‌ش هێزه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی فیدراڵی جێگیرده‌بن.
قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته خۆرئاوای موسڵ و له روی ئیدارییه‌وه سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه، به‌ڵام ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه له نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.