ئەو رۆژەی ئەبوبەكر بەغدادی دەركەوت
مەلای مزگەوتی گەورەی موسڵ رۆژی راگەیاندنی خەلافەت دەگێڕێتەوە

نەینەوا/ ئەیلولی 2018/ مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ دوای تەقاندنەوەی لەلایەن چەكدارانی داعشەوە فۆتۆ: كەركوك ناو

كاروان ساڵحی

 

كاتێك پاسەوانەكانی ئەبوبەكر بەغدادی چەندجارێك‌ و یەكلەدوای یەك تەلەفۆنیان بۆ شێخ حەمود عومەر هیلال، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ دەكرد، ناوبراو لە گەرماوی ماڵەكەیدا خۆی دەشۆرد و نەیتوانی وەڵامبداتەوە، ئەمە ئەو رۆژەیە كە سەرەتای وێرانكاریی لە موسڵ دەستپێدەكات.

لەگەڵ هاتنەدەرەوەی لە گەرماوەكە شێخ حەمود، بێ ئەوەی تەلەفۆن بكاتەوە، وتارە ئامادەكراوەكەی رۆژی هەینی هەڵگرت و بەرەو مزگەوتی گەورەی نوری ‌و منارەی حەدبا بەڕێكەوت. هەینییەكی ئاسایی نەبوو، زۆرێك لە شەقامەكانی موسڵ بەهێزی چەكداری داعش تەنرابون ‌و لە دەوروبەری مزگەوتەكە بڵاوەیان پێكرابوو؛ هێشتا دەسەڵاتدارێتی داعش لەو شارە تەمەنی مانگێكی تێنەپەڕاندبوو.

كاتژمێر 11:30 خوله‌كی پێشنیوەڕۆی 5ی تەمموزی 2014 بوو، شێخ حەمود لە دیمەنەكان رادەما و بەتاسەوە سەیری شەقام و كوچە و كۆڵانەكانی دەكرد، قەرەباڵغی مزگەوتی گەورە زیاتر سەرنجی ڕادەكێشا.

"كاتێك نزیكبوومەوە بینیم قوفڵی دەرگای سەرەكی مزگەوت ‌و تەواوی ژورەكانی شكێنرابون، ئەو ئایەتانەی لە حەرەمی مزگەوتەكە هەڵواسرابون دڕێندرابون ‌و لكێرابونەوە”، شێخ حەمود بۆ (كەركوك ناو) وتی "رومكردە یەكێك لە چەكدارەكان و وتم بۆ ئەو ئایتانە لێكراونەتەوە، وتی ئەوە بە پیتی زەخرەفە نوسراون‌ و لە دینی ئیسلامدا رێپێدراو نییە".

 نەینەوا/19ی حوزەیرانی 2017، شێخ حەمود عومەر هیلال، پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ فۆتۆ: كاروان ساڵحی

شێخ حەمود ئەوكات بێدەنگ دەبێت‌ و تێدەگات كە ئەو تەلەفۆنانەی بۆی كرابون پاسەوانەكانی ئەبوبەكر بەغدادی بون. چەكدارێكی داعش لەناو مزگەوتەكه‌ رودەكاتە شێخ حەمود و پێیدەڵێت "خۆمان وتاری هەینی دەخوێنینه‌وه‌".

داعش لە ترۆپكی بەهێزیدابوو، 25 رۆژ بوو دەسەڵاتی لە موسڵ گرتبووە دەست، دوای ئەوەی لە 10ی حوزەیرانی 2014ەو لە ماوەی تەنیا شەو و رۆژێكدا بە بێ بەرگرییەكی ئەوتۆ دووەم گەورەترین پارێزگای عیراق (نه‌ینه‌وا)ی كۆنتڕۆڵكرد.

مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ كۆنترین ‌و گەورەترینە لە سەنتەری شار، ئەو رۆژە تا دەهات قەرەباڵغتر دەبوو، هەندێك لەو كەسانەی دەهاتنە مزگەوتەكەوە پێشتر لەوێ نەبینرابون، هەروەها بەردەم حەرەمی مزگەوتەكە ئەو كەسانە نەبون كە هەینییەكانی تر لە پشتی شێخ حەمودەوە نوێژیان دەكرد.

شێخ حەمود كە لە ساڵی 2009وە لەو مزگەوتە وتاری دەدا ‌و پێشنوێژی دەكرد، وتی "رێوشوێنی ئەمنی توندیان گرتبووەبەر، مۆبایلیان بە هەموو كەس دەكوژاندەوە، هەر كەسێك بیویستایە بچێتە سەرئاو، ئەوە كەسێك لەو گروپە تا بەر دەرگا لەگەڵی دەڕۆیشت، كاتێك مۆلیدەكەیان داگیرساند چەكدارێكی داعش لەگەڵیان دەڕۆیشت‌ و وتیان كەس بۆی نییە وێنە بگرێت… هەروەها تەواوی تۆڕەكانی پەیوەندی تاوەكو كاتژمێر 5ی ئێوارە نەبون".

رێوشوێنی ئەمنی توندیان گرتبووەبەر، مۆبایلیان بە هەموو كەس دەكوژاندەوە، هەر كەسێك بیویستایە بچێتە سەرئاو، ئەوە كەسێك لەو گروپە تا بەر دەرگا لەگەڵی دەڕۆیشت

شێخ ئیبراهیم عەواد (ئەبوبەكر بەغدادی) دەركەوت

دوای ئەوەی لەڕیزی پێشەوەی نوێژخوێنان، كەسێكی خۆیان بانگی نیوەڕۆیدا، دواتر كەسێكی تریان هەستایە سەرپێ ‌و وتی "ئێستا شێخ ئیبراهیم عەواد وتاری رۆژی هەینیتان بۆ دەخوێنێته‌وه‌".

شێخ ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم سامەرائی، ناسراو بە (ئەبوبەكر بەغدادی) دەچێتە مینبەری مزگەوتەكە و وتارێكی 15 خولەكیدا.

جگە لە باسكردنی مانگی رەمەزان كە چەند رۆژێكی كەمی مابوو، بەغدادی باسی خێری شەوی لەیلەتولقەدری كرد و دواتر داوای "جیهادی كرد لە پێناو خوادا"، هەرلەوێ خەلافەتەكەی راگەیاند.

شێخ ئیبراهیم عەواد ئیبراهیم سامەرائی، ناسراو بە (ئەبوبەكر بەغدادی) ساتی راگەیاندنی خەلافەتی ئیسلام لە مزگەوتی گەورەی نوری لە موسڵ

شێخ حەمود لە مزگەوتەكە دەمێنێتەوە و وەكو هەر نوێژخوێنێك گوێ بۆ وتارەكەی بەغدادی دەگرێت، وتی "بەغدادیم نەدەناسیی و ناوبانگیم نەبیستبوو، لەگەڵ تەواوبونی وتارەكەیی ‌و هاتنەخوارەوەی زۆرێك لە ئامادەبووان رۆیشتنە نزیكییەوە و تەوقەیان لە گەڵی كرد و ماچیان دەكرد"، زیاتر وتی "ئەو (بەغدادی) دوای نوێژی بەكۆمەڵ دەستبەجێ مزگەوتەكەی به‌جێهێشت".

ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی مزگەوتەكەی جێهێشت

ئەو بۆ (كەركوك ناو) وتی ئەوكات سەرەتای دەسەڵاتی رێكخراوی داعش بوو، خەڵكی زۆر پشتیوانی لێدەكردن، "مزگەوتەكە بەڕادەیەك قەرەباڵغ بوو، بەنیو كاتژمێر ئینجا رێگەی چوونەدەرەوەت هەبوو".

دیوانی مزگەوتەكانی داعش – فەرمانگەیەكی تایبەت بەو رێكخراوە بوو-، رۆژی دواتر، شێخ حەمود ئاگاداردەكەنەوە، كە نابێت چیتر لە مزگەوتی گەورەی نوری وتاربدات‌ و پێشنوێژی بكات، "وتیان خۆمان كەسێكی دیكە دەستنیشاندەكەین، ئەگەر هەر سكاڵایەكت هەیە لە سەر بڕیارەكە، ئەوە دەتوانیت لە (دیوانی زوڵملێكراوان) سكاڵا بكەیت"، شێخ حەمود لە ماڵەوە دادەنیشێت‌ و چیتر ناچێتەوە ئەو مزگەوتە.

وتارەكەی بەغدادیی ‌و راگەیاندنی خەلافەت كاریگەری ناوخۆیی ‌و دەرەكی گەورەی بەدواداهات. لە یەكەم كاردانەوەیدا وەزارەتی دەرەوی ئەمریكا لەڕێگەی جێن ساكی، وتەبێژی ئەوكاتی وەزارەتەوە رایگەیاند "ستراتیژی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ گەشەپێدان بە خەلافەتێك لە ناوچەكە رونە، لەبەرئەوە ئێستا كاتێكی گرنگە بۆ ئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەست لەدەستی یەكتربنێن ‌و پێش بە دەوڵەتی ئیسلامی بگرن‌ و نەهێڵن پەرەبسێنێت".

مەترسییەكانی ئەمریكا‌، عیراق‌ و ناوچەكە لەجێی خۆیدابوو، بە چەند مانگێكی كەم داعش گەیشتە چوار پارێزگای تری عیراق (كەركوك، سەڵاحەدین، ئەنبار و دیالە)، هەروەها بووە مەترسی لەسەر بەغدای پایتەختی عیراق ‌و هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان.

بەوهۆیەوە هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی لە دژی ئەو رێكخراوە بە سەرپەرشتی ئەمریكا راگەیەنرا‌و تائێستاش لە عیراق ‌و سوریا پشتیوانی ‌و هاوكاریی هێزە شەڕكەرەكانی دژ بەو رێكخراوە دەكەن، هەرچەندە كۆتاییهاتنی داعش لە عیراق و سوریا راگەیەنراوە.

موسڵ، 21-6-2017، شوێنەواری منارەی حەدبا‌و مزگەوتی نوری دوای تەقاندنەوەی لەلایەن داعشەوە فۆتۆ: هێزی دژەتیرۆر

"لە سەرەتادا زۆربەی خەڵكی موسڵ قسەكانی چەكدارانی داعشیان بە دڵ بوو، بەڵام كردەوەكانیان بەدڵ نەبوو كە جیاوازی زۆر لە نێوان قسە و كردارەكانیاندا هەبوو… چونكە بەبیانوی بونی پەیوەندی بە سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عیراقەوە، ماڵی خەڵكیان دەسوتاند ‌و ئۆتۆمبێلەكانیان دەبردن، بۆیە كۆچكردن دەستیپێكرد"، شێخ حەمود كە مانەوەی لە موسڵ هەڵبژارد وای وت.

ئەو هه‌رچه‌نده‌ چاوەڕوان بوو بگه‌ڕێته‌وه‌ مزگەوتی گەورەی نوری و منارەی حەدبا، بەڵام خەونەكەی بەتەواوی نەهاتەدی، داعش لە 21ی حوزەیرانی 2017 مزگەوت‌ و منارەكەی تەقاندەوە، ئەوەش 20 رۆژ بەر لە راگەیاندنی كۆتاییهێنانی داعش لە شاری موسڵ لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق.

 

ئەم راپۆرتە لە ساڵی 2018 و بەر لە كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی ئامادەكراوە و (كەركوك ناو) جارێكیتر لە ساڵیادی راگەیاندنی "خەلافەت لەلایەن داعشەوە" بڵاویدەكاتەوە

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT