رۆژنامەنوسێك و ژمارەیەك هاوڵاتی دیكەی شنگال برینداربون، بەهۆی تەقەی نێوان سوپای عیراقی و لایەنگرانی پەكەكەوە، لەكاتی بەڕێوەچونی خۆپیشاندانێكی ناڕەزاییدا دژی دەستتێوەردانی توركیا.
ئێوارەی دوشەممە 5ی تەمموزی 2021 لە قەزای شنگال ژمارەیەك لە هاوڵاتیان و لایەنگرانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) خۆپیشاندانیان دژی دەستتێوەردان و هێرشەكانی توركیا لە عیراق ئەنجامدا.
خۆپیشاندانەكە بارگرژی تێكەوت و ناڕازییەكان لەگەڵ هێزەكانی سوپای عیراقی كە لە قەزاكەدان روبەڕوی یەكتری بونەوە.
ناتق عەلو ئەحمەد، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیسی شنگال بە (كەركوك ناو)ی وت "خۆپیشاندەران لایەنگری پەكەكە بوو دژی سوپای عیراقی لە كۆمەڵگەی خانەسۆر"، ئەوەش بە پاساوی ئەوەی عیراق هەڵوێستی دژی دەستتێوەردانەكانی توركیا نییە.
ڤیدیۆ: ساتی دروستبونی تەقە لە خۆپیشاندانەكەی شنگال دژی دەستتێوەردانی توركیا لە عیراق/ 5ی تەمموزی 2021
"لە خۆپیشاندانەكەدا بارگرژی دروستبوو، لە هەردوولاوە تەقە كرا، بۆیە سێ بۆ چوار كەس برینداربون لە نێویاندا سەلاح بەرجەس، پەیامنێری كەناڵی چرا تیڤی لە شنگال" بەوتەی عەلو.
ئەو كەناڵە تایبەتە بە ئێزیدی و ناوەندی سەرەكی لە ئەڵمانیایە.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) بارودۆخی تەندروستی ئەو رۆژنامەنوسە جێگیرە و دوای چارەسەری سەرەتایی نەخۆشخانەی بەجێهێشتووە.
فارس حەربۆ، ئەندامی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لە شنگال –بە ئەنجومەنێكی نزیك لە پەكەكە هەژماردەكرێن- بە (كەركوك ناو)ی وت "خۆپیشاندانەكە ئێمە رێكمانخستبوو دژی دەستتێوەردانی توركیا و پێشێلكردنی سەروەری عیراق".
بەوتەی حەربۆ سوپای عیراقی یەكێك لە خۆپیشاندەرانی دەستگیركردووە و هاوڵاتیان هەوڵیانداوە هاوڕێیەكەیان رزگاربكەن بۆیە "سوپا تەقەیان كردووە و بەهۆیەوە ئەو رۆژنامەنوسە برینداربووە".
ناڕەزاییەكان هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی هێرسی ئاسمانی و زەمینی توركیا بە پاساوی راوەدونانی چەكدارانی پەكەكە لە ناوچە سنورییەكانی عیراق و نەینەوا.
زیاد لە جارێكیش لێپرسراوانی توركیا لە نێویاندا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە هەڕەشەی هێرشكردنە سەر شنگالی كردووە بە پاساوی هەبونی پەكەكە.
قهزای شنگال، بهدوری 120كم دهكهوێته خۆرئاوای موسڵ و له روی ئیدارییهوه سهر پارێزگای نهینهوایه، بهڵام ناوچهیهكی جێناكۆكه له نێوان ههردوو حكومهتی فیدراڵی عیراق و ههرێمی كوردستان.