كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، پرۆسەی تیروپشكی بۆ ژمارەی كاندیدەكان ئەنجامدا و لە پارێزگای كەركوك 130 كاندید لە سێ بازنەی هەڵبژاردن كێبڕكێی بەدەستهێنانی 12 كورسی پەرلەمان دەكەن كە 33 كاندیدیان ژنن.
تیروپشكەكە لە پارێزگای كەركوك پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی تەمموز لە هۆڵی کۆلێژی پەروەردەی کەرکوک بەڕێوەچوو، ئەوەش بە ئامادەبونی لێپرسراوانی ئیداریی، ئەمنیی و نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەكان و نوێنەری لایەنەكان. ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ بەڕێوەچونی ئەو پرۆسەیە لە تەواوی پارێزگاكانی عیراق.
لە پارێزگای كەركوك كە 13 كورسی پەرلەمانی بەردەكەوێت (كورسییەكی تایبەتە بە كۆتای كریستیان)، 130 کاندید کێبڕکێی دەكەن لە نێویاندا 33 كاندیدیان ژنن.
لوئەى ئەرکان عەلی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی کەرکوکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بە (كەركوك ناو)ی وت "تیروپشكەكە بەشێوەیەكی زۆر باش و لەژێر چاودێریی دادوەر و نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان بەڕێوەچوو... هیوادارین هەموو قۆناغەكانی تری ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بەبێ كێشە و بەپێی رەزامەندی هەموو لایەنەكان بەڕێوەبچێت".
هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عیراق بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.
لە پارێزگای كەركوك دوو كاندید بەهۆی نەبونی مەرجی خۆكاندیدكردن رەتكراونەتەوە و 15ی تر بەر لە تیروپشكی ژمارەی كاندیدەكان كشاونەتەوە، ئەوەش بەپێی وتەی لوئەی ئەركان.
كەركوك بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكراوە، لە بازنەى یەکەم 36 کاندید (10یان) ژنن كێبڕكێی بەدەستهێنانی پێنج كورسی دەكەن، لە بازنەى دووەم كە چوار كورسی پەرلەمانی هەیە 55 كاندید (13)یان ژنن كێبڕكێ دەكەن.
هەرچی بازنەی سێیەمە، 39 كاندید (10)یان ژنن و هەوڵی بەدەستهێنانی سێ كورسی دەدەن.
جگە لەو 12 كورسییە، كورسییەك وەكو كۆتا بۆ كریستیانەكان دانراوە و لە بەغداوە ژمارەیان پێدەدرێت، هێشتا رون نییە لە كەركوك چەند كاندید بۆ ئەو كورسییە كێبڕكێ دەكەن.
لە پارێزگای كەركوك ملیۆنێك و 11 هەزار دەنگدەر بەسەر 315 بنکەی دەنگدانی هەرسێ بازنەكەی هەڵبژاردندا دابەشبون.
کاوە غەریب، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی کەرکوک، لە وتەیەكیدا بۆ رۆژنامەنوسان لەكاتی تیروپشكی ژمارەی كاندیدەكان، وتی "پرۆسەكە بەبێ هیچ دەستتێوەردانێک بەڕێوەچوو، وەكو پۆلیس هەموو ئامادەکارییەکان دەكەین بۆ كاتی پرۆسەكە و كاتی ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش".
لە تەواوی عیراق بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردەكان، سێ هەزار و 243 كاندید پەسەندكراون و نزیكەی 25 ملیۆن دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە.