كۆمەڵگەیەك 46 ساڵە بێ ئاوە

نەینەوا/ 2021/ هاوڵاتییەكی نیشتەجێی كۆمەڵگەی بۆرك لە ناحیەی سنونێی قەزای شنگال لەئاوی تانكەر تانكی سەربانی ماڵەكەی پڕدەكات فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

عەمار عەزیز – نەینەوا

دانیشتوانی كۆمەڵگەی بۆرك، لە 1975ـەوە بەدەست كێشەی كەمئاوییەوە دەناڵێنن و نزیكەی شەش ساڵیشە تەنیا پشت بە تانكەر دەبەستن.

تۆڕەكانی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوەی ئەو كۆمەڵگەیە لە قەزای شنگال، پێشتر كەمترین خەڵك لێی سودمەند بون و لە ساڵانی رابردودا بەهۆی شەڕی داعشەوە هێندەی دیكە وێران بوون، بەتەواوی لەكاركەوتون.

ناڕەزایی زیاتری ئێستای هاوڵاتیانی كۆمەڵگەكە هاوكاتە لەگەڵ خراپی كارەبای نیشتمانی و ئەو شەپۆلی گەرمایەی لە 50 پلەی سیلیزی نزیكدەبێتەوە.

"زیاتر لە 40 ساڵە ئێمە هەمان كێشەكان هەیە، ئەویش نەبونی ئاوی خواردنەوەیە، پێشتر ئاو نەدەگەیشتە هەموو ماڵێك و وا چەند ساڵێكیشە هەر بە تانكەر ئاو دەكڕین" مشكۆ موراد وای وت.

مشكۆ لە كۆمەڵگەی بۆرك دادەنیشێت و ساڵانێكە هەفتەی دوو تانكەر ئاو دەكڕێت، هەر تانكەرێكی بە پێنج هەزار دینار.

bork
نەینەوا/ 2021/ كۆمەڵگەی بۆرك ژمارەی دانیشتوانی ئێستا نزیكەی 2500 خێزانە فۆتۆ: تایبەت بەكەركوك ناو

لە هەموو عیراق كێشەی كەمئاوی و بێ كارەبایی هاوكات لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەكانی گەرمادا سەریهەڵداوەتەوە، بەهۆیەوە خەڵك بە تانكەر ئاو دەكڕن.

"لەوەتەی بۆری ئاوی خواردنەوە لەو كۆمەڵگەیە هەیە دووجار بە باشی ئاوی پێدا نەهاتۆتە ماڵی ئێمە، بۆیە چوار وەرزەی ساڵ ئاو دەكڕم، وەك كرێی كارەبای مۆلیدە مانگانەش بڕە پارەیەك ئەبێت بۆ كڕینی ئاو تەرخانبكەین" بەوتەی مشكۆ.

سەرچاوەی سەرەكی دابینكردنی ئاوی پاك بۆ كۆمەڵگەی بۆرك پشت بە بیر دەبەستێت كە بەشێكیان بەهۆی گەرمای بەتینەوە وشكبون.

خودێدا چوكی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ لە قەزای شنگال بە (كەركوك ناو)ی وت "كێشەی كەمئاوی و بێ ئاوی لە بۆرك نزیكەی 46 ساڵە هەیە، لەوكاتەوە كۆمەڵگەكە دروستكراوە خەڵك بەدەست ئەو كێشەیەوە دەناڵێنن، ئەوەش هەمو لێپرسراوان دەیزانن".

بیرمان لەوەكردۆتەوە بەیەكجاری لە كۆمەڵگەكە بڕۆین و دوبارە ئاوارە ببینەوە

كۆمەڵگەی بۆرك لە ساڵی 1975دا كراوەتەوە و لەڕوی كارگێڕییەوە سەر بە ناحیەی سنونێی قەزای شنگالە لە خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا.

"هێندەی بیرم دێت هەر بە تانكەر ئاو دەكڕین، چونكە تۆڕی دابەشكردنی ئاو نەگەیشتۆتە ماڵی ئێمە، هێندە بێزاربوین بیرمان لەوەكردۆتەوە بەیەكجاری لە كۆمەڵگەكە بڕۆین و دوبارە ئاوارە ببینەوە" ساڵح سالم (21 ساڵ)، دانیشتوی كۆمەڵگەی بۆرك وادەڵێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە چەند ساڵێكە لە ئاوارەیی گەڕاونەتەوە و پێشتر بەهۆی هەڕەشەی داعشەوە لە ناوچەكە رۆیشتون.

سالم دەڵێت بیرەكانی دابینكردنی ئاو خەریكە بە تەواوی وشكدەبن و نەبونی كارەباش هێندەی دیكە هۆكاری نەگەیشتنی ئاوی پاكە بە ماڵان، بەوپێیەی راكێشانی ئاو و دابەشكردنی پێویستی بە وزە هەیە.

aw. shngal (1)
نەینەوا/ 2021/ لە كۆمەڵگەی بۆرك هەزار و 500 لیتر ئاو بە پێنج هەزار دینارە فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

ژمارەی دانیشتوانی ئەو كۆمەڵگەیە بەر لە هێرشی داعش زیاتر لە سێ هەزار خێزان بون و ئێستا نزیكەی دوو هەزار و 500 خێزان بۆ زێدی خۆیان گەڕاونەتەوە.

كەمال سەیدۆ حسێن، شۆفێری تانكەری ئاوە و لە 2016دا گەڕاوەتەوە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت بۆ رۆژێكیش نەحەساوەتەوە، هێندە خەڵك بۆ دابینكردنی ئاو تەلەفۆنی بۆ دەكەن.

"خەڵك داوای ئاو دەكەن و زۆرجار بەهۆی زۆری داواكارییەكانەوە ناچارم تەلەفۆنەكەم بكوژێنمەوە".

لە كۆمەڵگەی بۆرك زیاتر لە 10 شۆفێری تانكەر هەن، رۆژانە بێ وەستان ئاو بۆ هاوڵاتیان دابیندەكەن و بۆ هەزار و 500 لیتر پێنج هەزار دینار وەردەگرن.

كەمال سەیدۆ دەڵێت ئەوانەی هەژارن بێ بەرانبەر ئاویان پێدەدەن.

 من خۆیشم وەك بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ بە تانكەر ئاو دەكڕم

"لە هۆكارە سەرەكییەكانی نەبونی ئاو ئەوەیە هەندێك هێز و لایەن و كەسایەتی ئاوی دوو بیریان بۆ خۆیان قۆرغكردووە، هۆكارێكی دیكەش كەمی كارەبا و لەكاركەوتنی ماتۆڕی سەر بیرەكانە" بەوتەی ئەو هاوڵاتییە بۆ (كەركوك ناو).

هێرشەكانی داعش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان دژ بەو رێكخراوە زیانیان بە كەرتی خزمەتگوزاری لە تەواوی شنگال گەیاند.

بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ دەڵێت تەنیا بۆرك نییە، بەڵكو سەدا 75ی دانیشتوانی ناحیەكە پشت بە كڕینی ئاوی تانكەر دەبەستن، "من خۆیشم بە تانكەر ئاو دەكڕم".

بەوتەی خودێدا چوكی رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكاربون لە پرۆژەی هەڵكەندی هەشت بیری دیكەی ئاو بۆ كۆمەڵگەی بۆرك و دەوروبەری، كە سەدا 80ی پرۆژەكە تەواو بووە و چاوەڕێدەكەن تا مانگێكی دیكە كێشەی بێ ئاوی خەڵكەكە بەرێژەی لەسەدا 80 چارەسەر بكرێت.

"باشترین چارەسەر بۆ كێشەی كەمئاوی لە تەواوی ناوچەكەدا ئەوەیە لە روباری دیجلەوە ئاو رابكێشرێت، چەندیجار داوای ئەوەمان كردووە، بەڵام دەمرین و ئەو پرۆژەیە بەچاوی خۆمان نابینین" بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ وای وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT