مۆزەخانەی ئەلقوش، تەنیا بەڕێوەبەرێكی هەیە بەبێ هیچ فەرمانبەرێك، لەكاتێكدا هەزاران پارچەی بەنرخی شوێنەواری تێدایە و خەڵكێكی زۆریش سەردانی دەكەن.
ئەو مۆزەخانە كلتورییە لە ناوەندی ناحیەی ئەلقوش-ـە، لە ساڵی 2015دا بەفەرمی كراوەتەوە و زیاتر لە سێ هەزار پارچەی شوێنەواری تێدایە.
جوزێف ئەلیاس، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی ئەلقوش بە (كەركوك ناو)ی وت "من تەنیا لە مۆزەخانەكەدا، هیچ فەرمانبەرێكی هەمیشەیی یان گرێبەستم نییە، منیش تەمەنم هەیە و ناتوانم رۆژانە خزمەتی مۆزەخانەكە بكەم".
ئەو دەڵێت پێویستیان بە دوو فەرمانبەر هەیە، تا خزمەتی مۆزەخانەكە بكەن، پێشوازی لە میوانان بكەن و زانیارییان پێبدەن، هەرچەندە زیاد لەجارێك ئەو داواكارییەی بۆ سەروی خۆی بەرزكردۆتەوە، بەڵام ئەنجامی نەبووە.
"كۆنترین پارچەی شوێنەواری لە مۆزەخانەكەدا مێژوەكەی بۆ 400 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، پارچەكانی تر تەمەنیان 100 تا 180 ساڵە، جگە لە كەلوپەلی كشتوكاڵی و جلوبەرگی كلتوری و پێداویستییەكانی دیكەی كۆنی رۆژانەی خەڵك لەم ناوچەیەدا".
جوزێف و ژمارەیەك لە هاوڵاتیانی دیكەی ئەلقوش لە ساڵانی 1980ـەوە سەرقاڵی كۆكردنەوەی پارچەی كۆن و مێژویی بون تا كردنەوەی مۆزەخانەكە.
بەوتەی جوزێف خەڵكێكی زۆر سەردانیان دەكەن، نەك هەر لە ناوچەكانی تری عیراقەوە، بەڵكو لە وڵاتانی دنیاوە وەك چیك، سلۆڤاكیا، ئەمریكا و ئوسترالیا.
داعش لە 2014دا نەگەیشتە ناوەندی ئەلقوش بۆیە شوێنەوارەكانی ئەو مۆزەخانەیە روبەڕوی لەناوچون نەبونەوە.
بەڕێوەبەری مۆزەخانەی ئەلقوش لە خەمی شوێنەوارەكاندایە و دەڵێت بەهۆی خراپی شوێنەكەیان و بێ خزمەتییەوە، پارچە شوێنەوارییەكان ترسی لەناوچونیان هەیە، "ئەم شوێنە پێویستی بە پلەی گەرمی و ساردی جێگر هەیە تا كەشوهەوا كارنەكاتە سەر پارچە شوێنەوارییەكان و خراپ ببن".
مێژوی بنیادنانی ئەلقوش (40كم باكوری موسڵ) دەگەڕێتەوە بۆ چەرخی حەوتەمی پێش زایینی، ئێستا ناحیەیە و سەر بەقەزای تلكێفە لە دەشتی نەینەوا، سێ كۆمەڵگە و 83 گوند لە سنورەكەیدا هەن، ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە 50 هەزار كەس و زۆرینە كریستیانن.