هاوڵاتیانی قەزای داقوق، لە نێو گەرمای بەتینی هاوین و پچڕانی بەردەوامی كارەبای نیشتمانیدا، سەهۆڵیشیان دەستناكەوێت.
داقوق و گوندەكانی دەوروبەری پشت بە یەك كارگەی بەرهەمهێنانی سەهۆڵ دەبەستن، كە لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوەوە لەلایەن كۆمپانیای ئەلیكای ئەڵمانیای خۆرهەڵاتەوە دروستكراوە، بەڵام ئێستا ناتوانێت پێداویستی خەڵكی ناوچەكە پڕبكاتەوە.
"هەندێكجار سەهۆڵ لە بازاڕدا نامێنێت، لەبەرئەوەی داواكاری زۆر لەسەرە بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرماوە، بۆیە ناچارین بچین بۆ شارەكانی تر وەك كەركوك و دوزخورماتوو تا سەهۆڵ بكڕین" ئەحمەد مساهر، دانیشتوی گوندی كوامات لە خۆرئاوای داقوق بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
ئەو دەڵێت دەستنەكەوتن یان كەمی سەهۆڵ لەكاتێكدایە، بەهۆی بەرزی زۆری پلەكانی گەرماوە، بۆتە پێویستی بۆ ساركردنی ئاوی خواردنەوە.
كارەبا كەمە
نرخی قاڵبێك سەهۆڵ لە داقوق دوو هەزار دینارە، بەشی یەك رۆژی خێزانێك دەكات، ئەوەش نەهامەتییەكی دیكەیە بۆ هاوڵاتیان و ئەوانەی باری داراییان خراپە، بەوتەی ئەنوەر عەلی، هاوڵاتی نیشتەجێی داقوق.
بەپێی دەستەی گشتی كەشوهەوای عیراق پلەكانی گەرما لە كەركوك و داقوق دەگاتە سەروو 45 پلەی سیلیزی.
حاجی ئەمین ئەحمەد، لە شەستەكانی تەمەنیدایە و دانیشتوی گوندی كولی تەبەیە لە داقوق، لە وەسفی خزمەتگوزاری كارەبادا دەڵێت وەك "وەك سەهۆڵ ساردە"، وەك ئاماژەیەك بۆ پچڕانی بەردەوامی كارەبا.
بەهۆی كەمی كارەباوە هاوڵاتیان ناتوانن سود لە ساردكەرەوە (سەلاجە) و بەفرگرە (موجەمیدە) وەربگرن.
تاكە كارگەی سەهۆڵ
"توانای بەرهەمهێنانی رۆژاانەی كارگەی سەهۆڵەكە هەزار و 200 قاڵبە، ئێستا داخوازی خەڵك زۆر لەو ژمارەیە زیاترە بەهۆی بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما و پچڕانی بەردەوامی كارەبا" نەوزاد بابان، خاوەنی تاكە كارگەی سەهۆڵ لە قەزای داقوق بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
بابان لە هەوڵی دروستكردنی كارگەیەكی دیكەدایە لە داقوق، دوای هاوردەكردنی پێداویستییەكانی لە هۆڵەنداوە، ئەوەش بەهۆی بەرزبونەوەی خواستی هاوڵاتیان بۆ سەهۆڵ.
ئەو كارگە نوێیەی لە بنیاتناندایە توانای بەرهەمهێنانی دەگاتە دوو هەزار قاڵب، لەوەشدا چارەسەری بەشێك لە كێشەی كەمی سەهۆڵ دەكات و هەلیكار بۆ دانیشتوانی ناوچەكەش دەڕەخسێنێت، بەوتەی خاوەنی كارگەكە.
كارگەی ئێستای سەهۆڵەكەی داقوق، بە شەش قۆناغ دەتوانێت سەهۆڵ بەرهەمبهێنێت و زیاتر پشت بە دەستیكار دەبەستێت بەڵام لە كارگە نوێیەدا بە دوو قۆناغ سەهۆڵ بەرهەمدەهێنرێت و زۆربەی كارەكان ئۆتۆماتیكی دەكرێن.
لویس فەندی، قایمقامی قەزای داقوق بەوەكالەت بە (كەركوك ناو)ی وت 80 گوندی قەزاكە و ناوەندی قەزاكەش پشت بە یەك كارگەی سەهۆڵ دەبەستن بۆیە ئەو كارگەیە ناتوانێت بەشی پێداویستی خەڵك بەرهەمبهێنێت.
هەروەها رونیكردەوە قەزاكە روبەڕوی كەمی كارەبای نیشتمانی بۆتەوە.
بەگشتی لە شەوورۆژێكدا تەنیا هەشت كاتژمێر كارەبای نیشتمانی لە داقوق هەیە.
قەزای داقوق بە دوری 44 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشوری كەركوك و ژمارەی دانیشتوانی بە زیاتر لە 97 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت.