چەند دزێك لە ناحیەی پردێ بە چەكی كڵاشینكۆف تەقە لە سێ گەنج دەكەن، یەكێكیان دەكوژن و یەكێكی تریان برینداردەكەن و بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵدێن.
روداوەكە كاتژمێر 9ی شەوی رابردوو 15ی تەمموز، لە گوندی قەرەبەگ لە ناحیەی پردێ (ئاڵتون كۆپری) باكوری خۆرهەڵاتی كەركوك بوو.
عەبدولموتەڵیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو سێ گەنجە دوانیان بران و ئەوەی تر خوشكەزایانە، لەكاتی گەڕانەوەیان لە كاركردن لە نزیك دەواجنەكەیاندا دزەكان هێرشیانكردۆتە سەریان و تەقەیان لێكردون".
بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی لە هەمان ناحییە "دزەكان چاودێری ئەو گەنجانەیان كردووە كاتێك لە دەواجنەكەیان گەڕاونەتەوە... پارەی فرۆشتنی مریشكیان پێبووە و ویستویانە لێیانبستێنن".
پارەی فرۆشتنی مریشكیان پێبووە و ویستویانە لێیانبستێنن
سەرچاوەكە بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "دزەكان چەكی كڵاشینكۆفیان پێبووە و جلوبەرگی مەدەنییان لەبەر بووە، هەر لە نزیك دەواجنەكە رێگەیان بەو سێ گەنجە گرتووە، سەرەتا قۆڵبەستی هەرسێكیانیان كردووە، بەڵام بەرلەوەی پارەكەیان ببەن یەكێك لەو سێ گەنجە بە دەستبەستراوی هەوڵی راكردن دەدات، دزەكانیش تەقەی لێدەكەن و برینداری دەكەن".
هەر لەوكاتەدا تەقە لە دوو گەنجەكەی تر دەكەن و یەكێكیان دەكوژن و فیشەكێك لەسەری دەدەن.
بەپێی لێكۆڵینەوەكانی دەزگا ئەمنییەكان "دزەكان لەوكاتەدا ترساون، بۆیە دەستی گەنجەكە و بریندارەكەیان كردۆتەوە و وتویانە فریای خۆتان بكەون... بەبێ ئەوەی پارەكە ببەن رایانكردووە"، ئەمە سەرچاوە ئەمنییەكە بۆ (كەركوك ناو)ی گێڕایەوە.
ئەو گەنجەی كوژراوە ناوی ئەردەڵان شێخ سوبحىیە و خەڵكی گوندی بیرەسپانە، ئەویش بەهەمان شێوە سەر بە ناحیەی پردێ (ئاڵتون كۆپرییە). هێشتا هیچ یەكێك لە دەزكان دەستگیرنەكراون.
لە 17ی حوزەیرانی رابردوش، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی كەركوك دەستگركردنی باندێكی دزیكردن و رفاندنی هاوڵاتیانی لەپێناو پارەدا راگەیاند.
بەپێی راگەیەنراوێكیان لە كاتی هەڵمەتەكانیاندا بۆ دەستگیركردنی ئەو باندە پێنج كەسییە لە كەركوك، سلێماین و بەغدا، ژنێكی رفێنراویان بە 150 ملیۆن دینارەوە ئازادكرد، ئەوەش دوای نزیكەی هەفتەیەك لە رفاندنی.