دەزگای هەواڵگری عیراق دەیەوێت بە گوێنی روفاتی گۆڕێکی بە کۆمەڵ بگوازێتەوە

وێنەی سەرەكی شوێنی گۆڕە بە كۆمەڵەكەی شنگالە دوای تەختكردنی لە 29ی حوزەیران، وێنە لاوەكییەكان لەكاتی دۆزینەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكەیە و لەلایەن رێکخراوى ئێزیدى بۆ دۆکیۆمێنتکردنى بەڵگەنامەکانەوە گیراوە لە ئابی 2019ە و دراوە بە (كەركوك ناو)

کەرکوک ناو

ئیدارەی شنگال و رێكخراوەكان، رێگرییانکرد لە دەزگای هەواڵگری عیراق کە دەیویست بە گوێنی روفاتی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵە بگوازێتەوە کە بە شۆفڵ زەوییەكەی تەختکردبوو.

شەوی 29ی حوزەیرانی ئەمساڵ دەزگای هەواڵگری عیراق پارچەیەک زەوی لە ناوەندی شنگال تەختکرد، کە شەش تا 10 روفاتی تێدابوو و مێژوی کوشتنیان بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعش دەگەڕێتەوە لە ساڵی 2014ەو 2015.

ئامانج لە تەختکردنی ئەو پارچە زەوییە لە نێوان هەردوو بارەگای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شنگال و دەزگای هەواڵگری عیراق، بۆ ئەوەبوو بکرێتە گەراج بۆ راگرتنی ئۆتۆمبێلەکانی دەزگای هەواڵگری.

سەرچاوەیەک کە بەردەوام بەدواداچون بۆ ئەو گۆڕە بە کۆمەڵە دەکات و لەبەر کاردانەوەی دەزگای هەواڵگری ئامادەنەبوو ناوی ئاشکرابکات، بە (کەرکوک ناو)ی وت "سێ رۆژ لەمەوبەر دەزگاى هەواڵگریی لە شنگال بە هەماهەنگى لەگەڵ بەرگرى شارستانى هەڵساون بە کۆکردنەوەى ئێسک و پرۆسکى روفاتەکان و بە شێوەیەکی نایاسایی و رێگەپێنەدراو کردبویانە ناو چەند گوێنییەکەوە و لەناو ئۆتۆمبێلێکی پیكئاب دایاننابوو... بەنیازبون بیگوازنەوە بۆ پزیشکی دادوەری موسڵ".

بە شێوەیەکی نایاسایی و رێگەپێنەدراو کردبویانە ناو چەند گوێنییەکەوە و لەناو ئۆتۆمبێلێکی پیكئاب دایاننابوو... بەنیازبون بیگوازنەوە بۆ پزیشکی دادوەری موسڵ

"هەرزوو لێپرسراوانی رێکخراوێک بەو کارەیان زانی و چوونە شوێنەکە و رێگرییانكرد و وتویانە بەهیچ شێوەیەک قابیلی قبوڵ نییە"، سەرچاوەکە جەختیکردەوە "ئێسک و پروسکەکەیان لەناو ئۆتۆمبێلەکە هێناوەتە خوارەوە و لە هەمان شوێن دایانناونەتەوە".

ناتق عەلو ئەحمەد، وتەبێژی پولیسی قەزای شنگال بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئێمە بەردەوام بەدواداچون بۆ گوڕەکە دەکەین، پێش سێ رۆژ بەڕێوەبەری پۆلیسی شنگال رایسپاردم بەدواداچون بکەم، کە رۆیشتم بینیم ئێسک و پرۆسکەكان هەر لە شوێنی خۆیان مابونەوە، ئێمە دژی ئەوەین ئێسک و پرۆسکی ئەوان بگوازرێنەوە، چونکە ئیشێکی نایاساییە و کاری ئەوان نییە گۆڕی بە کۆمەڵ هەڵبدەنەوە".

rufatt
شنگال/ 29 ئابى 2019 شوێنی گۆڕە بە كۆمەڵەكە كە لەلایەن رێکخراوى ئێزیدى بۆ دۆکیۆمێنتکردنى بەڵگەنامەکان دۆزرایەوە و وێنەی گیرا.

فەهد حامد، لەلایەن ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال-ەوە کراوە بە قایمقام، بە (کەرکوک ناو)ى وت "دەزگای هەواڵگری شنگال دەیەوێت زوو ئەو کارە تەواوبکەن و شوێنی خۆیان فراوان بکەن، بۆیە هەوڵیاندا روفاتەکان بۆ پزیشکی دادی موسڵ بگوازنەوە"، جەختیشیکردەوە "سەردانى دەزگاى هەواڵگیرى شنگالم کردووە، لەگەڵ لێپرسراوانی دەزگاکە قسەمکرد، قسەکانیان دیاربوو کە ئەوان سورن لەسەر ئەوەى شوێنەکەى خۆیان فراوان بکەن و کەیسى ئەو ئێسک و پرۆسکانە چارەسەر بکەن".

هەوڵەکانی (کەرکوک ناو) لەچەند رۆژی رابردودا سەرکەوتوو نەبوو، بۆ ئەوەی  لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ دەزگای هەواڵگری عیراق لە شنگال قسە بکات.

فەهد حامد – لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە وەكو قایمقام مامەڵەی لەگەڵدا ناكرێت-، رەخنەی لە دەزگای هەواڵگری گرت و وتی "خەریكە ئەو دامەزراوەیەی حكومەت كێشە بۆ ئێزیدییەكان و خەڵكی شنگال دروستدەكات، لە بنەڕەتدا پێویستە دەزگاى هەواڵگرى لە دەرەوەى شار بێت، نەك لە ناوەندی شار".

خەریكە ئەو دامەزراوەیەی حكومەت كێشە بۆ ئێزیدییەكان و خەڵكی شنگال دروستدەكات

پێشتر فەلاح حەسەن، ئەندامى دەستەى لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەى زانیارى لە تیمى نیشتیمانى هەڵدانەوەى گۆڕە بە کۆمەڵەکان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە (کەرکوک  ناو)ى وت "پەیوەندیمان بە بەغداوە کردووە، هەرکاتێک ئەوان وتیان بەدواداچون بۆ بابەتەکە بکەن ئێمەش بە شێوەیەکى مەیدانى دەچینە شوێنەکە و دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەین".

وتیشی "هێشتا بەغدا وەڵامیان نەداوەتینەوە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوان دەكەین".

(كەركوك ناو)، لەڕێی سەرچاوەكانییەوە زانیاری ئەوەی دەستكەوتووە جگە لە پزیشكی دادی موسڵ، هێشتا هیچ دامەزراوەیەكی تری حكومەت بەدواداچونی بۆ ئەو گۆڕە بە كۆمەڵە نەكردووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT