نەبیل حەمدی، بوشناق، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، ئاشكرای دەكات كە "كۆرۆنای دەلتا" لە كەركوك بڵاوبۆتەوە و جەختیكردەوە لەوەی هەفتەیەكە پارێزگاكەی بە "قورسترین دۆخدا تێدەپەڕێت"، كە رۆژانە 250 حاڵەتی نوێ كۆرۆنا تۆماردەكرێت.
ئەو لێدوانەی حەمدی بۆ (كەركوك ناو) دووشەممە 19ی تەمموز، هاوكات بوو لەگەڵ هاتنی جەژنی قوربان و بەرزبونەوەی ئامارەكانی توشبون بە كۆرۆنا.
"لە ماوەی رابردودا ڤایرۆسی دەلتا بەشێوەیەکی بەربڵاو لە کەرکوک بڵاوبوەتەوە کە لە وڵاتی هیندستانەوە سەریهەڵداوە و هاتۆتە عیراق... ڤایرۆسەكە بەشێوازێکی خێرا بڵاودەبێتەوە، هەرچەندە تەندروستی کەرکوك ئامێری پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنای دەلتای نییە، بەڵام لە شێوازی خێرایی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە و نیشانەکانی دەردەکەوێت کە هەمان جۆری ڤایرۆسە".
"سەرەتای ئەم مانگە و پێشتریش رۆژانە توشبووان نەدەگەیشتە 100 كەس، بەڵام ئێستا ژمارەكە زۆر بەرزبۆتەوە و رۆژانە 250 كەس توشدەبن، ئەم خێراییە خۆی یەكێكە لە نیشانەكانی كۆرۆنای دەلتا"، نەبیل وای وت.
بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عیراق، دووشەممە 19ی تەمموز لە كەركوك 368 توشبوی نوێ تۆماركراوە.
نەبیل حەمدی وتی "ماوەی هەفتەیەکە لە قورسترین دۆخی تەندروستیداین... ئەمەی ئێستا رودەدات لە ساڵی 2021دا روینەداوە و توشبووەكان زۆر زۆربون و ڤایرۆسەكە بەخێرایی بڵادەبێتەوە، هەفتانە 10 بۆ 15 کەس دەكوژێت".
ئەمەی ئێستا رودەدات لە ساڵی 2021دا روینەداوە و توشبووەكان زۆر زۆربون و ڤایرۆسەكە بەخێرایی بڵادەبێتەوە
ئەو داوایكرد لە جەژندا هاوڵاتیان رێكارە تەندروستییەكان جێبەجێبكەن وتی "زۆری حاڵەتەكان بەهۆی پابەندنەبونی هاوڵاتیانەوەیە بە رێنماییە تەندروتسییەكان، دەبێت دەمامک و دەستکێش بەکاربهێنن و ڤاکسینی دژە كۆرۆنا وەربگرن".
هەر بەهۆی زیادبونی حاڵەتەكانەوە، فەرمانگەی تەندروستی كەركوك بڕیاریداوە لە جەژندا بنكەكانی پێدانی ڤاكسین كراوەبن و نەخۆشخانەكانیش بەردەوامبن لە پشكنین بۆ ئەو هاوڵاتییانەی گومانی توشبونیان لێدەكرێت. لەگەڵئاماژەدان بەوەی ئۆكسیجنی پێویست بەردەستە.
هەر دوێنێ دووشەممە 19ی تەمموز، وەزارەتی تەندروستی عیراق، دوو پێشنیازی بۆ حكومەتی عیراق كرد، یەكێكیان قەدەغەی گشتیگرە بۆ ماوەی 14 رۆژ، یان قەدەغەی سنوردار، لەوانە داخستنی شوێنە گشتییەكان، كافتریا، مزگەوت، هۆڵەكانی سینەما و شانۆ، چایخانە و هۆڵەكانی بوك گواستنەوە. لەگەڵ كەمكردنەوی دەوامی فەرمانگەكان بۆ رێژەی لەسەدا 25و قەدەغەی هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان. بەڵام هێشتا حكومەتی عیراق وەڵامی ئەو پێشنیازانەی نەداوەتەوە.
لە عیراق تائێستا نزیكەی ملیۆن و نیوێك توشبوی كۆرۆنا تۆماركراوە و لەو رێژەیەدا بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی 17 هەزار و 830 حاڵەتی گیانلەدەستدان بەو ڤایرۆسە تۆماركراوە.