"كێشەی سێ ئەفسەرەكە چارەسەر بووە"
لە كەركوك سڵاوی سەربازییان بۆ سرودی نەتەوەیی توركمانی كردبوو

كەركوك/ 14ی تەمموزی 2021/ سێ ئەفسەر سڵاوی سەربازی لێدەدەن لەكاتی سرودی نەتەوەیی توركمانی. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

كەركوك ناو

وەزارەتی ناوخۆی عیراق لیژنەی لێكۆڵینەوەی لەسەر سێ ئەفسەری كەركوك دروستكرد كە سڵاوی سەربازییان كردبوو لەكاتی سرودی نەتەوەیی توركمانی، بەڵام "كێشەكەیان چارەسەركرا/.

ئەو سێ ئەفسەرە كە هەرسێكیان توركمان و یەكێكیان ژن بوو، لە 14ی تەمموز سڵاوی سەربازییان كرد لەوكاتەی سرودی نەتەوەیی توركمانی لێدرا لە مەراسیمێكدا لە رۆژی شەهیدانی توركمان كە لە كەركوك بەڕێوەچوو.

دوای روداوەكە وەزارەتی ناوخۆی عیراق لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی پێكهێناو بەهۆیەوە یەكێك لەو سێ ئەفسەرە بانگهێشتی بەغدا كرا، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەركوك.

سەرچاوەكە جەختیكردەوە "وێنە و ڤیدیۆی ئەو سێ ئەفسەرە لەكاتی سڵاوی سەربازیدا بەخێرایی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆوە و هەندێك لە بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان رەخنەیان گرت و زیاتر بڵاویاندەكردەوە، بەهۆیەوە وەزارەتی ناوخۆ لیژنەی پێكهێنا... بەڵام كێشەكە دواتر چارەسەر كراوە"، بەبێ ئەوەی وردەكاریی چارەسەركردنەكە بزانیت.

ڤیدیۆ: 14ی تەمموزی 2021/ سێ ئەفسەری كەركوك سڵاوی سەربازی لێدەدەن لەكاتی سرودی نەتەوەیی توركمانی.

سەرچاوەیەکی تر نزیك لە بەرەی توركمانی، بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "ساڵانە مەراسیمی رۆژی شەهیدانی توركمان بەڕێوەدەچێت و تیایدا ئەفسەران و لێپرسراوان بەشداریی دەكەن و ئامادە دەبن... سرودی نەتەوەیی توركمانی لێدەدرێت و سڵاوی سەربازیش دەكرێت، بەڵام هیچ كات نەبووە بەكیشە".

"پێدەچێت ئەمساڵ کەسێک ئاگرەکەی خۆشکردبێت بۆ ئەوەی سزابدرێن، بەڵام خۆشبەخاتە سەرینەگرت و كۆتایی پێهێنرا و چارەسەر كرا".

ئەو سێ ئەفسەرە، هەریەكە لە عەمید تەها سەلاحەدین، بەڕێوەبەری هۆبەی بازگەکان، عەقید مستەفا نەوزاد، بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی قۆریە و ئەفسەری پلە یەك فاتمه وەحید بون و سەرچاوەكان جەختیانكردەوە لەوەی كە لەم چەند رۆژەدا "دەوامی ئاسایی خۆیان كردووە". بەڵام هیچیان ئەوەی نەدركاند كە كێشەكە چۆن چارەسەر بووە.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT