كرێكارانی كارگەی چمەنتۆی بادۆش لە خۆپیشاندانی ناڕەزایی بەردەوامبن، دژی بڕیارێكی حكومەتی فیدراڵی بۆ گۆڕینی ئەو كارگە نیشتمانییە بۆ وەربەرهێنان، چونكە ترسیان هەیە بەوهۆیەوە نانبڕاوبن.
وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكانی عیراق، بە ئیدارەی كارگەكەشەوە جەخت لەوەدەكەنەوە، ناردنە ماڵەوەی كرێكاران راست نییە، پێدانی بە وەبەرهێنان لە پێناو باشتكردنی ئاستی بەرهەمهێنان و كەمكردنەوەی كاریگەری كارگەكەیە لەسەر پیسبونی ژینگە.
"گرێبەستی وەبەرهێنان لە كارگەی نیشتمانی چیمەنتۆی بادۆش 10 رۆژ لەمەوبەر (هەفتەی پێشوو) واژۆكراوە و لەنێو كرێكارەكانی كارگەكەدا بە توندی رەتدەكرێتەوە" ئەشرەف زاهیر، نوێنەری كرێكارانی كرێی رۆژانەی كارگەكە وای وت.
دەربارەی رەتكردنەوەی ئەو بڕیارە، زاهیر بۆ (كەركوك ناو) رونیكردەوە "كرێكاران پێشبینی دەكەن خاوەنە نوێیەكانی كارگە ژمارەی كرێكار و فەرمانبەرانی كارگە كەمبكەنەوە بۆ كەمتر لە نیوە، وەك ئەوەی لە كارگەكانی دیكەدا رویداوە".
كرێكارەكان لەو وەبەرهێنانە دەترسن كە "بژێوی ژمارەیەكی زۆر خێزان" ببڕێت، لەكاتێكدا كارگەكە هیچ كێشەیەكی نییە و توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی هەندێكجار زیاتر لە چوار هەزار تۆنی رۆژانەیە، ئەوەش هێندەی دیكە گومانی لە گۆڕینی كارگەكە بۆ وەبەرهێنان دروستكردووە، بەوتەی ئەشرەف زاهیر.
كرێكاران پێشبینی دەكەن خاوەنە نوێیەكانی كارگە ژمارەی كرێكار و فەرمانبەرانی كارگە كەمبكەنەوە
ژمارەیەك كارگە لە نەینەوا گۆڕدراون بۆ وەبەرهێنان، سەرەتا لە كارگەی چیمەنتۆی خەدبا یان ناسراو بە حەمام عەلیلەوە دەستیپێكرد، دواتر كارگەی چیمەنتۆی رافیدەین یان سابونچی، پاشان كارگەی چیمەنتۆی شنگال و ئێستاش بادۆش.
بۆچونە ناكۆكەكان
لەكاتێكدا زاهیر دەڵێت كرێكاران و كارمەندانی كارگە دەترسن چارەنوسیان وەك چارەنوسی كرێكارانی كارگەكانی حەدبا، رافیدین و شنگال بێت كە ژمارەیەك بۆ نیوە كەمكرایەوە.
بەڵام عەلی زیدان، بەڕێوبەری یاریدەدەرێتی چیمەنتۆی باكور بە پێچەوانەوە دەڵێت "پرسی دەستبەرداربون لە كرێكاران راست نییە و كارگەكە هەفتەی رابردوو نزیكەی 200 كرێكاری نوێی دامەزراند".
زیدان لە بایەخی خۆپیشاندان و ناڕەزایی كرێكارانی كەمكردەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوە جگە لە گردبونەوەی سادەی چەند كرێكارێكی كرێی رۆژانە هیچی تر نییە و كێشەكە چارەسەر بووە".
ژمارەی كرێكار و كارمەندانی كارگە لە 2014ـەوە تائێستا هەزار و 200 كەسن كە لە سەردەمی داعش كارەكانیان بەجێهێشت (204-2017)، دواتر گەڕانەوە بۆ دەستپێكردنەوەی كار و ئێستاش كارگەكەیان دەگۆڕێت بۆ وەبەرهێنان.
گرێبەستی وەبەرهێنان
عەلی زیدان لەبارەی گرێبەستی وەبەرهێنانی كارگەی چیمەنتۆی بادۆش زانیاری زیاتر ئاشكرادەكات و دەڵێت هەموو كۆمپانیاكانی وەزارەتی پیشەسازی "لە زەرەردان و موچە لە بەخشینە داراییەكان دەدرێت".
"لە مەرجەكانی نێو گرێبەستەكەدا هاتووە پێویستە موچەی كرێكارانی رۆژانە و فەرمانبەران خەرجبكرێت، پێشبینی دەستبەرداربون لە كرێكاران راست نییە، هەرچەندە هێشتا كارگە نەگەیشتۆتە ئەو توانای بەرهەمهێنانەی بیكاتە كارگەیەك قازانج بكات".
هەروەها زیدان وتی لە مەرجەكانی دیكەی گرێبەستەكەدا هاتووە پێویستە چارەسەری فلتەری كارگە بكرێت، چونكە ناوچەكانی دەوروبەری شوێنی نیشتەجێبونن و سكاڵای زۆریان لە خۆڵ و دوكەڵی كارگە هەیە، بۆیە وەبەرهێنەر چارەسەری ئەو كێشەیە و كاریگەری لەسەر پیسبونی ژینگە دەكات.
یاریدەدەرێتی چیمەنتۆی باكور دوای ساڵێك هەڵسەنگاندن بۆ كاری وەبەرهێنەر دەكات تا بزانێت ئاستی پەرەپێدانی كارگە و كارەكانیان لە چ ئاستێكدایە.
لە مەرجەكانی نێو گرێبەستەكەدا هاتووە پێویستە وەبەرهێن موچەی كرێكار و كارمەندان بدات
پیسبونی ژینگە هۆكارەكەیە
وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكانی حكومەتی عیراق دەڵێت لێكەوتە خراپەكانی كارگەكە بۆ سەر ژینگە و پیسبونی كەشوهەوا لەكاتێكدا لە توانای وەزارەتدا نییە چارەسەری بكات یان چاكی بكاتەوە، هۆكار بووە تا كارگەكە بدرێتە وەبەرهێن.
"گۆڕینی كارگەی چیمەنتۆی بادۆش بۆ وەبەرهێنان لە چوارچێوەی رێكارە یاسایییەكان و بەو ئاراستەدایە وەبەرهێنان لە هەموو كارگە سەركەوتوەكاندا بكرێت و كارگە لاواز و سستەكانیش نۆژەنبكرێنەوە تا وەبەرهێنانیان تیادا بكرێت" بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەت.
هەر لەو بەیاننامەیەدا هاتووە كارگەكە بەپێی یاسای كۆمپانیاكان-ی ژمارە 22ی ساڵی 1997 دراوە بە وەبەرهێن بە ئامانجی پەرەپێدان و نوێكردنەوەی هێڵەكانی بەرهەمهێنان، نەهێشتنی كاریگەرییەكانی پیسبونی ژینگە، بە تایبەت دوای ئەوەی فەرمانگەی ژینگەی نەینەوا كارگەی ئاگاداركردۆتەوە چارەسەری كێشەی خۆڵ و دوكەڵەكەی بكات، كە ئەوەش بودجەی زۆری دەوێت و وەزارەت توانای دابینكردنی ئەو بڕە پارەیەی نییە.
هەرچەندە وەزارەت دڵنیایی دەدات كە وەبەرهێنەكە كار لە پەرەپێدانی كارگەكەدا دەكات و پابەندە بە پێدانی موچەی كارمەند و كرێكارانەوە.
بەڵام ئەشرەف زاهیر پێداگری لەسەر ئەوە دەكات كارگەكە لەژێر دەستی حكومەتدا بمێنێتەوە نەك وەبەرهێن، "ئەوەی لە كارگەكانی دیكەدا بینیمان باش نەبوو، چونكە كرێكارەكان لە كارەكانیان دورخرانەوە و ئەوانەیشی ماونەتەوە كرێی رۆژانە و یان مانگانەیان بڕاوە".