لە سنونێ قەیرانی بەنزینە

نەینەوا/ تەمموزی 2021/ سەرەی شۆفێران لە بەنزینخانەی حكومی سنونێ بۆ وەرگرتنی بەنزین فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

عەمار عەزیز – نەینەوا

بەشە بەنزینی ناحیەی سنونێ بۆ نیوە كەمدەكرێتەوە و شۆفێران دوای چەندین كاتژمێر مانەوە لەسەرەدا بەنزینیان بەردەكەوێت.

قەیرانی بەنزین نزیكەی مانگێكە لە ناحیەی سنونێی قەزای شنگال بەردەوامە و تائێستا وادەی چارەسەری كێشەكە نادیارە.

"لە كاتژمێر 4 و 5ی بەیانییەوە دەچینە دەرەوە و نزیكەی 10 كاتژمێر سەرە بۆ بەنزین دەگرین، تا بتوانین بەنزینی حكومی وەربگرین، زۆرجار سەرەی یەنزین یەك كیلۆمەتر درێژە، هەندێكجار 300 ئۆتۆمبێل وەستاون" نایف جوندی، هاوڵاتی دانیشتوی سنونێ وادەڵێت.

نایف دەڵێت نرخی بەنزینی بەنزینخانەكان ئەهلییەكان هەر لیترێكی بە 800 دینار و لە توانای خەڵكدا نییە ئەو بەنزینە بكڕن بۆیە رودەكەنە بەنزینخانەی حكومی هەر لیترێك بە 450 دینارە.

لە تەواوی ناحیەی سنونێدا تەنیا یەك بەنزینخانەی حكومی هەیە.

نایف وتی ئەو بەنزینخانەیە ناتوانێت پێداویستی هەموو دانیشتوانی ناوچەكە پڕبكاتەوە، بۆیە "داواكارین هەرچی زووە ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت و لە سەرەگرتن رزگارمان بكەن".

تاكە بەنزینخانە حكومییەكەی سنونێ لە كاتژمێر 8ی بەیانی تا 12 نیوەڕۆ و بە شێوازی تاك و جوت (رۆژێك بۆ ئۆتۆمبێلی ژمارە تاك و رۆژێك بۆ ئۆتۆمبێلی ژمارە جوت)بەنزین بە شۆفێران دەدات.

snwnne
نه‌ینه‌وا، 2020، شەقامێكی سەرەكی لە ناوەندی ناحیەی سنونێی قەزای شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

خودێدا چوكی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ بە وەكالەت بە (كەركوك ناو)ی وت "نزیكەی مانگێكە ئیدارەی پارێزگای نەینەوا بەشە بەنزینی ناحیەكەی كەمكردۆتەوە، پێشتر نزیكەی 20 هەزار لیتر رەوانە دەكرا و ئێستا نزیكەی 10 بۆ 11 هەزار لیتر دەنێرن، ئەوەش بڕێكی كەمە بۆ نزیكەی 125 هەزار دانیشتوی سنونێ".

ئەوەی شۆفێرانی زیاتر نیگەرانكردووە هەندێكجار سەرباری وەستانیان بۆ ماوەیەكی زۆر لە سەرەدا بەڵام بەنزینیان بەرناكەوێت.

سەیدۆ موراد، یەكێكە لەو شۆفێرانەی وای بەسەرهاتووە و لە 7ی بەیانییەوە سەرەی گرتووە، بەڵام كات گەیشتۆتە 12ی نیوەڕۆ و بەبێ بەنزین گەڕاوەتەوە.

ماڵی سەیدۆ لە كۆمەڵگەی بۆركی سەر بە سنونێیە و كاری زۆری بە بەنزین هەیە بەوپێیەی بەرهەمی زەوییە كشتوكاڵییەكانی بە ئۆتۆمبێلەكەی خۆی دەگوازێتەوە نەك بارهەڵگر، "ناتوانین بەنزینی ئەهلی بكڕین چونكە گرانە، بەوشێوەش بەنزینمان دەستناكەوێت، داواكارین بە زویی كێشەكە چارەسەر بكرێت".

ئیدارەی سنونێ چەندینجار داوای چارەسەری كێشەكەی لە نەینەوا كردووە بەڵام پێیڕاگەیاندون بەشە بەنزینی هەموو ناوچەكان كەمكراوەتەوە و تەنیا ئەو ناحیەیە نییە.

بەڕێوەبەری ناحیەكە وتی "خەڵكی ناحیەكە زۆرینە هەژارن و ناتوانن بەنزین لە بەنزینخانە ئەهلییەكان بكڕین، زۆریان جوتیارن، بۆیە داوای چارەسەری كێشەكەمان كردووە بەڵام سودی نەبووە".

سنونێ دەكەوێتە باكوری خۆرئاوای قەزای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ) له‌ روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایە و ناوچەی جێناكۆكە لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT