ژمارەی ئەو هاوڵاتییە كەركوكییانەی روو لە بنكەكانی وەرگرتنی ڤاكسین دەكەن لە زیادبوندایە، بەهۆی هەڵكشانی ژمارەی توشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە.
بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، لە ماوەی 10 رۆژدا (23ی تەمموز – 1ی ئاب) زیاتر لە 30 هەزار هاوڵاتی لە كەركوك جۆرە جیاوازەكانی ڤاكسیۆنی كۆرۆنایان وەرگرتووە.
لە 23ی تەمموزدا ژمارەی وەرگرانی ڤاكسیۆن لە رۆژێكدا زیاتر لە 600 كەس بووە و بەپێی دوایین ئامار لە 1ی ئاب وەرگرانی ڤاكسین لە رۆژێكدا گەیشتۆتە زیاتر لە هەزار و 600 كەس.
"ڤاكسین وەك كەشتییەكەی نوح وایە تا بپەڕیتەوە بۆ كەناری ئارامی و بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنادا سەربكەویت" بەشدار ئەركان (28 ساڵ)، هاوڵاتی كەركوك وای وت.
ئەركان بەلایەوە گرنگ نییە كێ ڤاكسینی دۆزییەوە و كێ بەرهەمیدەهێنێت، هێندەی بەلاوە گرنگە ئەو ڤاكسینە لە مەترسییەكانی توشبون بە كۆرۆنا بپارێزێت.
ئەو گەنجە ڤاكسیۆنی كۆرۆنای وەرگرتووە و نەكەوتۆتە ژێر كاریگەری دەنگۆ و گومانەكان لەسەر ڤاكسینەكان، كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكراونەتەوە، چونكە توانیویەتی لە سەرچاوەی پزیشكی تایبەتەوە زانیاری لەسەر ڤاكسینەكە وەربگرێت.
هەروەها وتی دوای وەرگرتنی ڤاكسینەكە كاریگەری لاوەكی توندی نەبووە و داواشیكرد هاوڵاتیان پەلە لە وەرگرتنی ڤاكسین بكەن و خۆیان بپارێزن.
بەپێی ئامارەكانی تەندروستی كەركوك تائێستا 73 هەزار و 624 كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە كە زیاتر لە 47 هەزاریان ڤاكسینی جۆری فایزەر بووە، زیاتر لە 13 هەزار ژەمی ئەسترازێنیكا و زیاتر لە 13 هەزاریشیان سینۆفارم بووە.
بڵاوبونەوەی زانیاری گوماناوی
سەرباری زیادبونی ژمارەی وەرگرانی ڤاكسیۆن، بەڵام هێشتا هەندێك هاوڵاتی وەك خەڵەف عومەر (33 ساڵ)، ترسی لە وەرگرتنی ڤاكسین هەیە.
عومەر "هەرگیز" بیر لە وەرگرتنی ڤاكسیۆن ناكاتەوە و هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە متمانەی بە جۆرەكانی ڤاكسین نییە بەهۆی ئەو زانیارییانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە خوێندویەتیەوە، ئەوەش وایكردووە "دودڵ بێت و بترسێت".
ئەوەش لە كاتێكدایە ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لە هەڵكشانی بەردەوامدایە و رۆژانە زیاتر لە 500 هاوڵاتی كەركوك توشی ڤایرۆسەكە دەبن.
بەشدار ئەركان دەڵێت هەندێك لە هاوڵاتیان بەهۆی "كەمی هۆشیاری"ـیەوە هەواڵی ناڕاست بڵاودەكەنەوە كە پشت بە سەرچاوەی پزیشكی نابەستێت.
پێشتر و لە 23ی تەمموزدا تەندروستی كەركوك هۆشداری بە هاوڵاتیان دا كە چیتر شوێنی نەخۆش لە نەخۆشخانەكانی تایبەت بە كۆرۆنا نەماوە و بەپێویستی زانی هەرچی زووە خەڵك خۆیان بكوتن.
ژمارەی دانیشتوانی كەركوك زیاتر لە ملیۆنێك و 600 هەزار كەسە و تائێستاش زیاتر لە 56 هەزار كەس توشی كۆرۆنا بون كە لەو ژمارەیە هەزار و 84 كەس گیانیانلەدەستداوە.
هێشتا ترس لای بەشێك لە هاوڵاتیان هەیە دەربارەی وەرگرتنی ڤاكسین
چالاكوانان شەڕی زانیاری ناڕاست دەكەن
چالاكوانانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەڵمەتێكی هۆشیارییان دەستپێكردووە بە ئامانجی هاندانی هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا و بڵاوكردنەوەی زانیاری دروست و پاڵپشت بە سەرچاوەی زانستی و پزیشكی.
شنای قەرناز (32 ساڵ)، یەكێكە لە چالاكوانانی هەڵمەتی (لەگەڵ ڤاكسیندام) و بەرپرسیارێتییەكەی ئەوەیە بەرەنگاری بڵاوكراوەی "چەواشەكار" بكات دەربارەی ڤاكسینی كۆرۆنا.
ئامانجێكی هەڵمەتەكانی نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان "هاندانی هاوڵاتیانی كەركوكە بۆ وەرگرتنی ڤاكسین" و دانانی سنورێكە بۆ بڵاوبونەوەی ئەو دەنگۆیانەی دەربارەی ڤاكسینەكان هەن.
"هێشتا ترس لای بەشێك لە هاوڵاتیان هەیە دەربارەی وەرگرتنی ڤاكسین، بەڵام ئەو جۆرە بیركردنەوانە رۆژ بە رۆژ ژمارەیان لە كەمبونەوەدایە" بەوتەی قەرناز.
كەركوك/ 23ی تەمموزی 2021/ نەبیل حەمدی، بەڕێوەبەری تەندروستی باس لە مەترسییەكانی كۆرۆنا دەكات
تەندروستی: ڤاكسین كۆرۆنا دەبەزێنێت
"كەركوك لە بارودۆخێكی خراپی كۆرۆنادایە، بارودۆخەكە خراپتریش دەبێت ئەگەر هاوڵاتیان پابەندی هەموو رێكار و هۆكارەكانی خۆپارێزی نەبن یان ڤاكسین وەرنەگرن" دكتۆر نەبیل حەمدی بوشناق، بەڕێوەبەری تەندروستی كەركوك وادەڵێت.
بوشناق بە (كەركوك ناو)ی وت دەیان هاوڵاتیان رویان لە ناوەندەكانی وەرگرتنی ڤاكسین كردووە، پرۆسەكە بە ئاسایی بەڕێوەدەچێت و داواكاریشیان لە هاوڵاتیان ئەوەیە خۆیان بكوتن تا كۆرۆنا ببەزێنن.
لە پارێزگای كەركوك 51 بنكە و ناوەندی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا هەیە و لە زانكۆی تەكنیكی باكوریش بنكەیەك بۆ كوتانی خوێندكار و مامۆستا و وانەبێژان كراوەتەوە.
زیادبونی ژمارەی وەرگرانی ڤاكسین بەهۆی هۆشیاری هاوڵاتیان و هەڵمەت و هاندانی تەندروستییەوە هەیە بۆ راستكردنەوەی زانیاری ناڕاست و چەواشەكار، ئەوەش بەوتەی بەشدار ئەركان.
لە تەواوی عیراقدا نزیكەی ملیۆنێك و 800 هەزار كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە و ژمارەی توشبوانی كۆرۆناش گەیشتۆتە زیاتر لە ملیۆنێك و 600 هەزار كەس.