سێ رۆژە كارەبای هەرسێ ناحیەی سەعدییە، جەلەولا و قەرەتەپە لە پارێزگای دیالە بچڕاوە، ئەوەش لە ئەنجامی هێرشێكی چەكداریی "داعش" كە بۆتەهۆی تەقاندنەوەی تاوەری كارەبای ناوچەكە.
ئەو هێرشە بەرەبەیانی شەممە 31ی تەمموز كرایە سەر فرقەی پێنجی سوپای عیراق لە نزیك پردی حەلوان لە نێوان قەزای خانەقین و ناحیەی جەلەولا. لە هێرشەكەدا جگە لە تەقاندنەوەی تاوەری گواستنەوەی كارەبای سێ ناحیە، چوار سەربازی سوپاش كوژران.
ئەحمەد سامر، بەڕێوەبەرى ناحیەی سەعدییە بە (كەركوك ناو)ی وت "سێ رۆژە تاوەری كارەباكە تەقێنراوەتەوە، بەهۆیەوە ئەو سێ ناحیەیە بێ كارەبای نیشتیمانین... ئێستا هاوڵاتیان تەنیا پشت بە كارەبای مۆلیدە دەبەستن، بەڵام خاوەنی مۆلیدەكانیش ئامادەنین كارەبای زیاتر بدەن و ئێمەش ناتوانین لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكەین، بۆیە رۆژانە هاوڵاتیان چەندین كاتژمێر بەبێ كارەبا بەڕێدەكەن".
"داواكارین حكومەتی عیراق پەلە بكات لە زیادكردنی بەشە گازی مۆلیدە ئەهلییەكان بۆ ئەوەی تا تاوەرەكان چاكدەكرێنەوە بتوانن كارەبای زیاتر بە هاوڵاتیان بدەن"، ئەحمەد سامر كە هاوكات بەوەكالەت بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولایە وای وت.
شنۆ محەمەد، دانیشتوی گەڕەكی تەلیعە لە ناحیەی جەلەولا، وتی "جاری وا هەیە نیوەی شەو مۆلیدەكان دەكوژێنرێنەوە و ناچار دەچین لەبەر دەرگا دادەنیشین... نەخۆشمان لەماڵەوە هەیە و تەندروستی لەبەر گەرما خراپتر بووە... خواردن و گۆشتی ناو بەفرگرەمان هەموی تێكچووە".
جاری وا هەیە نیوەی شەو مۆلیدەكان دەكوژێنرێنەوە و ناچار دەچین لەبەر دەرگا دادەنیشین
جەختیشیكردەوە لەوەی زۆرێك لە خێزانەكان لەبەر زۆری نرخەكەی، ناتوانن ئەمپێری كارەبای زیاتر رابكێشن. ئەوەش هۆكاری تێكچونی ئەو خواردنانەیە كە لەناو بەفرگرە هەڵیانگرتووە.
مانگی رابردوو نرخی هەر ئەمپێرێكی مۆلیدە ئەهلییەكان لە جەلەولا 13 هەزار دینار بوو... هەندێك مانگیش بڕەكەی زیاترە.
شنۆ وتی "چوار ئەمپێر كارەبای مۆلیدەمان هەیە، زۆركات تەنیا فێنككەرەوەكان دادەگیرسێنین، ئەگەر مۆلیدە بكوژێنرێتەوە ئەوە دەبێت خەمی ئاوی سارد-یش بخۆین".
ئەوەش لەكاتێكدایە لە سێ رۆژی رابردودا پلەكانی گەرما لەو ناوچانە لە نێوان 43 بۆ 46 پلەی سیلیزی-دا بوو.
روناک حەمید، دانیشتوى ناحیەى قەرەتەپەش وتی "هەموو خواردنی ناو بەفرگرەم تێكچون... خاوەن مۆلیدەکان کارەباى پێویستمان نادەنێ و ناتوانین هیچیان لەگەڵدا بڵێین".
هەموو خواردنی ناو بەفرگرەم تێكچون
وەسفى تەمیمی، بەڕێوەبەرى ناحیەى قەرەتەپە بۆ (کەرکوك ناو)، وتی "ئەو تاوەرەی تەقێنراوەتەوە، كارەبای بۆ هەرسێ ناحیەی جەلەولا، سەعدییە و قەرەتەقە دەگواستەوە... ئێستا پێداویستییەكانی تاوەرەكانیان هێناوە و تەنیا وایەرەكانی ماوە بیبەستن، بەم نزیكانە كارەبای نیشتیمانی بۆ ئەو سێ ناحیەیە دەگەڕێتەوە".
جەختیشكردەوە "سێ گۆشەی ناحییەكانی قەرەتەپە، سەعدییە و جەلەولا سەقامگیر نییە و ناوبەناو چەكدارانی داعش لەو ناوچانە چالاكی دەكەن... ئەو تاوەرانە پاسەوانی هەیە، بەڵام ناوچەكە بەگشتی دۆڵ و شاخ و بەرزاییە و پاراستنی ئەمنیەتیان ئاسان نییە".
ئەو سێ ناحیەیە سەر بە قەزای خانەقینن، لە باكوری خۆرهەڵاتی پارێزگای دیالە و دانشیتووانەكەی تێكەڵەیەكن لە عەرەب، كورد و توركمان.