دەیان هۆڵی تاقیكردنەوەی پۆلی سێیەمی ناوەندی لە كەركوك هیچ ئامێرێكی فێنككەرەوەی تیا نییە، لەكاتێكدا پلەكانی گەرما لە یەكەم رۆژدا گەیشتە 45 پلەی سیلیزی. هەرچەندە پەرورەدە جەختدەكاتەوە لەوەی كۆگاكانیان "پڕن لە ئامێری فێنككەرەوە".
یەكشەممە یەكی ئاب، تاقیكردنەوەكانی پۆلی سێی ناوەندی لە تەواوی عیراق جگە لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد، تیایدا لە پارێزگای كەركوك 39 هەزار خوێندكار بەشداربون و بەسەر 28 بنكەدا دابەشبون.
فاتن عەبد یەكێك لە خوێندكارانی سێی ناوەندی و لە قوتابخانەی شەهبا تاقیكردنەوە دەكات، وتی "لەو هۆڵەی ئێمەی تیابوین تەنیا دوو پانكە ئیشی دەكرد، بەڵام كاتژمێر هەشت كارەبا بڕاو مۆلیدەی قوتابخانەش كاری نەدەكرد... دوو قوتابیمان چەند جارێك گەیشتنە ئاستی بورانەوە لەبەر پلەی گەرما...".
مامۆستاكانی ئەو هۆڵە چەند جارێك ئاوی ساردیان بەسەر خوێندكارەكاندا دابەشدەكرد بۆ ئەوەی خوێندكاران بیخۆن یان دەموچاویان بشۆن و خۆیان فێنك بكەنەوە، وەك فاتن عەبد وتی.
بەڵام ئەو وتی "كاریگەری هەبوو لەسەر وەڵامدانەوەی خوێندكاران، دوو هاوڕێم زۆر زیرەكن، بەڵام كە هاتنە دەرەوە وتیان بە باشی وەڵاممان نەداوەتەوە لەبەر گەرما، خۆشم بە هەمان شێوە".
ئەمڕۆ سێشەممە 3ی ئاب دووەم رۆژی تاقیكردنەوەكان بوو، بەڵام هێشتا ئەو كێشەیە چارەسەرنەكراوە.
پۆڵا عەلی، خوێندكارێكی تری سێی ناوەندی و لە قوتابخانەی حاجی قادری كۆیی تاقیكردنەوە دەكات، وتی "هۆڵەكەمان هەشت موبەڕیدەی تیابوو، بەڵام هیچیان دانەگیرسێنران، نازانین هۆكارەكەی چی بوو! تەنانەت كارەباش هەبوو... زۆر ناڕەحەت بوو، ئارقەمان دەكردەوە و بەزۆر هەناسەمان دەدا".
"هۆڵەكەمان هەشت موبەڕیدەی تیابوو، بەڵام هیچیان دانەگیرسێنران
بەپێی بەدواداچونی پەیامنێری (كەركوك ناو)، ئەو كێشەیە لە زۆرینەی هۆڵ و بنكەكانی تاقیكردنەوەدا هەبوو، زۆرینەش پەروەردەی كەركوكیان تۆمەتبار دەكرد.
مامۆستا محەمەد جەلیل، چاودێری هۆڵەكانی تاقیكردنەوە لە دواناوەندی عەدەنی كوڕان، وتی "نەبونی ئامێری فێنككەرەوە كێشەی لەناو هۆڵەكاندا دروستكردووە، بەشێک لە قوتابخانەکان ئامێری فێنکەرەوەی تیایە، بەڵام کاری پێنەکراوە، دەبوو پێشوتر ئامادەکاری تەواو بۆ ئەوە بكرایە".
"لەگەڵ زۆرێك لە هاوپیشەكانم لە بنكەكانی تری تاقیكردنەوە قسەم كردووە، ئەوانیش روبەڕوی هەمان كێشە بونەتەوە... لە چەند هۆڵێك هاوڕێیەكانم وتیان حاڵەتی بێهۆش بونی خوێندكار هەبووە بەهۆی گەرماوە"، مامۆستا محەمەد جەلیل وای وت.
جەختیشیكردەوە "تەنانەت هەندێك بنكە ئاوی خواردنەوەشی بۆ دابیننەكراوە... ئێمە داوا دەكەین ئەو كێشەیە بەزوترین كات چارەسەر بكرێت".
ئەو 39 هەزار خوێندكارە لە 28 بنكەدا تاقیكردنەوە دەكەن، هەر بنكەیەكیش لە ژمارەیەك هۆڵی تاقیكردنەوە پێكدێت.
جاسم عساف، لێپرسراوی بەشی تاقیكردنەوەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە نازانین لەكام هۆڵ فێنككەرەوە نییە و لەكام هۆڵ بێ كێشەن، دەبوو پێش تاقیكردنەوەكان بەڕێوەبەری بنكەكان ئێمەیان ئاگاداربكردایەتەوە لەوەی چەند ئامێریان پێویستە... ئێستاش هیچ نەبووە دەتوانن هەر ئێستا نوسراومان بۆ بكەن و چییان بوێت بۆیان دابینبكەین".
جەختیشیكردەوە "لە کۆگاكانی پەروەردە هەموو پێداویستیی و ئامێرێكی فێنككەرەوەیەك هەیە، بۆ رۆژێكی وەكو ئەمڕۆ نەبێت بۆچیمانە، چ بنكەیەك پێویستی بە ئامێری فێنككەرەوەیە با داوای بكات".