گیانلەدەستدانی میدیا فەیزوڵا، ژنە پاڵەوانی بەرزكردنەوەی قورسایی لە عیراق و كوردستان بە تەقەی چەكدارێك لە نێو ماڵەكەی خۆیدا لە كەركوك، بەهۆی "ناكۆكی خێزانییەوە" بووە، ئەوەش بەپێی لێكۆڵینەوەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەكان.
میدیا فەیزوڵا، یاریزانی بەرزكردنەوەی قورسایی و هاوسەری پاڵەوانی نێودەوڵەتی محەمەد شەمسەدین، بەیانی شەممە 7ی ئابی 2021 گیانیلەدەستدا، دوای چەند رۆژێك لە برینداربونی.
ئێوارەی 27ی تەمموزی 2021 چەكدارێك هێرشدەكاتە سەر ماڵی ئەو ژنە لە شاری كەركوك، دوای برینداركردنی میدیا و منداڵێكی، بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵدێت.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەكان لە پارێزگای كەركوك، لە بەیاننامەیەكدا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی دەربارەی ئەو دۆسیەیە ئاشكراكرد كە تێیدا هاتووە ئەو چەكدارەی هەڵیكوتاوەسەر ماڵی میدیا فەیزوڵا، جلوبەرگی سەربازی لەبەردا بووە لەگەڵ كەسێكی دیكەدا بووە.
هەردوكیان ئۆتۆمبێلی قەمەرەی جۆری نیسانی پێ بووە، كە ژمارەی ساختەی لێ بەستراوە، بەپێی بەیاننامەكەی پۆلیس.
محەمەد شەمسەدین، هاوسەری میدیا كە كارمەندی بەشی یاری و راهێنانی جەستەیی فەرماندەیی پۆلیسی كەركوكە لەكاتی روداوەكەدا لە ماڵ نەبووە.
ئەو تۆمەتبارەی هێرشەكەی كردووە "بە هێزی چەكەوە چۆتە ژورەوە و ئامادەنەبونی هاوسەرەكەی بەهەل زانیوە، تەقەی لە میدیا فەیزوڵا و كچەكەی تەمەن 10 ساڵانەكەی كردووە، دواتر بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتووە".
پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەكان ئاماژەی بەوەدا دەستبەجێ لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردووە و لە 72 كاتژمێردا گەیشتون بە ئەنجام، دەركەوتووە "پاڵنەری تاوانەكە بەهۆی ناكۆكی خێزانییەوە بووە".
یەكێك لە تۆمەتبارەكان دەستگیركراوە و بەوتەی پۆلیس دانی بە تاوانەكەیدا ناوە، بەڵام تۆمەتباری دوەم بەرەو هەرێمی كوردستان هەڵاتووە، هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی هەرێمی كوردستان كراوە تا ئەو تۆمەتبارەش دەستگیربكرێت و رادەستبكرێتەوە.
میدیا فەیزوڵا، پاڵەوانی عیراق و هەرێمی كوردستان بووە لە بەرزكردنەوەی قورساییدا و ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێ،ەبەری سەندیكای وەرزشی كەركوك بووە.
محەمەد شەمسەدین، هاوسەری میدیا بە (كەركوك ناو)ی وت پشتڕاستیكردەوە لە هێرشە چەكدارییەكەی ئێوارەی 27ی تەمموز بۆ سەر ماڵەكەی لە گەڕەكی كوردستان (فەیلەقی پێشوو) هاوسەر و لەیلای كچی برینداربون.
ڤیدیۆ: میدیا فەیزوڵا، (دوەم كەس لە ڤیدیۆكەدا قسەدەكات) باس لە بەشداری ژنان لە پاڵەوانێتییەكانی بەرزكردنەوەی قورساییدا دەكات/ ئەرشیفی (كەركوك ناو) - 2019
"دوای ئەوە میدیا گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و چەند نەشتەرگەرییەكی گەورەی بۆ كراوە، بەڵام باری تەندروستی ناجێگیر بووە، بۆیە بەیانی شەممە بەهۆی برینەكەیەوە گیانیلەدەستدا" بەوتەی محەمەد.
محەمەد شەمسەدین لە ساڵانی 2005 تا 2017 یاریزانی هەڵبژاردەی عیراق بووە، نازناوی پاڵەوانێتی عەرەب و بەهێزترین پیاوی ئاسیای بۆ ساڵی 2019 بەدەستهێناوە.
میدیا فەیزوڵا، لە ساڵی 2019دا و دوای بەشداریكردنی لە پاڵەوانێتییەكەی بەرزكردنەوەی قورساییدا، لە راپۆرتێكی ڤیدیۆیی (كەركوك ناو) دەربارەی بەشداری ژنان لەو جۆرە وەرزشەدا قسەی كردووە و دەڵێت هاوسەرەكەی زۆر هاوكاری كردووە و توانیویەتی پلەی یەكەم لە هەرێمی كوردستان بەدەستبهێنێت.
هەروەها باس لەوەدەكات ئەوان یەكەم گروپی ژنان بون لە كەركوك بەشداری وەرزشی بەرزكردنەوەی قورسایی بكەن و هانی ژنانی دیكەش دەدات بەشداری بكەن.