لەتاو گەرما و نەبونی مەلەوانگە
خەڵكی داقوق لە پڕۆژەیەكی ئاودێریدا مەلە دەكەن

كەركوك/ ئابی 2021/ ژمارەیەك گەنج و منداڵی داقوق لە پڕۆژەیەكی ئاودێریدا مەلە دەكەن بەهۆی نەبونی مەلەوانگەوە. فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

محەمەد ئەڵماس – داقوق

خەڵكی داقوق بۆ مەلەكردن روو لە پڕۆژەیەكی ئاودێری دەكەن كە بەدوری 6كم دەكەوێتە باشوری قەزاكەوە، ئەوەش بەهۆی نەبونی مەلەوانگەوە.

پەنابردنی خەڵكی داقوق بەتایبەت گەنجان و منداڵان بۆ مەلەكردن لە پڕۆژەیەكی ئاودێریدا هاوكاتە لەگەڵ بەرزی پلەكانی گەرما كە هەندێك كات نزیكدەبێتەوە لە 50 پلەی سیلیزی. هەروەها بەهۆی كەمی بڕی كارەباوەیە.

غەمبار زەنگەنە، گەنجێكی گوندی یەنگیجەیە لە داقوق، وتی "پلەكانی گەرما زۆر بەرزە، كارەبای نیشتیمانیش لە گوندەكەمان بەپێی پێویست نییە، هەندێك كات لە 24 كاتژمێردا تەنیا شەش كاتژمێر هەیە، بۆیە هەر كە كارەبا دەبڕێت بۆ خۆفێنككردنەوە دەچینە پڕۆژەی ئاودێری داقوق".

لە گوندەكەی ئەوان كارەبای مۆلیدە نییە، "گەرماش تەنگی پێ هەڵچنیوین، هەركات كارەبا دەبڕێت تاكە شوێن بۆ خۆفێنككردنەوە پڕۆژەی ئاوەكەیە".

هەركات كارەبا دەبڕێت تاكە شوێن بۆ خۆفێنككردنەوە پڕۆژەی ئاوەكەیە

پڕۆژەی ئاودێری داقوق، تایبەتە بە زەوییە كشتوكاڵییەكانی سنوری ئەو قەزایە و دوو كیلۆمەتر لە گوندی یەنگیجەی شوێنی نیشتەجێبونی غەمبارەوە دورە، هەروەها شەش كیلۆ مەتریش لە ناوەندی قەزای داقوق.

ناجی جادر، یەكێكی تر لەو گەنجانەی بۆ مەلەكردن و بەتایبەت بۆ خۆفێنككردنەوە دەچێتە ئەو گوندە، وتی "لە داقوق ھیچ مەلەوانگەیەك نییە، چەند جارێكیش داوای كردنەوەی مەلەوانگەمان كردووە، بەڵام بێسود بووە... بۆیە بەناچاری ئێرەمان بۆ مەلەكردن هەڵبژاردووە".

شوێنەكە بۆ مەلەكردن شیاو نییە و پانتایی ئاوی پڕۆژەكەش بچوكە، بەڵام ناجی و دەیانی تر دەڵێن هەر چۆنێك بێت خۆیان فێنكدەكەنەوە.

mala2
كەركوك/ ئابی 2021/ مەلەكردنی ژمارەیەك گەنجی داقوق لە پڕۆژەیەكی ئاودێریدا. فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

ئەرشەد ساڵح، گەنجێكی تر كە زۆرینەی رۆژەكان لەو پڕۆژەیە خۆی فێنك دەكاتەوە، وتی "شوێنەكە بۆ مەلەكردن نابێت و بچوكە، ئاوەكەشی زۆر پاك نییە، بەڵام ناچارییە".

"هەر كە كارەبا دەبڕێت، منداڵەكانم هاوار دەكەین دەڵێن سوتاین لە گەرما با بچین بۆ مەلە، رۆژانە دوو كاتژمێر لێرە دەبن"، ھێمن شکور باوكی دوو منداڵ (كوڕ و كچێك) وایوت.

خۆفێنككردنەوە و مەلەكردن لەو پڕۆژەیە لەكاتێكدایە لە سنوری داقوق هیچ مەلەوانگەیەك نییە.

جاسم رۆبیتان، بەڕێوەبەری کۆڕبەندی لاوانی داقوق - سەر بە بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و لاوانی كەركوك-، بە (كەركوك ناو)ی وت "دەیانجار داواكاریمان بۆ كردنەوەی مەلەوانگەیەك پێشكەش كردووە، دواینجار رەزامەندییان نیشانداوە بۆ كردنەوەی مەلەوانگەیەك لەڕێی وەبەرهێنەرێكەوە و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا بكرێتەوە، چونكە نیوەی زیاتری كارەكانی تەواو بووە".

كردنەوەی ئەو مەلەوانگەیە، دەبێتە یەكەم مەلەوانگە لەو قەزایە كە ژمارەی دانیشتووانەكەی نزیكەی 97 هەزار كەس دەبێت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT