"چەكدارانی داعش"، لە سێ هێرشی جیاوازدا لە حەویجە و گەیارە، كرێكارێك سەردەبڕن و چەكدارێكی حەشدی عەشایەریش دەكوژن، لەگەڵ تەقاندنەوەی چەند تاوەرێكی كارەبا، ئەوەش لە ماوەی 48 كاتژمێری رابردودا.
شەوی رابردوو 9ی ئاب، "داعش"، هێرشیكردە سەر هێزێكی حەشدی عەشایەری لە ناحیەی گەیارە سەر بە پارێزگای نەینەوا و لە روبەڕوبونەوەكاندا بەپێی سەرچاوەیەكی حەشدی عەشایەری بۆ (كەركوك ناو) "چەكدارێكیان لێ كوژراوە و دووانی تر برینداربون".
هەمان شەو و كاتژمێر 11 لە ناحیەی ریاز سەر بە قەزای حەویجە لە باشوری خۆرئاوای كەركوك، لەڕێی بۆمبی چێنراوەوە ژمارەیەك تاوەر كراونەتە ئامانج و تەقێنراونەتەوە، بەهۆیەوە كارەبای چەند ناوچەیەكی قەزاكە بچڕاوە.
لە شەوی 8ی ئاب-یش، ژمارەیەك چەكداری تر، كە هێزە ئەمنییەكان بە "داعش"، ناویان دەبەن، هێرشیانكردە سەر ژمارەیەك كرێكار لە نزیک گوندی خازر سەر بە ناحیەی زاب لە قەزای حەویجە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە قەزای حەویجە، بە (كەركوك ناو)ی وت "پێنج كرێكار بون، سەرقاڵی ھەڵکەندنی بیری ئیرتیوازی بون، داعش هەر پێنجیانی دەستگیر كردووە، یەكێكیانی سەربڕیوە، بەڵام چوارەكەی تری ئازاد كردووە".
داعش هەر پێنجیانی دەستگیر كردووە، یەكێكیانی سەربڕیوە، بەڵام چوارەكەی تری ئازاد كردووە
ئەو پێنج كرێكارە دانیشتوی پارێزگای دیالەن.
ئەو كردەوانە هاوكات لەگەڵ زیادبونی هێرش و پەلامارەكان بۆ سەر هێزەئەمنییەكان، هاوڵاتیان و تاوەرەكانی گواستنەوەی كارەبا لە ناوچەكانی جێناكۆكدا لە مانگی ئاب، كە بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی كارەبای عیراق تەنیا لە رۆژانی پێنج و شەش ئابدا 13 تاوەری كارەبا لە سنوری پارێزگاكانی سەڵاحەدین، كەركوك و نەینەوا تەقێنراونەتەوە و بەهۆیەوە پێدانی كارەبای نیشتمانی لەو ناوچانەكەمیكردوە و لە هەندێك شوێنیش بە یەكجاری پچڕاوە و دواتر تاوەرەكان چاككراونەتەوە.
ئەنجومەنی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی لە عیراق، لە كۆبونەوەیەكدا لە 4ی ئاب، بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان جەختیكردەوە لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ پاراستنی تاوەرەكانی گواستنەوەی وزەی كارەبا.