40 روفات لە قەزای دوزخورماتوو لە چاوەڕوانی كەسوكاریاندان تا گۆڕەكانیان هەڵبدرێنەوە و بۆ شوێنێكی تر بگوازرێنەوە، چونكە گۆڕستانەكە بەهۆی دروستكردنی شەقامێكی دووساید لە ناوەڕاستی شارەكە دەگوازرێتەوە.
ئەو گۆڕستانە كە مێژوەكەی بۆ 60 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بەشێكی كە 210 گۆڕ لە خۆدەگرێت دەكەوێتە ناو پڕۆژەی دووسایدكردنی شەقامەكە. بەڵام 40 گۆڕیان نە ناویان بەسەرەوەیە نە كەسوكاریان هاتون تا فۆرمی گواستنەوەی گۆڕەكان واژۆبكەن.
حەسەن زەینڵعابدین، قایمقامی قەزای دوزخورماتوو بە(کەرکوک ناو)ی وت "لیژنەیەكمان بۆ گواستنەوەی گۆڕەكان دروستكردووە، بۆ ئەوەی كارەكە بەشێوەیەكی یاسایی و ئاسایی بڕوات... تەنیا گۆڕستانەكە نییە بەڵكو ژمارەیەك خانوو و دوكانیش كە بەشێوەی زیادەڕۆ دروستكراون و دەكەونە چوارچێوەی پڕۆژەكەوە و تێكدەدرێن".
دووسایدكردنی شەقامی سەرەكی ناو شار درێژییەكەی چوار كیلۆمەترە و بەپێی ئیدارەی قەزاكە قەرەباڵغی ناو شار كەمدەكاتەوە و هاتوچۆی ئۆتۆمبێل ئاسان دەكات.
سەڵاحەدین/ ئابی 2021/ ساتی هەڵكەندنی 210 گۆڕ لە قەزای دوزخورماتوو بۆ گواستنەوەی روفاتی ئەو گۆڕانەی دەكەونە چوارچێوەی پڕۆژەیەكەوە. فۆتۆ: كەركوك ناو
كەسوكاری روفاتەكان بۆ ئەوەی گۆڕەكانیان بۆ بگوازرێتەوە، دەبێت لای ئەو لیژنانە فۆرمی وەرگرتنەوەی روفاتەكان واژۆبكەن و لە گۆڕستانێكی تری قەزاكە شوێنیان بۆ دابینكراوە بۆ بەخاكسپاردنەوەیان.
ئەكرەم خەلیل، كە بەشێوەی خۆبەخش بەشداریكردووە لە گواستنەوەی روفاتەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە ئێستادا 170 گۆڕ گوازراونەتەوە، 40 گۆڕ ماون كە ناویان لەسەر نییە و بڕیارە تا هەینی 13ی ئاب ئیدارەی قەزای دوزخورماتوو چاوەڕێی بكات، بە پێچەوانەوە خۆیان گۆڕەكان دەگوازنەوە... بۆیە داوا لە كەسوكاری ئەو روفاتانە دەكەین سەردانمان بكەن بۆ ئەوەی دوای گۆڕی ئازیزانیان بزانن".
فەرھاد ئەکبەر محەمەد، نوێنەری وەقفی سوننی و سەروکی لیژنەی گواستنەوی روفاتەكان، بە(کەرکوک ناو)ی وت "ئەوانەی گوازراونەتەوە ناویان لەسەر بووە و ناسراونەتەوە و كەسوكاریشیان واژۆی بەڵێننامەكەیان كردووە بۆ ئەوەی شێوازێكی یاسایی وەربگرێت...ئێستا چاوەڕێی ئەوانەین نە ناسراونەتەوە".
پڕۆژەی دووسایدكردنی شەقامی سەرەكی دوزخورماتوو، بە یەكێك لە پڕۆژە گرنگەكانی دەیەی رابردوو دادەنرێت لەو قەزایە، ئەوەش بەپێی لێپرسراوان كە جەختدەكەنەوە لەوەی شارەكە لە قەرەباڵغی و ناڕێكی رزگاردەكات.