كەسێك لە خانەقین بە چەكی كڵاشینكۆف تەقە لە لیژنەی بەدواداچونی زیادەڕۆ دەكات و رێگریی لە روخاندنی دوكانەكەی دەكات كە بەشێوەی زیادەڕۆ دروستیكردووە، بەهۆیەوە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەردەچێت.
ئەو رووداوە نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئاب لە گەڕەكی ئەركەوازی لە خانەقین رویداوە، لەوكاتەی لیژنەكان بە شۆفڵ و بە هاوكاری پۆلیس ویستویانە دوكانەكەی بڕوخێنن كە بەشێوەی زیادەڕۆ دروستیكردووە.
ئاوس ئیبراهیم، سەرۆكی شارەوانى خانەقین، بە (كەركوك ناو)ی وت "دوێنێ لیژنەكانمان خاوەنی دوكانەكەیان ئاگاداركردۆتەوە لە زیادەڕۆكەیی و داوامانكردووە كارەكەی رابگرێت، بەڵام ئەو گوێی پێنەداوە، بۆیە ئەمڕۆ چوار كەس لە ئەندامانی لیژنەكەمان بە هاوكاری پۆلیس بە شۆفڵەوە چونەتە سەر دوكانەكە بە مەبەستی روخاندنی، بەڵام ئەو تەقەی روبەڕوی لیژنەكە كردووە".
"خۆشبەختانە گولـلە بەر كەس نەكەوتووە، بەڵام ئێمە سكاڵامان تۆماركردووە و هەر ئەمڕۆ دادوەر بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەركردووە... تەقەكەرەكە كەسێك بەناوبانگە لە زیادەڕۆییكردن بۆ سەر موڵكی حكومەت و دەستبەسەرداگرتنی، بۆیە پێویستە رابگیرێت و بەپێی یاسا سزای ئەو تەقەكردنەش وەربگرێت".
ئەندامانی لیژنەی بەدواداچونی زیادەڕۆ چوار كەس بون لەگەڵ دوو پۆلیس.
ئاوس ئیبراهیم جەختیكردەوە لەوەی زیادەڕۆیكردن بۆ سەر موڵكی دەوڵەت لە خانەقین دۆسییەیەكی "ئاڵۆزە و پێویستی بە هێزی گەورە و یاسا هەیە بۆ راگرتنی".
ئەم روداوە لەكاتێكدایە سێشەممە 10ی ئاب، سەرۆكی شارەوانی كەربەلا سێ گولـلەی پێوەنراو كوژرا، ئەوەش لەلایەن یەكێك لە هاوڵاتییانەی كە زیادەڕۆی كردبووە سەر موڵكی دەوڵەت و رێگریی دەكرد لە روخاندنی.
ئەمڕۆ چوارشەممە بكوژەكە دەستگیركراو بە ئامادەبونی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق و بەچاوبەستراوی بردرایە شوێنی زیادەڕۆكە و خانووەكەی روخێنرا.