بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك ناسنامەی هەموو ئەو كەسانەی ئاشكراكرد كە تێوەگلاون لە كوشتنی میدیا فەیزوڵا، خانمە یاریزانی بەرزكردنەوەی قورسایی، لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی یەكێك لە دەستگیركراوەكان لە مەراسیمی بەخاكسپاردنەكەیدا ئامادەبووە "بۆ ئەوەی گومانەكان لەسەر خۆی دوربخاتەوە".
میدیا فەیزوڵا، یاریزانی بەرزكردنەوەی قورسایی و هاوسەری پاڵەوانی نێودەوڵەتی محەمەد شەمسەدین، 7ی ئابی 2021 گیانیلەدەستدا، ئەوەش دوای ئەوەی لە ئێوارەی 27ی تەمموزدا چەكدارێك هێرشیكردە سەر ماڵەكەی لە گەڕەكی كوردستان (فەیلەقی پێشوو) لە كەركوك و خۆیی و منداڵەكەی برینداركرد.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كەركوك، لە راگەیەنراوێكدا چوارشەممە 11ی ئاب بڵاویكردەوە "دوای لێكۆڵینەوە لە وردەكاریی تاوانەكە و روبەڕوكردنەوەی تۆمەتبارە دەستگیركراوەكە، تیمی لێكۆڵینەوە لە بەشی نەهێشتنی تاوان توانی بگات بە هەموو ئەوانەی لەو كەیسەدا تێوەگلاون".
لەیەكەم راگەیەنراوێدا لەسەر كەیسەكە، لە رۆژی گیانلەدەستدانی میدیا فەیزوڵا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەكان لە پارێزگای كەركوك، دەستگیركردنی ئەو چەكدارەی راگەیاند كە هەڵیكوتاوەسەر ئەو خانمە و جەختیكردەوە لەوەی "جلوبەرگی سەربازی لەبەردا بووە و كەسێكی تریشی لەگەڵدا بووە".
بەڵام لە راگەیەنراوەكەی پۆلیس لە چوارشەممە 11ی ئابدا هاتووە "دواتر سێ كەسی تر دەستگیركران، دانیان نا بە تێوەگلانیان لە كوشتنی میدیا فەیزوڵا بەهۆی پاڵنەری كەسییەوە"، هەروەها هاتووە "ئەوەی سەیرە یەكێك لەوانەی بەشداربووە لە كوشتنەكە ئامادەی مەراسیمی بەخاكسپاردنەكە بووە بۆ ئەوەی گومانەكان لەسەر خۆی دوربخاتەوە".
ئەوەی سەیرە یەكێك لەوانەی بەشداربووە لە كوشتنەكە ئامادەی مەراسیمی بەخاكسپاردنەكە بووە بۆ ئەوەی گومانەكان لەسەر خۆی دوربخاتەوە
پۆلیس جەختدەكاتەوە لەوەی دوای ئاشكراكردنی چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوانەكە لە شوێنی رووداوەكە و تۆماركردنی دانپێدانانەكان سەبارەت بە چۆنیەتی رێككەوتنیان و چوونیان بۆ سەر ماڵی كوژراوەكە و جێبەجێكردنی تاوانەكە، هەموو تۆمەتبارەكان رەوانەی دادگا كراون". ئەوەش هەر بەپێی بەیاننامەكەیان.
میدیا فەیزوڵا، پاڵەوانی عیراق و هەرێمی كوردستان بووە لە بەرزكردنەوەی قورساییدا و ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری سەندیكای وەرزشی كەركوك بووە.
محەمەد شەمسەدین، هاوسەری میدیا كارمەندی بەشی یاری و راهێنانی جەستەیی فەرماندەیی پۆلیسی كەركوكە لەكاتی روداوەكەدا لە ماڵ نەبووە.
لە یەكەم راگەیەنراویدا لەسەر ئەو دۆسییەیە، پۆلیس روداوەكەی بۆ "كێشەی خێزانی" گەڕاندەوە و بڵاویكردەوە و كە ئەو تۆمەتبارەی هێرشەكەی كردووە "بە هێزی چەكەوە چۆتە ژورەوە و ئامادەنەبونی هاوسەرەكەی بەهەل زانیوە، تەقەی لە میدیا فەیزوڵا و كچەكەی تەمەن 10 ساڵانەكەی كردووە، دواتر بەرەو شوێنێكی نادیار هەڵاتووە".
كچە 10 ساڵانەكەی میدیا لەو روداوەدا برینداربووە و لە ژیاندا ماوە.
ڤیدیۆ: میدیا فەیزوڵا، (دوەم كەس لە ڤیدیۆكەدا قسەدەكات) باس لە بەشداری ژنان لە پاڵەوانێتییەكانی بەرزكردنەوەی قورساییدا دەكات/ ئەرشیفی (كەركوك ناو) - 2019
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو دۆسییەیە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "یەكێك لە تۆمەتبارەكان خزمی محەمەد شەمسەدین هاوسەری میدیایە".
محەمەد شەمسەدین لە ساڵانی 2005 تا 2017 یاریزانی هەڵبژاردەی عیراق بووە لە بەرزكردنەوەی قورسایی، نازناوی پاڵەوانێتی عەرەب و بەهێزترین پیاوی ئاسیای بۆ ساڵی 2019 بەدەستهێناوە.
میدیا فەیزوڵا، لە ساڵی 2019دا و دوای بەشداریكردنی لە پاڵەوانێتیی بەرزكردنەوەی قورساییدا، لە راپۆرتێكی ڤیدیۆیی (كەركوك ناو) دەربارەی بەشداری ژنان لەو جۆرە وەرزشەدا قسەی كردووە و دەڵێت هاوسەرەكەی زۆر هاوكاری كردووە و توانیویەتی پلەی یەكەم لە هەرێمی كوردستان بەدەستبهێنێت.
هەروەها باس لەوەدەكات ئەوان یەكەم گروپی ژنان بون لە كەركوك بەشداری وەرزشی بەرزكردنەوەی قورسایی بكەن و هانی ژنانی دیكەش دەدات بەشداری بكەن.