باخە خورماكانی خانەقین بۆ یەكەی نیشتەجێبون لەناودەبرێن

خانەقین/ ئابی 2021/ باخێكی خورما دوای سوتاندن و وشككردنی. فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

لەیلا ئەحمەد

دەیان باخەوان باخە خورماكانیان لە خانەقین دەبڕنەوە و دەسوتێنن، زەوییەكەی پارچە پارچە دەكەن و بۆ یەكەی نیشتەجێبون دەیفرۆشن. ئەوەش بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەت و بە "پاڵپشتی هەندێك دەستڕۆیشتوو"، ئەمە لەكاتێكدایە لایەنی حكومی دەڵێت پێویستیان بە هێزی گەورە و یاسا هەیە بۆ راگرتنی ئەو زیادەڕۆیانە.

ئەو باخانە كە بەشێكی زۆریان تەمەنیان بۆ 50 تا 70 ساڵ و زیاتر دەگەڕێتەوە، كەوتونەتە بەر هەڕەشەی سوتان و لەناوبردن. پرۆسەكە بەدرەوامی هەیە و چالاكوانی مەدەنی و ژینگەیی ناوچەكەی نیگەران كردووە و دەڵێن لە حاڵەتەوە بۆتە دیاردە.

سەربەست برزۆ، چالاكوانێكی مەدەنی خانەقین، دەڵێت لە دوای ساڵی 2003وە پرۆسەی لەناوبردنی باخەكان دەستیپێكردووە، بەڵام سێ بۆ چوار ساڵ دەبێت "لە حاڵەتەوە بۆتە دیاردە، خەریكە باخی خورما لە خانەقین نامێنێت، باخەوانەكان بەشێكن لەو پرۆسەیە و حكومەتیش بێباكە".

بەپێێ ئامارێكی فەرمانگەی كشتوكاڵی خانەقین، لەو قەزایە دوو هەزار و 254 دۆنم باخی تاپۆ تۆماركراوە، كە زۆرینەیان خورمان، لەگەڵ 160 دۆنم-ی گرێبەست.

"باخەكان لە یەك دۆنمەوە دەستپێدەكات تا 70 دۆنم و زۆربەیان دەكەونە ناو سەنتەری شار"، كامەران عەبدوڵا بەڕێوەبەری كشتوكاڵی خانەقین وای وت. جەختیشكردەوە "تەنیا لە چوار ساڵی رابردودا 200 دۆنم باخ سوتێنراون و دواتر كراون بە نیشتەجێبون".

تەنیا لە چوار ساڵی رابردودا 200 دۆنم باخ سوتێنراون و دواتر كراون بە نیشتەجێبون

بەپێی ئەوانەی قسەیان بۆ (كەركوك ناو)، كردووە زۆرینەی كات باخەوانەكان بە "ئەنقەست و نهێنی" باخەكانیان دەسوتێنن، تا بەو شێوەیە لەناویان ببەن، ئەوەش بۆ ئەوەی روبەڕوی لێپێچینەوەی حكومەت نەبن، هەرچەندە ئەو رێگەیەش رێپێدراو نییە.

سەربەست برزۆ وتی "ئێمە ئاماری 140 باخمان لایە كە لە كۆتایی 2017ەوە تائێستا سوتێنراون و كراون بە شوێنی نیشتەجێبون، زەوییەكان پارچە پارچە دەكرێن و دەفرۆشرێن... ئەو باخەوانانە بە پشتیوانی لێپرسراوان ئەو كارە دەكەن".

xwrmaa
خانەقین/ ئابی 2021/ باخێكی خورما دوای سوتاندن و وشككردنی. فۆتۆ: لەیلا ئەحمەد

چالاكوانانی مەدەنیی و ژینگەیی خانەقین پێیانوایە بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما لەم چەند ساڵەیی دواییدا لە سەنتەری شار، بەشێكی بۆ كەمبونەوەی باخەكان دەگەڕێتەوە.

سەربەست وتی "گەرمای ئێستای خانەقین بە بەراورد بە سەرەتای ساڵی حەفتاكانی سەدەی رابردوو نۆ پلەی بەرزترە".

كۆتایی مانگی تەمموزی ئەمساڵ پلەی گەرما لە خانەقین گەیشتە 50 پلەی سیلیزی.

سەربەست برزۆ وتی "لە عیراق 360 جۆری خورما هەیە، زۆربەی ئەو جۆرانە لە خانەقین هەن، بەڵام وردە وردە لەناودەبرێن، لەكاتێكدا پاراستنی جۆرێتی خورما زۆر گرنگە... ئەوە سامانێكی گرنگی نیشتیمانییە".

"دەتوان بڵێم لەسەدا 80ی باخەكانی ناو شار نەماون".

دەتوان بڵێم لەسەدا 80ی باخەكانی ناو شار نەماون

بەپێی یاسای پاراستنی زەوییە كشتوكاڵییەكان ژمارە 3ی ساڵی 2008، نابێت زەوی كشتوكاڵی بكرێت بە شوێنی نیشەجێبون بە بڕیاری خاوەنەكانیان، مەگەر دەوڵەت خۆی بڕیار بدات، بە پشتبەستن بەو یاسایەش فەرمانگەی كشتوكاڵی خانەقین چەند دۆسییەكی دژی چەند باخەوانێك لە دادگا جوڵاندووە.

كامەران عەبدوڵا وتی "شەش باخەوانمان داوەتە دادگا، كە هەستاون لەناوبردنی باخەكانیان و فرۆشتنی زەوییەكەی بۆ یەكەی نیشتەجێبون، هەر یەكێكیان 15 دۆنم باخی كردووە بە یەكەی نیشتەجێبون".

سەلام عەبدوڵا، یەكێكە لەو چالاكوانانەی كار بۆ هۆشیاركردنەوەی ژینگەیی و پاكڕاگرتنی خانەقین دەكات، وتی خانەقین بە ژینگەی سەوز و فێنك بەناوبانگ بوو، بەهۆی زۆری باخەكانی، بەڵام "ئێستا یەكێكە لە گەرمترین ناوچەكانی عیراق و پلانی بە بیانبون جێبەجێدەكرێت... ئەم پرۆسەیە دەسەڵاتدارانی دەستڕۆیشتوی لە پشتە، تەنیا بە باخەوانەكان ناكرێت".

سەلام و دەیان چالاكوانی تر، ساڵانی رابردوو چەند جارێك بۆ ئەو مەبەستە خۆپیشانیان كرد، بەڵام فشارەكانیان نەبۆتەهۆی راگرتنی ئەو پرۆسەیە.

"دەبێت حكومەت یاساكان جێبەجێ بكات، زیادەڕۆییەكی زۆر هەیە بۆ سەر موڵك و گۆڕینی رەگەزی زەوی لە كشتوكاڵییەوە بۆ نیشتەجێبون بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ حكومەت"، سەلام وایوت.

پرسی زیادەڕۆییكردن بۆ سەر موڵك و زەوی كشتوكاڵی، بەپێی وتەی ئاوس ئیبراهیم، سەرۆكی شارەوانى خانەقین یەكێكە لە پرسە "زۆر ئاڵۆزەكان" لەو قەزایە.

 ئابی 2021/ باخێكی خورما لە خانەقین. ڤیدیۆ: لەیلا ئەحمەد

ئاوس لە لێدوانێكیدا بۆ (كەركوك ناو) وتی "راگرتنی ئەو زیادەڕۆییانە پێویستی بە هێزی گەورە و یاسا هەیە".

لە 11ی ئاب، لیژنەیەكی بەدواداچونی زیادەڕۆ لە خانەقین بە چەك هێرشیانكرایە سەر و تەقەیان لێكرا، لەوكاتەی ویستیان دوكانێك كە بە شێوەی زیادەڕۆ دروستكرابوو بیڕوخێنن، تەقەكەرەكە لە ئێستادا روبەڕوی دادگا كراوەتەوە و لەو روداوەدا لیژنەكان سەلامەت دەرچون.

لە خانەقین، لەپاڵ باخی خورما، دەیان باخی پرتەقاڵ و لیمۆ و میوەكانی تر هەن، ئەوانیش بەهەمان شێوە روبەڕوی لەناوچون بونەتەوە.

محەمەد عزت، 101 دۆنم باخی هەیە لە خورما، پرتەقاڵ و لیمۆ، دەڵێت بەهیچ شێوەیەك ئامادەنییە لەناویان ببات، "ئەمە سەروەتی باو و باپیرانمە بۆ ئێمە ماوەتەوە، تەمەنی خورماكانم بۆ ساڵی 50كانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە... باپیرم سەردەمانێك بە شەمەندەفەر بەرهەمەكەی دەبردە بەغدا و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و دەیفرۆشت".

باپیرم سەردەمانێك بە شەمەندەفەر بەرهەمەكەی دەبردە بەغدا و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی و دەیفرۆشت

باخەكەی محەمەد، 13 دۆنم و نیوی خورمایە، دەڵێت "ساڵانە شەش تەن بەرهەمی دەبێت و بۆ دەرەوەی پارێزگای دیالە رەوانەی دەكەم"، ئەو داوا لە باخەوانەكان دەكات باخەكەیان بۆ پارە لەناونەبەن و حكومەتیش هاوكاری باخەوانەكان بكات بۆ ئەوەی زەرەرمەند نەبن.

"پێش پرۆسەی عیراق لە ساڵی 2003 حكومەت بە فڕۆكە باخەكانی دەرمان دەكرد، ئێستا ئاوەڕمان لێنادەنەوە، رەنگە ئەم پشتگوێخستنە هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی باخەوانەكان باخەكانیان لەناوبەرن بۆ یەكەی نیشتەجێبون و زەوییەكەی بفرۆشن". محەمەد عزەت وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT