13 رۆژە كەسوكاری پێشمەرگەیەك لەزێی بچوك لە سنوری ناحیەی پردێ چاوەڕوانی دۆزینەوەی تەرمی كوڕەكەیان دەكەن.
مەریوان حسێن (37ساڵ)، خێزاندارە و باوكی منداڵێكە و پێشمەرگەیە لە لیوای دوو، لە 30ی تەمموز، لەكاتی گەڕانەوەیدا لە سنوری هەولێرەوە بەرەو كەركوك، لەزێی بچوك نزیك ناحیەی پردێ (ئاڵتون كۆپری) لادەدات و بۆ خۆفێنككردەوە مەلە دەكات هەر لەوێش لە ئاوەكەدا دەخنكێت.
ئاسۆ حسێن برای مەریوان، بە (كەركوك ناو)ی وت "مەریوان مۆڵەت بوو، بەڵام بۆ وەرگرتنی موچەكەی گەڕابۆوە دەوام، لەكاتی گەڕانەوەیدا چۆتە سەر زێیەكە و مەلەی كردووە، هەر لەوێش خنكاوە".
"13رۆژە لەسەر ئەم زێیەن، پۆلیسی دەریاوانی بەردەوام لەگەڵمانن، بەڵام تەرمەكەیمان هەر نەدۆزیوەتەوە... تەنانەت رێژەی بەردانەوەی ئاوی دوكانیش بۆ ئەو مەبەستە كەمكرایەوە".
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی دەریاوانی پردێ، جەختیكردەوە ئەمە حەوتەمین حاڵەتی خنكانە لەزێی بچوك لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بەڵام تەنیا تەرمی مەریوان حسێن نەدۆزراوەتەوە. "هەر لە ئەمساڵدا پێنج كەسمان لە خنكان رزگار كردووە".
ئەمە حەوتەمین حاڵەتی خنكانە لەزێی بچوك لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بەڵام تەنیا تەرمی مەریوان حسێن نەدۆزراوەتەوە
راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی كەركوك، لە 10ی ئاب هاوڵاتیانی شارەكەی ئاگاداركردەوە لەوەی رێژەی بەردانەوەی ئاو كەمدەكرێتەوە، ئەوەش بەهۆی كەمكردنەوەی ئاوی دوكان تا تەرمی ئەو پێشمەرگەیە دەدۆزرێتەوە.
مەریوان حسێن خەڵكی سنوری قەزای چەمچەماڵە، بووە حەوتەمین كەس كە لەئەمساڵدا لەو زێیە بخنكێت.
زێی بچوک بە ناحیەی پردێ (ئاڵتون كۆپری)دا تێپەڕدەبێت و سنوری هەردوو پارێزگای هەولێر و كەركوك لێكجیادەكاتەوە و لەوێوە بەرەو قەزای حەویجە (باشوری خۆرئاوای كەركوك)دا دەڕوات.
ساڵی رابردوو 16 كەس لەو زێیەدا لە سنوری پارێزگای كەركوك خنكان و تەرمی هەر 16یان دۆزرانەوە، هەر بەپێی پۆلیسی دەریاوانی.