كارمەندانی تەندروستی داوای زیادكردنی دەرماڵەی مەترسیی و زەوی نیشتەجێبون دەكەن و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكانیش دامەزراندنیان دەوێت.
ئەو داواكارییانە لە دوو گردبونەوەی جیاوازدا هاتن، كە ئەمڕۆ یەكشەممە 15ی ئاب لە دوو شوێنی جیاوازی شاری كەركوك بەڕێوەچون.
ئیمان لوقمان، پەرستار لە نەخۆشخانەى لووەکان و نەخۆشییەکانى خوێن، بە (كەركوك ناو)ی وت "داوا دەكەین، دەرماڵەى مەترسی كارمەندانی تەندروستی زیاتر بكرێت، لەگەڵ خەرجكردنی دەرماڵەی پلەكان و دابینكردنی زەوی یان یەكەی نیشتەجێبون بۆ هەموو كارمەندان بەبێ جیاوازی".
ئەو گردبونەوەیە لەنێو فەرمانگەى تەندروستى کەرکوک بەڕێوەچوو و تیایدا داوایانكرد مۆڵەتی خوێندنیشیان بۆ فەراهەم بكرێت. ئەوەش لەپای ئەو مەترسییانەی لەسەر كارمەندانی تەندروستی هەیە. بەتایبەت بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا. كە هەفتەی رابردوو ئیمان لوقمان مامێكی بەو هۆیەوە لەدەستدا. كە كارمەندی تەندروستی كەركوك بوو.
لە گردبونەوەیەكی تردا، هەر ئەمڕۆ یەكشەممە، 15ی ئاب، ژمارەیەک لە دەرچووانى زانکۆ و پەیمانگەكان داوای دامەزراندنیان كرد. ئەوان لەبەردەم بینای پارێزگای كەركوك داواكاریی دامەزراندنیان خستەڕوو.
سەعد سالم، نوێنەرى دەرچووانى دانەمەزراو، بە (كەركوك ناو)ی وت "نوێنەرایەتی 1500 دەرچوی زانكۆ و پەیمانگا دەكەین، هێشتا دانەمەزراوین و هیچ درەفەتێكی كاریشمان نییە".
"داواکارین بەزوترین کات دابمەزرێین و تا ئەوكاتەش لەڕێگەى تۆڕى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتییەوە بڕە پارەیەکمان پێبدرێت".
لەو دوو گردبونەوەیە هیچ كەس و لایەنێك بەدەم داواكارییەكانیانەوە نەهات.