سەرۆك وەزیرانی عیراق لە نەینەوا تاوتوێی "چوار تەوەر" دەكات

نەینەوا/ 16ی ئابی 2021/ كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە موسڵ بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی. فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیران

عەمار عەزیز – نەینەوا

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا لە نەینەوا، تاوتوێی چوار تەوەر دەكات، لە نێویاندا بنبڕكردنی رۆتین و پرسی ئاوەدانكردنەوە، ئەوەش بەپێی وتەی جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ (كەركوك ناو).

كازمی، بەرەبەیانى ئەمڕۆ دووشەممە 16ى ئاب، گەیشتە پارێزگاى نەینەوا و لە ئێستادا لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندان بە ئامادەبونی لێپرسراوانی پارێزگای نەینەوا لە موسڵ.

عەلى عومەر گەعبۆ، جێگرى پارێزگارى نەینەوا بۆ کاروبارى ئاوارە و رێکخراوەکان بە (کەرکوک ناو)ی وت "چوار پرسی سەرەكی تاوتوێ دەكرێن، ئەوانیش بنبڕکردنى رۆتین لە دام و دەزگاکانى حکومەت، دۆسیەى قەرەبوکردنەوەى زیانلێکەوتووانى شەڕى داعش، کێشە ئیداریی و کارگێڕیىەكان و لەهەموشى گرنگتر پرسى ئاوەدانکردنەوەى موسڵە".

جەختیشیكردەوە كە سەردانەكە لە مانگی رابردوەوە بڕیاری لێدراوە، بەڵام گەشتی كازمی بۆ ئەمریكا بووەهۆی دواخستنی سەردانەكەی بۆ نەینەوا.

عەلى عومەر، زیاتر وتی "مامەڵەی هاوڵاتیانی موسڵ لە فەرمانگەكان بە سستی بەڕێوەدەچن، سەرۆك وەزیران دەیەوێت چارەسەری ئەو كێشەیە بكات و بەدرێژیی لە كۆبونەوەكەدا باسدەكرێت... رەنگە لەو بارەیەشەوە چەند بڕیارێك دەربكرێن... گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنی خۆیان و قەرەبوكردنەوەیان پرسێكی تری كۆبونەوەكەیە".

kazmi-8
نەینەوا/ 16ی ئابی 2021/ مستەفا كازمی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق سەردانی بەنداوی موسڵ دەكات. فۆتۆ: راگەیاندنی ئەنجومەنی وەزیران

جەختیشیكردەوە لەوەی هەر ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆك وەزیران سەردانی قەزای شنگال دەكات.

"بێگۆمان سەردانەکەى سەرۆک وەزیران عیراق بۆ موسڵ و شنگال زۆر گرنگە... لە نزیکەوە ئاگادارى کێشە و داواکارییەکانى خەڵک دەبێت، هیوادارین کۆمەڵێک بڕیارى گرنگ لە بەرژەوەندى خەڵکى موسڵ و شنگال دەربکات، چونکە ناوچەکە بەگشتى پێویستى بەهەندێک بڕیارى گرنگە لەهەموو بوارەکاندا بەتایبەت لە بوارى ئاوەدانکردنەوە و قەرەبوکردنەوەى خەڵکى نەینەوا و شنگال"، عەلى عومەر وای وت.

ناتق عەلو ئەحمەد ، لێپرسراوى بەشى راگەیاندن لە پۆلیسى شنگال بە (کەرکوک ناو)ى وت "هەموو لایەک ئاگادارکراوینەتەوە کە ئەمڕۆ مستەفا کازمى، سەرۆک وەزیرانى عیراق سەردانى شنگال دەکات، هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ پێشوازیکردن".

بڕیارە كازمی لە شنگال سەردانی بارەگای فرقەی 20ی سوپای عیراق بكات، لە ناوەندى شنگال، دواتر سەردانی گوندى کۆجۆ بكات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT