نەینەوا؛ بێ ئاو و كارەبا پێشوازی لە كازمی دەكات

نەینەوا/ 16ی ئابی 2021/ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق (ناوەڕاست) لە نێو بەنداوی موسڵ فۆتۆ: راگەیاندنی سەرۆك وەزیران

ورود ساڵح – نەینەوا

چوار ساڵ تێدەپەڕێت و دۆسیەكانی نەینەوا لەسەر رەفەی لێپرسراوان كەڵەكە بون، بۆیە هاوڵاتیان بە هیوان سەردانەكەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لانیكەم بەشێك لەو بەڵێنانە بكاتە كردار كە بەردەوام بە پارێزگاكە دراون.

هەرچەندە سەردانەكەی كازمی  لە 16ی ئابی 2021 بۆ نەینەوا، یەكەم سەردانی ناوبراو نییە، بەڵام ئەمجارە زیاتر سەرنج لەسەر بەڵێنەكانە، چونكە پارێزگاكە هێشتا لە وێرانكاری و بارودۆخێكی خراپی خزمەتگوزاریدایە.

 

تاریكی تەواو

بەڵێنەكان لەگەڵ ئەو دۆسیەیەدا دەستپێكرد كە نەینەوا بە دەستیەوە دەناڵێنێت، ئەویش كارەبایە؛ كە ئێوارەی سەردانەكەی كازمی لە كاتژمێر 9ـەوە تا یەكی نیوەشەو لە هەموو پارێزگاكەدا بڕاو و بەهۆیەوە تەواوی پرۆژەكانی ئاو راوەستان.

كارەبا لە تەواوی پارێزگاكەدا كوژایەوە و پرۆژەكانی ئاو بەوهۆیەوە راوەستان

"كارەبا لە هەموو پارێزگاكەدا بڕا، بەوهۆیەوە پرۆژەكانی ئاو راوەستان جگە لە هێڵی هەرێمی كوردستان نەبێت، كە ئەوەش تەنیا پێداویستی چەند ناوچەیەكی كەم دابیندەكات" محەمەد حەمید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی كارەبای ناوەندی نەینەوا بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

دەربارەی سەردانەكەی كازمی، وتی "دۆسیەی كارەبا ئامادەبوو، ئەوەی داوایدەكەین و پێویستمانە پارێزگاریكردنە لە تاوەرەكانی گواستنەوەی وزەی كارەبا".

"پێشتر داوامان لە وەزارەت و حكومەت ئەوەبوو وزەی باشتری كارەبامان بۆ دابینبكەن، بەڵام ئێستا هیوامان ئەوەیە پارێزگاری لە تاوەرەكانی گواستنەوەی كارەبا بكەن كە بەردەوام روبەڕوی كردەوەی تێكدەرانە دەبنەوە و بەهۆیەوە زیان بە تۆڕی كارەبا دەگات" بەوتەی حەمید.

karaba (1)
عیراق/ ئابی 2021/ سەربازێكی عیراقی لەژێر تاوەرێكی تەقێنراوی كارەبادا فۆتۆ: راگەیاندنی وەزارەتی كارەبا

 

دابەشبونی راى شەقام

رای هاوڵاتیانی شەقامی نەینەوا دابەشبووە؛ بەشێكیان پێشوازی لەسەردانەكەی سەرۆك وەزیران و سەردانی پێش ئەویش، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان دەكەن، بەڵام بەشێكیانی دیكەیان پێیانوایە سەردانەكە هیچی نوێی پێنییە بۆ پارێزگاكە و تەنیا قۆستنەوەی كاتەكانی بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەیە كە بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.\

ساڵح محەمەد، چالاكوانی مەدەنی بە (كەركوك ناو)ی وت كێشەكانی موسڵ "زۆرن"؛ نەخۆشخانەكان شایستە نین، پردەكان خاپور بون، بەدەست قەیرانی سوتەمەنی و بەنزینەوە دەناڵێنن، قەرەباڵغی زۆر هەیە، هوتێلەكان وێرانەن، دەرفەتی كار بۆ دەرچوان نییە و چەندین كێشەی دیكەش.

ئەو بە هیوایە سەردانەكەی سەرۆك وەزیران ببێتە "دەروازەیەك بۆ چارەسەری ئەو دۆسیەیانە یان بەشێكیان".

سەردانەكەی كازمی رەهەندی سیاسیشی هەبوو، بەوتەی قاسم عەبودی، شیكەرەوەی سیاسی بۆ (كەركوك ناو)، ئەو سەردانە "پروپاگەندەی هەڵبژاردنی كازمی بوو بۆ هاوبەشە موسڵاوییەكانی".

"موسڵ روبەڕوی پشتگوێخستنی زۆر بۆتەوە، حكومەتی فیدراڵی بەڵێنی زۆری بۆ دوبارە ئاوەدانكردنەوە داوە، بەڵام بەداخەوە دەركەوت پارەی ئاوەدانكردنەوە دزراوە" عەبودی وادەڵێت.

هەروەها پێشیوایە سەردانی لێپرسراوێك لە ئاستی سەرۆك وەزیراندا "بۆ دڵنیاكردنەوەی شەقامی موسڵە كە خەریكە لە متمانەی هاوبەشی هەردولا دەردەچێت".

233779028_4299111590196805_1617752188495453932_n
نەینەوا/ 16ی ئابی 2021/ كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق فۆتۆ: راگەیاندنی سەرۆك وەزیران

 

كازمی: نەینەوا هێشتا دەناڵێنێت

"زۆر بەداخەوەین دەبینین هێشتا نەینەوا بەدەست كێشەكانی خزمەتگوزاری و بیناسازییەوە دەناڵێنێت" مستەفا كازمی، لە كۆبونەوەی 16ی ئابی 2021 ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كە لە نەینەوا بەڕێوەچوو، وای وت.

"گەندەڵی و خراپ ئیدارەدان لەو هۆكارانەن وایكرد پارێزگاكە بكەوێتە دەستی چەتەكانی داعش، هێندەی توانیمان دژایەتی گەندەڵیمان كرد، من دەزانم هەموو عیراقییەك و خەڵكی موسڵ پاڵپشتییان كردین لە جەنگی دژ بە گەندەڵی، بەڵام شەڕەكە دورودرێژە و رەنگە لە شەڕی داعش گەورەتر بێت، بۆیە پێویستە پێكەوە هەوڵبدەین" بەوتەی كازمی.

وەك لە راگەیاندراوی ئەنجومەنی وەزیراندا هاتووە، كازمی ئاماژەی بە پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت بە ئاوەدانكردنەوەی موسڵ كردووە، رایسپاردون پلانی خێرای كاركردن دابنێن، بە ئامانجی چارەسەری ئەو كێشانەی پارێزگاكە بەدەستیانەوە دەناڵێنێت، "كاركردنمان لە پرۆژە ستراتیژییە گرنگەكانی پارێزگاكەشدا دەستپێكردووە، لەوانە فڕۆكەخانەی موسڵ و وێستگەی شەمەندەفەر".

ئەنجومەنی وەزیران دەنگیدا لەسەر 20 بڕیاری تایبەت بە نەینەوا

ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە كۆبونەوەكەی نەینەوا دەنگی لەسەر 20 بڕیاری تایبەت بە پارێزگاكە داوە، لەنێویاندا خەرجكردنی پارە بلۆككراوەكانی نەینەوا، تەرخانكردنی بەشێك لە روبەری سەربازگەی غەزلانی بۆ شارەوانی موسڵ تا پرۆژەی وەبەرهێنانی نیشتەجێبونی لەسەر دروستبكرێت.

بەشێكی تر لەو بڕیارانە تایبەتن بە بەگەڕخستنەوەی كارگەكانی وەزارەتی پیشەسازی و كانزاكان لە نەینەوا، ئاوەدانكردنەوەی موسڵی كۆن، دروستكردنی شەقامی بازنەیی، بنیاتنانی پردەكانی شەش و حەوت لە شاری موسڵ.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT