لانیكەم پێنج كەس لە بۆردومانێكی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ سەر نەخۆشخانەیەكی قەزای شنگال گیانیانلەدەستدا و 10ی تریش برینداربون. لە نێویاندا منداڵ هەیە.
بۆردومانەكە کاتژمێر یەكی دواینیوەڕۆى ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئاب كرایە سەر نەخۆشخانەی گوندی سکێنیە کە دەکەوێتە باشورى شنگال.
ناتق عەلو ئەحمەد، لێپرسراوى راگەیاندن لە پۆلیسى قەزاى شنگال بە (کەرکوک ناو)ى وت "بۆردومانەكە لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە ئەنجامدرا، بەپێى زانیارییە سەرەتاییەکان پێنج كەس كوژراون و 10ی تریش برینداربون... ئەو نەخۆشخانەیە تایبەتە بە هێزەکانى یەکینەکانى بەردخودانى شنگال (یەبەشە)، بەڵام خەڵكی مەدەنیش تیایدا چارەسەریان وەردەگرت".
جەختیشیكردەوە "ئەو بینایە پێشتر خوێندنگە بووە و دواتر كراوە بە نەخۆشخانە... دەزگا ئەمنییەکانمان لێکوڵینەوە لە روداوەکان دەکەن، لەئێستادا ناتوانین هیچ شتێک لەبارەى هۆکارى بۆردومانەكەوە ئاشكرابكەین".
ئەلیاس قاسم، خەڵكی گوندی سكێنییە كە لە شوێنی روداوەكە نزیك بووە، دەڵێت "سێجار بەدوای یەكدا فڕۆكەكانی توركیا بۆردومانی نەخۆخشانەكەیان كرد، نەخۆشخانەكە چەند سەد مەترێك لە خانوی هاوڵاتیانەوە دورەوە و كەوتۆتە ناوەڕاستی گوندەكەوە كە نزیكەی 30 خێزان تیایدا دەژین".
وتیشی "بەچاوی خۆم شەش كەسم ژمارد كە گیانیانلەدەستدابوو، لە نێویاندا خەڵكی مەدەنی، لانیكەم 10 برینداریش هەبون".
بەچاوی خۆم شەش كەسم ژمارد كە گیانیانلەدەستدابوو، لە نێویاندا خەڵكی مەدەنی
بەپێی وێنەكان كە دەست (كەركوك ناو) كەوتون، نەخۆشخانەكە لەگەڵ زەوییدا تەخت بووە، هێشتا نازانرێت لەكاتی روداوەكەدا چەند كەس لەناویدا بون.
رۆژی پێشتر 16ی ئاب، فڕۆكەكانی توركیا ئۆتۆمبێلێكی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)یان لە ناوەندی شنگال كردە ئامانج و بەهۆیەوە لێپرسراوێكی یەبەشەو چەكدارێكی تر كوژران و سێ چەكداری تریان برینداربون، بەڵام هێشتا رون نییە ئایا ئەو سێ چەكدارە لە كوێ چارەسەریان وەردەگرت.
ئەلیاس قاسم وتی "شەهید و بریندارەکان زیاتر مەدەنی بون و بە مەبەستى وەرگرتنى چارەسەر سەردانى نەخۆشخانەیان کردبوو، لەناو بریندارەکان منداڵ هەن... شۆفڵ و خەڵکێکى زۆری ناوچەكە سەرقاڵی هەڵگرتنەوەی تەرم و بریندارەكانن لەژێر داروپەرودی نەخۆشخانەكە".
یهبهشه، له چهكدارانی ئێزیدی پێكهاتون و به هێزێكی نزیك له پارتی كرێكارانی كوردستان (پهكهكه) ههژماردهكرێن، له كۆنتڕۆڵكردنهوهی قهزاكه لهژێر دهستی داعش لە كۆتایی 2015، هاوشانی پێشمهرگه و هێزه عیراقییهكان بهشداربون و لهوكاتهوه له چهندین شوێنی ناوچهكهدا جێگیربون.
حەسۆ ئیبراهیم، جێگرى ئەنجومەنى خۆبەڕێوەبەری شنگال –لەئێستادا ئیدارەی قەزای شنگال دەكەن-، بە (كەركوك ناو)ی وت "حكومەتی عیراق لە هەردوو بۆردومانەكەی ئەمڕۆ و دوێنێی شنگال بەرپرسیارە، چونكە لەكاتێكدابوو كە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق سەردانی قەزاكەی كردووە... ئەو سەردانە زەربەیەكی كوشندە بوو بۆ ئێمە".
"ئێمەش بانگێشتکرابوین بۆ ئامادەبون لە کۆبونەوەى سەرۆک وەزیرانى عیراق، چۆن دەکرێت پێش سەردانەکە و دوای سەردانەكەش وڵاتێكی دراوسێ بۆردومانمان بكات لەكاتێكدا سەرۆك وەزیرانیش هاتووە"، حەسۆ ئیبراهیم وای وت.
چۆن دەکرێت پێش سەردانەکە و دوای سەردانەكەش وڵاتێكی دراوسێ بۆردومانمان بكات لەكاتێكدا سەرۆك وەزیرانیش لەوێیە
وتیشی "لە هەموشی خراپتر ئەوەیە كە بۆردومانی نەخۆشخانە كراوە، ئەمە ئەوپەڕی بێویژدانییە و شەرمەزاریشە بۆ حكومەتی عیراق".
بەپێی رێككەوتنی ساڵی رابردوی هەردوو حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێم لەبارەی شنگالەوە، كە خاڵەكانی جێبەجێنەكراون، دەبێت هێزەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) شنگال بەجێبهێڵن و هیچ رۆڵێكیان لە ئیدارەی قەزاكە نەبێت.
حەسۆ ئیبراهیم، وتی "ئەم جۆرە هێرشانە سستمان ناکەنەوە لە مانەوەمان لە شنگال و بەرگریکردن لە دانیشتووانەكەی... شنگال بۆ هیچ هێز و لایەنێک چوڵناکەین".