شەش كەس كوژران و برینداربون، لە ئەنجامی هێرشێكی چەكداریی و تەقینەوەی بۆمبی چێنراو لە كەركوك و خانەقین لە دوو رۆژی رابردودا، لە ئۆپەراسیۆنێكیشدا دژ بە چەكدارانی داعش تونێلێك و سێ مۆڵگەی خۆحەشاردانی چەكدارانی ئەو رێكخراوە تەقێنرانەوە.
كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی 17ی ئاب، بۆمبێكی چێنراو لە نزیك ناوچەی نەفتخانە لە سنوری خانەقین بە كاروانێكی هێزێكی حەشدی شەعبیدا تەقییەوە بەهۆیەوە چەكدارێكیان كوژرا و چوار چەكداری تر برینداربون، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی لە خانەقین.
سەرچاوەكە بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە "ماوەیەكە جموجۆڵی چەکدارانی داعش لە سنورەكە زیادی كردووە و زۆرینەی كات هێزە ئەمنییەكان و تاوەرەكانی گواستنەوەی كارەبا دەكەنە ئامانج".
بەر لەو روداوە و لە 16ی ئاب، دوو چەكدار بە ماتۆڕسکیلێکەوە هێرشیان کردە سەر كاروانێكی پەیڕەوانی شیعە مەزھەب لە ناوەڕاستی کەرکوك لە نزیك بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگریی و بارەگای نەهێشتنی تیرۆر، بەهۆیەوە كەسێك برینداربوو.
ئەو هێرشە هاوكات بوو لەگەڵ نزیكبونەوەی رۆژی عاشورا و كۆبونەوەی پەیڕەوانی شیعە مەزهەب لە كەركوك.
ماوەیەكە ناوچەكانی جێناكۆك بەتایبەت لە هەرسێ پارێزگای كەركوك، دیالە و سەڵاحەدین بە دۆخێكی سەقامگیردا تێپەڕنابێت، جموجۆڵ و هێرشی بەردەوام بۆ سەر هێزە ئەمنییەكان و یەكەكانی خومەتگوزاریی لەوانەش كارەبا بەردەوامی هەیە.
سێشەممە 17ی ئاب، هێزەكانی حكومەتی فیدراڵ و پێشمەرگە لە سێ قۆڵەوە ئۆپەراسیۆنی سەربازییان دژ بە پاشماوەكانی داعش ئەنجامدا، ئەوەش دوای زیادبونی هێرشەكانی داعش.
ئۆپەراسیۆنەكە لە سنوری قەزای دوزخورماتوو بەڕێوەچوو، تیایدا هێزی ئاڵتۆنی پێشمەرگە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا و سوپای عیراق بەشداربون.
بەرھەم شێخ عەلی، لێپرسراوی ھێزی ئاڵتونی بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئێمە لەپشتی قەزای دوزخورماتووەوە دەستمانپێكرد، ناوچەیەكی سەختە و ھەڵکەوتە جوگرافییەكەی بۆ چەكدارانی داعش لەبارە تا مۆڵگە و شوێنی خۆحەشاردانی تیادا دروستبكەن".
پشتی قەزای دوزخورماتوو ناوچەیەكی سەختە و ھەڵکەوتە جوگرافییەكەی بۆ چەكدارانی داعش لەبارە تا مۆڵگە و شوێنی خۆحەشاردانی تیادا دروستبكەن
لەو ئۆپەراسیۆنەدا تونێلێكی چەكدارانی داعش دۆزرایەوە.
بەرهەم شێخ عەلی، وتی "زانیاری تەواومان لەسەر ئەو تونێلە هەبوو، لە ناوەوەی تونێڵەكە چەند ژورێكی لێ دروستكرابوو و بە چەند تونێلێکی ترەوە بەسترابۆوە... لەوێ دەستمان بەسەر ژمارەیەك كەلوپەلی سەربازی و تەقەمەنیدا گرت، لەگەڵ خۆراك و كەلوپەلی تری رۆژانە".
دوای ئەوەی پشكنینی بۆ كرا، تونێڵەكە، بە 10 كیلۆ ماددەی تی ئێن تی تەقێنرایەوە.
بەرهەم شێخ عەلی وتی "تیمێکی ھاوپەیمانانیش بەشداربون لەگەڵمان".
لەو ناوچانەشی كە هێزەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵ ئۆپەراسیۆنەكەیان لێ بەڕێوەبرد، سێ مۆڵگەی چەكدارانی داعش تەقێنرانەوە.