سەعید حەسەن ئەو فەرماندەیەی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) كە بە بۆردومانی فڕۆكەی جەنگی توركیا لە شنگال كوژرا، هەمان رۆژ بانگهێشتكرابوو بۆ كۆبونەوەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق. كازمی دوای روداوەكە سەردانی ئەو قەزایەی كرد و لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان و قوربانیانی دەستی داعش كۆبۆوە.
ئەو سەردانەی كازمی بۆ پارێزگای نەینەوا و لە نێویاندا قەزای شنگال، دوو بۆردومانی توركیای بۆ سەر شنگال بەدوادا هات، بەهۆیەوە 10 كەس كوژران و لانیكەم حەوتی تر برینداربون، لە نێویاندا چەكدارانی یەبەشە و كارمەندی تەندروستی و مەدەنی هەن.
سەعید حەسەن، یەكێك لە فەرماندەكانی یەبەشە، هاوكات فەرماندەى فەوجى 80ى حەشدى شەعبیە، لە 16ی ئاب و لە نێو ئۆتۆمبێلێكدا لە ناوەندی شنگال لەگەڵ پێنج كەسی تردا كرایە ئامانج و بەهۆیەوە ئەو و كەسێكی تر كە برازایەتی كوژران و سیانی تر برینداربون.
لە بۆردومانی دووەمدا لە 17ی ئاب، توركیا نەخۆشخانەی سكێنییەی لە باشوری شنگال كردە ئامانج و بەپێی راگەیەنراوێكی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، هەشت کەس گیانیانلەدەستدا، لە نێویاندا پزیشکێک، سێ کارمەندی تەندروستی و چوار شەڕڤانی یەکینەکانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە).
سەعید حەسەن فەرماندەی یەبەشە بوو یان حەشد؟
لێپرسراوانی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، كە لە ئێستادا ئیدارەی ئەو قەزایە دەكەن، جەختدەكەنەوە لەوەی سەعید حەسەن، لە یەككاتدا یەكێك بوو لە فەرماندەكانی یەكینیەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) و فەرماندەی فەوجی حەشدی شەعبی.
خودێدا چوکى، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ، بە (كەركوك ناو)ی وت "سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بانگهێشتنامەی بۆ سەعید حەسەن ناردبوو تا بەشداری كۆبونەوەكەی كازمی بكات لەگەڵ لایەن و چین و توێژەكانی قەزای شنگال، بەڵام بەرلەوەی كازمی بگاتە شنگال، سەعید كرایە ئامانج". جەختیشیكردەوە "تەنانەت سەعید حەسەن لەوكاتەدا كرایە ئامانج، بەڕێگەوە بووە بۆ شوێنی كۆبونەوەكە".
كازمی لە 16ی ئابدا كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی لە نەینەوا بەڕێوەبرد؛ دواتر بەرەو شنگال بەڕێكەوت و لە گوندی كۆجۆ كۆبونەوەی لەگەڵ خەڵكی گوندەكە، لایەنە ئەمنی، حكومی و قوربانیانی دەستی داعش كرد.
خودێدا چوكی كە لە چوارچێوەی ئەنجومەنی خوبەڕێوەبەری شنگالدا پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی وەرگرتووە، وتی "ئەگەر كوشتنی سەعید حەسەن و بۆردومانی رۆژی دواتری نەخۆشخانەی سكێنییە پیلان نەبێت چییە؟"، بێ ئەوەی رونكردنەوەی زیاتر بدات.
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دادەنرێن و لە ساڵی 2019دا چین و توێژە جیاوازەكانی سنوری شنگال پێكیانهێنا بۆ ئیدارەدانی ئەو قەزایە و ناحییەكانی، هەر خۆشیان قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكانیان دیاركرد بێ گەڕانەوە بۆ هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم.
"ئیدانەی كوشتنی سەعید حەسەن و كوشتنی چەكدارانی تری یەبەشە و كارمەندانی تەندروستی و مەدەنی بە دەستی توركیا دەكەین، داوا لە لێپرسراوانی عیراق و وڵاتانی تر دەكەین چیتر قبوڵنەکەن شنگال بۆردومان بکرێت و دەبێت سنورێك بۆ دەستدرێژییەكانی توركیا دابنرێت... "، خودێدا وایوت.
شهڕڤانانی یهبهشه، له كۆتایی تشرینی دوهمی 2020دا كشانهوهیان له بارهگا و بازگهكانی ناو شنگال بهرهو ناوچهكانی دهوروبهری قهزاكه دهستپێكرد، ئەوەش دوای گهیشتنی هێزێكی پۆلیسی فیدراڵی له چوارچێوهی رێككهوتنی ههردوو حكومهتی فیدراڵ و ههرێمی كوردستان. لەو چوارچێوەیەشدا، بەشێك لە چەكدارانی یەبەشە خرانەسەر فەوجی 80ی حەشدی شەعبی كە سەعید حەسەن فەرماندەیان بوو.
دهخیل موراد، سهرۆكی ئهنجومهنی خۆبهڕێوهبهری دیموكرات له خانهسۆری شنگال، لە لێدوانێكی پێشوتریدا بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "یهبهشه بون به بهشێك له حهشدی شهعبی، پێشتریش ههزار چهكداری یهبهشه لهسهر میلاكی حهشدی شهعبی دامهزراون و ئێستا ههزار و 500 چهكداری تر لهسهر فهوجی 80ی حهشدی شهعبی دادهمهزرێنرێن". زیاتر وتی "حهشدی شهعبی هێزێكی فهرمی حكومهتی عیراقه، بۆیه زۆر ئاساییه كه هێزهكانمان بونهته بهشێك له حهشدی شهعبی".
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەى هێزى پاراستنى ئێزیدخان لە سنوری شنگال – نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان-، بە (كەركوك ناو)ی وت "كوشتنی سەعید حەسەن وەك فەرماندەی یەبەشە و هاوكات وەك فەرماندەی فەوجی 80ی حەشدی شەعبی، ئەوە دەردەخات حكومەتی عیراق لەیەككاتدا لەسەر هەردوولا (توركیا و پەكەكە) ئیشدەكات، لەلایەک پەکەکە بەکاردەهێنێت و بەشێكی لەژێر دەستی خۆیدایە، لەلایەکى تر رێککەوتنی لەگەڵ تورکیا هەیە کە شنگال بەبیانوی بونی چەكدارانی پەكەكە بۆردومان بکات... لەمەشدا قوربانی یەكەم هەر خەڵكی شنگالن".
حكومەتی عیراق لەیەككاتدا لەسەر هەردوولا (توركیا و پەكەكە) ئیشدەكات، لەلایەک پەکەکە بەکاردەهێنێت و بەشێكی لەژێر دەستی خۆیدایە، لەلایەکى تر رێککەوتنی لەگەڵ تورکیا هەیە کە شنگال بەبیانوی بونی چەكدارانی پەكەكە بۆردومان بکات
"ئەوەى رویداوە بە پلان بووە لەگەڵ عیراق، لەمەودوا دەبێت عیراق دان بەوەدابنێت کە ناتوانیت سەروەرى وڵاتەکەی ببپارێزیت... تورکیا پەکەکە دەکاتە بیانوو بۆ بۆردومانکردنی شنگال، لەولاشەوە راستە پەكەكە لە شنگالدا هەیە، بەڵام بە رەزامەندی حكومەتی عیراق بووە"، حەیدەر شەشۆ وای وت.
وتیشی "ئەو رۆژەى تورکیا نەخۆشخانەى سکێنییەی بۆردومان کرد بەر لە چەند خولەکێک نزیکەى 40 کەس لە هێزەکانى یەبەشە کۆبونەوەیان لەناو نەخۆشخانەكە هەبووە، دیارە تورکیا ئەمەى زانیوە و دواتر بۆردومانی كردون".
بەپێی ئامارەكانی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، كە میدیاکانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بڵاویانكردۆتەوە، لە بۆردومانی نەخۆشخانەكەدا جگە لە كوژرانی چوار شەڕڤانی یەبەشە، چواری تریش برینداربون، " کە لەو نەخۆشخانەیە چارەسەری پزیشكیان وەردەگرت".
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە 22ی كانونی دووەم لەبارەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە عیراق، رایگەیاند "من هەمیشە وتەیەکم هەیە کە دەڵێم 'شەوێک لەناکاو دێین' هەموو بابەتەکەش هەر ئەمەیە"، ئەمەش بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی كە لە مانشێتی هەواڵەكەیدا نوسیویەتی "ئەردۆغان لەبارەی شنگال: رەنگە لە شەوێكدا بێین".
هێشتا حكومەتی عیراق هیچ هەڵوێستێكی لەسەر ئەو بۆردومانانە دەرنەبڕیوە، بەڵام چەند جارێك حەشدی شەعبی جەختیكردۆتەوە لەوەی ئامادەن بۆ بەرپەرچدانەوەی توركیا لە هەر هێرشێكدا بێت بۆ سەر شنگال.
حەسۆ ئیبراهیم، جێگری ئەنجومەنی خۆبەرێوەبەری شنگال بە(کەرکوک ناو)ی وت "ئێمە بانگێشتکرابووین بۆ کۆبونەوەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، بەڵام بەهۆی روداوەکە و شەهیدکردنی فەرماندەکەی یەبەشەوە، بایکۆتی کۆبونەوەكەمان كرد".
خدر شەرەف حتۆ (34ساڵ)، یەكێك بوو لەو چوار كارمەندە تەندرستیەی لە بۆردومانەكەی 17ی ئابدا كوژرا؛ حەوت منداڵی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە، ئەوەش بە وتەی حەیدەر خودێدا، خاڵی خدر.
ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "خدر لە نەخۆشخانەكە لە دەوام بوو، لەگەڵ بۆردومانەكەدا گیانیلەدەستداوە... خەڵكی ناوچەكە تەرمەكەیان دەرهێناوە و رەوانەی پزیشكی دادوەری موسڵیان كردووە".
خدر لە نەخۆشخانەكە لە دەوام بوو، لەگەڵ بۆردومانەكەدا گیانیلەدەستداوە... خەڵكی ناوچەكە تەرمەكەیان دەرهێناوە و رەوانەی پزیشكی دادوەری موسڵیان كردووە
"چوین بۆ پزیشکى دادوەرى موسڵ، لەوێ وتیان دەبێت تەرمەکە بگوزانەوە بۆ پزیشکى دادى بەغدا، تاو مافى ون نەبێت و بە شەهیدى (مەدەنى) تۆماربکرێت، وتیان ئەگەر وانەکەن بە شەهید هەژمار ناکرێت، ناچاربوین تەرمەکەمان رەوانەی بەغدا كرد". حەیدەر خودێدا، زیاتر وتی "بەهۆی توركیاوە لە خێزانەكەماندا حەوت منداڵ بێ باوك بون... هەموولایەك بێدەنگن، خوا حەقى ئێمە لە تورکیا بکاتەوە".
سەرەڕای ئەو ئامارەی كە رۆژی دوای روداوەكە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال بڵاویكردەوە، كە هەشت كەس لە بۆردومانی دووەمدا كوژراون، بەڵام خودێدا چوكی دەڵێت "ئامارەكان هێشتا بە تەواوی یەكلانەبونەتەوە.. كوژراوەكان زیاترن، لە نێویاندا خەڵكی گوندەكە و دوو هاوڵاتی عەرەبیش هەن".
ئەو نەخۆشخانەیەی بۆردومانكرا، پێشتر خوێندنگە بووە و یەبەشە دروستیكردووە. خودێدا دەڵێت تەنیا بۆ چەكدارانی یەبەشە نەبووە، "بۆ خەڵكی شنگال و سنونێ-یش بووە، خۆم چەندین جار بۆ وەرگرتنی چارەسەر رومتێكردووە، نەخۆشخانەیەكی گەورەیە".