ئاوەڕۆ و زبڵ؛ شینی ئاوی دیجلە و خەوسەری موسڵ ون دەكەن

نەینەوا/ 11ی ئابی 2021/ كەڵەكەبونی خاشاك و دیمەنی پیسبونی ژینگە لەسەر روباری خەوسەر لە بەری چەپی شاری موسڵ فۆتۆ: شەعلان حەیالی

ورود ساڵح – نەینەوا

لەیس یونس (24 ساڵ)، لە باوك و باپیریەوە پیشەی عەتاری بۆ ماوەتەوە، دوكانەكەی نزیكی روباری خەوسەرە لە بەری چەپی شاری موسڵ و ساڵانێكە بە زۆر بەرگەی بۆنی ناخۆشی پاشماوە و زبڵی كەڵەكەبوی ناوچەكەی گرتووە.

یونس هەموو بەیانییەكی بە هیوای بینینی جوانی سروشتی شارەكەی چاو دەكاتەوە، بەڵام ئەوەی دەیبینێت جیاوازە، خۆڵ و خاشاك و پاشماوەی ئاوەڕۆیە كە خەوسەر بەرەو ناو روباری دیجلەی دەبات.

خەوسەر، روبارێكی بچوكە و درێژییەكەی لە 30 كیلۆمەتر تێناپەڕێت؛ لە قەزای شێخانی باكوری نەینەواوە سەرچاوە دەگرێت و لە نزیك پردی عەتیقی ناوەندی شاری موسڵ دەرژێتە روباری دیجلەوە، بەڵام ئێستا بەرەو وشكبونی تەواوەتی دەڕوات و رێڕەوەوەی ئاوەڕۆی پێدا دەڕوات بەرەو دیجلە.

xosar-1
نەینەوا/ 14ی تەمموزی 2021/ روباری خەوسەر لەناوشاری موسڵ فۆتۆ: وەزارەتی ژینگە

 

نەبونی تۆڕی ئاوەڕۆ

"پێشتر شینی ئاوی روباری خەوسەرمان دەبینی، بەڵام دوای هێرشەكانی 2014ی داعش پیسبونی ئاوی خەوسەر و دیجلە لە موسڵ زیاتر بون، بەهۆی ئاوەڕۆ و پاشماوەی خەڵك كە لە هەردوو بەری روبارەكەدا فڕێیاندەدا" بەوتەی لەیس یونس بۆ (كەركوك ناو).

ساجیدە سابر، ئەندازیاری كشتوكاڵی پێیوتایە "نەهامەتی دیجلە و خەوسەر تەنیا لەو ئاستەدا راناوەستێت، بەڵكو روبەڕوی پیسبونی دیكە دەبنەوە، وەك پاشماوەی ئاژەڵ و بیناسازی وەك چیمەنتۆ و ئاسن و ماددە پلاستیكییەكانی خەڵك".

هەروەها دەڵێت گەورەترین پیسبون "نەبونی تۆڕی ئاوەڕۆیە لەو ناوچە نیشتەجێبونانەی روبارەكانی دیجلە و خەوسەر پێیاندا تێدەپەڕن، بۆیە رۆژانە هاوڵاتیان ئاوەڕۆكانیان بێ هیچ فلتەرێك دەرژێتە ئەو دوو روبارەوە".

سابر وتی "هەندێك پێیانوایە روبارە لە پیسبون پاكدەبێتەوە بەهۆی بەردەوامی رێڕەو و رۆیشتنی ئاوەكە بە تایبەت لە وەرزی بارانباریندا، بەڵام دیجلە و خەوسەر هەموو ساڵێك بەدەست كەمی ئاستی ئاوەوە دەناڵێنن"، ئەوەش وادەكات ئاوەكە بەشێوەیەكی سروشتی خۆی پاكنەبێتەوە.

هۆكاری گەورەی پیسبون نەبونی تۆڕی ئاوەڕۆیە لەو گەڕەكانەی هەردوو روباری دیجلە و خەوسەریان پێدا تێدەپەڕێت

لە نەبونی پلان و بەردەوامی فراوانبونی بیناسازی و شاردا، هەدوو روبارەكە خەریكە دەبنە رێڕەوی ئاوەڕۆی تایبەت بە گەڕەكەكانی نزیكیان و ئەوەش گەورەترین پیسبونی ئاوی دیجلەیە، بەوتەی ساجیدە سابر.

بەپێی توێژینەوەكانی كۆلێژی ژینگەی زانكۆی موسڵ، ئاوی روبارەكان كە زۆریان لەبەر دەڕوات، بەتایبەت روبارە گەورەكان سەرچاوەی ئاوی پاكن، بەوپێیەی تێكەڵ بە پیسی كیمیایی و ئۆرگانی نەبون، یان رێژەیەكی زۆر كەمیان تێكەڵ بووە و لە رۆیشتنی ئاوەدا پاكبۆتەوە.

لە توێژینەوەیەكیشدا كە (كەركوك ناو) بینویەتی، بارودۆخی روباری دیجلە جیاوازە، بە جۆرێك "بەرلەوەی ئاوی دیجلە بگاتە ناو موسڵ لە هەر لیترێكیدا سێ بۆ پێنج میلیگرام پیسی ئۆرگانی هەیە بەڵام كاتێك لە موسڵ تێدەپەڕێت بەرزدەبێتەوە بۆ 100 میلیگرام لە یەك لیتردا".

ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی ستانداردی جیهانی رێژەی پیسبون پێنج میلیگرامە بۆ هەر لیترێك و ئەگەر رێژەكە زیاتر بوو ئەوا ئاوەكە بە "پیسوو" هەژمار دەكرێت.

1628690053486
نەینەوا/ 11ی ئابی 2021/ رێڕەوی روباری خەوسەر لەبەری چەپی موسڵ فۆتۆ: شەعلان حەیالی

 

كێشەكە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی رابردوو

هەرچەندە لەشەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ لە دەستی داعش تۆڕەكانی ئاوەڕۆ بەرێژەی سەدا 30 زیانیان بەركەوت، بەڵام كێشەی ئاوەڕۆ لە موسڵ كۆنترە و دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی رابردوو، بەوتەی ئەحمەد حامید، یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی موسڵ.

"تۆڕەكانی ئاوەڕۆ لە موسڵ كۆنن و دەگەڕێنەوە بۆ پەنجاكانی سەدەی رابردوو، بۆ ناوچەیەكی بچوك و سنورداری نیشتەجێبون دروستكراون" حامید بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

سیستەمی ئاوەڕۆ لە موسڵ لەسەر شێوازی بەریتانی دروستكراوە و شێوازێكی تا رادەیەك كۆنە، بەڵام لە نێو ماڵەكاندا بیری قوڵ هەڵدەكەنرێت و چواردەوری بە خشت دەگیرێت، ژێرەوەیشی ناگیرێت بۆ ئەوەی ئاوەڕۆی تێبڕژێت و لەژێرەوە ئاوەكە تێكەڵ بە خاكەكە ببێت.

تۆڕەكانی ئاوەڕۆ لە موسڵ كۆنن و دەگەڕێنەوە بۆ پەنجاكانی سەدەی رابردوو

دوای ماوەیەك لە رژانی ئاوەڕۆ بۆ ئەو بیرە و تێكەڵبونی ئاوەكەی بە خاك، پاشەڕۆی وشك دەمێنێتەوە، پێویستە لەرێی ئۆتۆمبێلی تایبەت بە راكێشانی ئاوەڕۆوە لە بیرەكەدا دەربهێنرێت و لە دەرەوەی شار فڕێبدرێت یان لەو شوێنانەی دەتوانن سودی لێوەربگرن.

بەڵام ئەو رێكار و شێوازە لە هەموو گەڕەكەكانی موسڵدا وەك یەك نین، كە ژمارەیان 183 گەڕەكە، بەڵكو هەندێك ناوچەی نیشتەجێبون ئاوەڕۆكانیان دەرژێتە تۆڕەكانی ئاوەڕۆوە و لەوێشەوە بۆ روبارەكە، وەك ناوچەكانی یەرموك، مەنسور، حەدبا، دەركزلیە، دۆمیزی عەرەبی، جەزائیر، تەحریر و زەهرا.

ئەو تۆڕی ئاوەڕۆیانەش پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە و پاككردنەوە هەیە، یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئاوەڕۆ دەڵێت بەهۆی وشكبونی پاشەڕۆوە و خۆڵ و خاشاكەوە، تۆڕەكانی ئاوەڕۆ دەگیرێن و دواتر دەبنە هۆی پیسبونی ژینگە.

هەروەها وتی ئێستا پرۆژەی بنیاتنانی تۆڕی نوێی ئاوەڕۆ هەیە بەڵام جێبەجێكردنی بە چەند قۆناغێكە و سەرەتا ناوچە فراوانەكانی شار دەگرێتەوە.

xosar
نەینەوا/ ئابی 2021/ یەكێك لە بۆرییەكانی ئاوەڕۆ كە دەڕژێتە دیجلەوە فۆتۆ: شەعلان حەیالی

 

فلتەری پێشكەوتوو

كێشەكە تەنیا تۆڕەكانی ئاوەڕۆ نین، بەڵكو كێشەی كەمی وێستگەی فلتەر و چارەسەری ناوەندی هەیە و ئەوانەیشی هەن وەك پێویست كارناكەن، بەوتەی ئەحمەد حامید.

ئەو وێستگانە تایبەتن بە پاككردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆ لە پیسی و بەكتریا و گۆڕینیان بۆ ئاوی پاك و هاوڕێی ژینگە.

"ئەوەی پێویستمانە وێستگەی چارەسەری نوێ و پێشكەوتووە بۆ كەمكردنەوەی ماددە زیانبەخشەكان و رێگری لەوەی بڕژێنە روبارەكانەوە" یاریدەدەری بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی موسڵ داوای كرد هەموو وێستگەكانی چارەسەری ئاوی پیس لە نەینەوا بە تەواوی بگۆڕدرێن.

پێوستیمان بە وێستگەی پێشكەوتووە بۆ كەمكردنەوەی ماددە زیانبەخشەكان و رێگری لە رژانە نێو روبارەكانەوە

ئەندازیار ساجیدە سابر پێیوایە "لە نەبونی كەرەستەی مۆدێرن و تۆڕی ئاوەڕۆ، هیچ چارەسەرێك لە بەردەم هاوڵاتیاندا نییە جگە لە دورخستنەوەی ئەو رێڕەوانە (پاشەڕۆی پێدا تێدەپەڕێت) لە روبارەكان و دروستكردنی تۆڕی ئاوەڕۆی تایبەت بە خۆیان".

"ئەوەی پێویستمانە هەڵمەتی هۆشیارییە بۆ هاوڵاتیان تا بەراستی بزانن روبەڕوی چ پیسبونێكی ژینگە بونەتەوە كە رۆژ بەرۆژ گەورەتر دەبێت، ئەگەر بەوشێوەیەش بەردەوام بێت ئەوا شارەكە بەكەڵكی ژیانكردن نامێنێت" ساجید وای وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT