یاسەمین و منداڵەكانی هاوڕێی كاتێك بە چواردەوری خێوەتەكەدا رادەكەن، بۆ ماوەیەك تەپوتۆز لەدوای خۆیان بەجێدەهڵێن، بۆیە بەشێكیان تا كەمەریان لە خۆڵدایە.
كچ و كوڕە بچوكەكان جاربەجار بە تۆپێكی لاستیكی دڕاو دەكەونە یاری تۆپی پێ، هەندێكجاریش جیا لە یەكتری؛ كچەكان ماڵەباجێنە و كوڕەكان راوڕاوێن دەكەن.
یاسەمین لەچاو منداڵەكانی دیكەدا پۆشتە و پاكتر دەردەكەوێت، بلوزێكی سوری لەبەردایە و تەنورەیەكی كابۆی كورتی بەسەر شۆرتێكدا كردووە، قژیشی بە توندی بەستووە.
جیاواز لە زۆربەی منداڵەكانی دیكە نەعلی لە پێدابوو، ئەوانیتر هەر بەپێی پەتی یارییان دەكرد یان سەرقاڵی پایسكیلسواری و هەڵماتێن بون.
زۆر دڵتەنگم بەو دیمەنە كە ناتوانین هیچیان بۆ بكەین
گۆڕەپانی سەرەكی هەموو یارییەكانی منداڵان هەر چوار دەوری خێوەتەكان و لە ناو خۆڵێكی زۆردایە.
لەتاو گەرمای زۆر؛ كە لە مانگی ئابدا 45 تا 50 پلەی سیلیزییە، بەشێك لە منداڵەكان تا دەمەوئێوارە ناتوانن بچنە دەرەوەی خێوەت.
"هەر ئەم شوێنەمان هەیە بۆ یاریكردن.. بە رۆژدا زۆر گەرمە.. نزیكی خێوەتەكەمانە.. زۆر گەرمە و نەخۆش دەكەوین" یاسەمین ئەلیاس (8 ساڵ) وای وت.
یاسەمین ئاوارەی شنگالە و خوێندكاری دوی بنەڕەتییە، تەنیا ساڵێك دوای لە دایكبونی. خێزانەكەی بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە ئاوارەی كۆمەڵگەی شاریای پارێزگای دهۆك بون.
ئەو كۆمەڵگەیە لە دەرەوەی كەمپی شاریایە و دەیان خێزانی ئاوارە یان خێوەتیان هەڵداوە یان بە كابینە شوێنی مانەوەی كاتییان دروستكردووە.
یاسەمین كاتژمێر 5ی دەمەوئێوارە بەدواوە لە خێوەت دەچێتە دەرەوە و تا شەو دادێت لەگەڵ هاوڕێیەكانیدا بۆ یاریكردن دەمێنێتەوە.
ئەو یارییەكانی خستبووە سندوقێكی پلاستیكی میوەوە، بوكەڵەیەكی كۆنی هەیە و هەندێك پارچە قوماشی لێ ئاڵاندووە، لەگەڵ سەبەتەیەكی شكاودا دایناون و هەر لەناو خۆڵەكەدا چوارمشقی دادەنیشتن و یاری دەكەن.
لە قسەكانیدا بۆ (كەركوك ناو) دەیوت حەزی بە باخچە و شاری یاری منداڵان هەیە، بەڵام باخچەی نزیكیان نییە و باوكیشی ناتوانێت هەموو رۆژێك بە ئۆتۆمبێل بۆ باخچەی ببات.
یاسەمین باسی ئەو شوێنانەی دەكرد لە ریكلامی تەلەفزیۆندا دەیانبینێت و تایبەتن بە منداڵ لە پارك و مۆڵەكاندا.
بارودۆخی ئەو كچە هاوشێوەی زۆربەی منداڵانی دیكەی ئاوارەیە كە شوێنێكی تایبەت بە یاریكردن و كاتبەسەربردنیان نییە.
دەیان منداڵ توشی نەخۆشی جۆراوجۆر بون
"زیاتر لە 100 خێزانین لە دەرەوەی كەمپ و لە كۆمەڵگەی شاریا دەژین، كاتی ئاوارەیی لەناو كەمپ شوێن نەبوو بۆیە بە ناچاری و لەسەر حسابی خۆمان خێوەتمان كڕی تا لێرە بمێنینەوە، كە شوێنێكی زۆر ناخۆشە و بێ كەڵكە بۆ ژیان" ئەلیاس شەمۆ، باوكی یاسەمین لەبارەی خراپی گوزەران و شوێنی مانەوەیانەوە وای وت.
ئەو كە هاوكات موختاری ئاوارەكانی كۆمەڵگەی شاریایە، دەڵێت پێی خۆش نییە كچەكەی لەناو ئەو خۆڵەدا یاری بكات، بەڵام ناچارییە، شوێنی دیكە شكنابەن، بۆیە رێگەدەدات كچەكەی چەند كاتژمێرێك لە دەرەوە بمێنێتەوە.
ئەلیاس بە (كەركوك ناو)ی وت "هیچ شوێنێك نییە بۆ یاریكردنی منداڵەكانمان، لەناو تەپوتۆز و خۆڵدا یاری دەكەن، زۆر دڵتەنگم بەو دیمەنە كە ناتوانین هیچیان بۆ بكەین".
ئەو خۆڵ و گەرمایەی دەرەوەی خێوەتەكان هۆكارێكیشە بۆ نەخۆشی و تەنگەنەفەسی.
"دەیان منداڵ توشی نەخۆشی جۆراوجۆر بون، كاتێك دەیانبەین بۆ نەخۆشخانە، پزیشكەكان ئامۆژگاریمان دەكەن رێگەنەدەین منداڵەكان بچنە ناو خۆڵ و تەپوتۆز، بەڵام چار چییە؟ خۆ لە خێوەتدا نایانبەستینەوە".
ئەلیاس شەمۆ دەڵێت زیاد لە جارێك داوای شوێنێكی گونجاویان بۆ یاری و كاتبەسەربردنی منداڵەكانیان كردووە بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبووە.
شوێنی یاری منداڵانی ئاوارە، لە وەرزی سەرما و بارانباریندا، ئەگەر لە وەرزی گەرما خراپتر نەبێت ئەوا باشتر نییە، چونكە دیسان لە بری تەپوتۆز منداڵەكان لەناو قوڕ و لیتەدا ناچارن یاری بكەن.
كاروان زەكی، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم – سەرپەرشتی دۆسیەی ئاوار و پەنابەرەكانی هەرێمی كوردستان دەكەن – بە (كەركوك ناو)ی وت "خزمەت و هاوكارییەكانی ئێمە زیاتر بۆ ئاوارەكانی ناو كەمپە، هەرچەندە هەندێكجار هاوكاری ئاوارەكانی دەرەوەی كەمپیش دەكەین بەڵام بەدڵنیاییەوە وەك ئاوارەكانی ناو كەمپ نییە".
ئەو دەڵێت لە ناو كەمپ خزمەتگوزارییەكانی وەك گۆڕەپانی یاریكردن و شوێنی دانیشتن دروستكراوە، بەڵام بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) ئەو شوێنانە لە چەند كەمپێكدا هەن نەك هەموو كەمپێك.
بەپێی ئامارەكانی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەكان زیاتر لە 81 هەزار خێزانی ئاوارە لە دەرەوەی كەمپ جێگیربون و زیاتر لە 34 هەزار خێزانیش لە 26 كەمپی هەرێمی كوردستان دەژین.
دەتوانین لەناو كەمپەكاندا شوێنی مانەوەیان بۆ دابینبكەین كە هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەكی تێدایە
"ئاوارەكانی دەرەوەی كەمپ كە گلەیی و ناڕەزاییان هەیە دەتوانن سەردانمان بكەن تا لەناو كەمپەكاندا شوێنی مانەوەیان بۆ دابینبكەین كە هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەكی بۆ دابینكراوە" زەكی وای وت.
لە هەرێمی كوردستان هێشتا زیاتر لە 664 هەزار ئاوارە هەن و نەگەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان كە زۆرینە خەڵكی پارێزگای نەینەوان.