كەركوك بۆنی دێت؛ حكومەت بەدوای هۆكارەكەیدا دەگەڕێت

كەركوك/ 2019/ گەڕەكێكی كۆن لە ناوەندی شار فۆتۆ: كەركوك ناو

كاروان ساڵحی – كەركوك

بۆنێكی ناخۆش شەوان لە هاوڵاتیانی چەند گەڕەكێكی شاری كەركوك دەشێوێنێت و حكومەتیش لەڕێی لیژنەیەوە دەیەوێت سەرچاوەی بۆنەكە بدۆزێتەوە.

بۆنەكە هێندە هاوڵاتیانی بێزار كردووە، ناچاربون شەممە 21ی ئاب گردبونەوەی ناڕەزایی رێكبخەن، تا لایەنی پەیوەندیدار لەو كێشەیە رزگاریان بكات.

بەپێی بەدواداچونی پەیامنێری (كەركوك ناو)، بۆنەكە  لە گەڕەكەكانی پەنجاعەلی، قادسیە، ئەسرا و مەفقودین و بەشێك لە شۆرجە و حورییەدا بڵاوبۆتەوە، زیاتر لە شەواندا هاوڵاتیان هەستی پێدەكەن.

"گردبونەوەكەمان بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕەزاییمان بوو بە لایەنی پەیوەندیدار" كەمال عەلی، دانیشتوی گەڕەكی قادسیە وای وت، چونكە دەڵێت تەنانەت بۆنەكە كاریگەری كردۆتە سەر كچە ساواكەیشی.

داواكاری ئەو و هاوڵاتیانی دیكەش ئەوەیە حكومەت چارەسەری ئەو كێشەیە بدۆزێتەوە، "سەدان خێزان هەن نەخۆشی شێرپەنجە لە ماڵەكانیاندایە یان تەنگەنەفەسی و رەبۆیان هەیە".

پلەكانی گەرما لە كەركوك بەرزن (نزیكەی 50 پلەی سلیزییە)، كارەبای نیشتمانی نییە و خەڵك بە كارەبای مۆلیدە هەر دەتوانێت فێنككەرەوەی وەك مۆبەریدە كارپێبكات كە وزەی كەمتری دەوێت بەراو بە سپلیت، موبەریدەش هەوا لە دەرەوەی بۆ ناوماڵ رادەكێشن، بۆیە هەرچی بۆنی ناخۆش هەیە دەیهێننە ژورەوە.

"سێ شەوە ئەو بۆنە ناخۆشە بڵاوبۆتەوە، وەك بۆنی غاز وایە، بە تەواوی پەنجاعەلی گرتۆتەوە" سەعدیە حەیدەر، دانیشتوی پەنجاعەلی وادەڵێت.

ئەو ژنە دەڵێت ناچار بووە لەو سێ شەوەدا منداڵەكانی بباتە ناوچەیەكی دیكەی شاری كەركوك كە بۆنەكەی تیادا بڵاونەبۆتەوە و لەوێ بمێننەوە.

 مواطنين بنجا علي (1)
كەركوك/ 21ی ئابی 2021/ گردبونەوەی ناڕەزایی هاوڵاتیانی چەند گەڕەكێك بەهۆی بڵاوبونەوەی بۆنی ناخۆش لە شەواندا فۆتۆ: كاروان ساڵحی

 

حكومەت بەدوای سەرچاوەی بۆنەكەوەیە

"لیژنەیەكی هاوبەش لە پۆلیس، بەرگری شارستانی، فەرمانگەی ژینگە، كۆمپانیای نەوتی باكور، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و قایمقامیەتی كەركوك بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی بۆنەكە پێكهێنراوە" بەوتەی نەقیب قەیس عەبدولرەزاق، وتەبێژی بەرگری شارستانی كەركوك بۆ (كەركوك ناو).

ئەو لیژنەیە بە سەردانی "لەناكاو" چۆتە چەند پاڵاوگەیەكی ئەهلی لەسەر شەقامی بازنەیی كە شاری كەركوك بە سنوری هەولێر و سلێمانییەوە دەبەستێتەوە، لەوێ پشكنین بۆ غازە مەترسیدارەكان كراون كە سەرچاوەی بۆنی ناخۆش و زەرەرمەندن بۆ هاوڵاتیان و ژینگە، وەك غازی كبریت و هایدرۆجین.

"لە ئەنجامی پشكنینەكاندا دەركەوت ئەو غازانە لە سنوری رێگەپێدراو و ستانداردی جیهانیدایە و لە چوارچێوەی رێكارەكانی ژینگەی عیراقیدایە" وتەبێژی بەرگری شارستانی وای وت.

هەروەها رونیكردەوە فەرمانگەی ژینگە ئامێری تایبەت بە پشكنینی پیسبونی غاز و كاریگەرییەكانی هەیە، بڕیارە ئەو ئامێرە لە شەوان و كاتی بڵاوبونەوەی بۆنە ناخۆشەكەدا بەكاربهێنن.

نەقیب قەیس دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیانی كەركوك كە رێكاری پێویست لەگەڵ فەرمانگەی ژینگە و لایەنی دیكەی پەیوەندیداردا دەگرنەبەر بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی ئەو بۆنە ناخۆشە، دەستبەجێ دوای ئاشكرابونی هۆكارەكەیشی ئەگەر لە سنوری پارێزگاكەدا بوو، چارەسەری دەكەن.

سەرچاوەیەكی پزیشكی لە كەركوك بە (كەركوك ناو) تائێستا هیچ كەسێك رەوانەی نەخۆشخانە نەكراوە بەهۆی ئەو بۆنە ناخۆشەی لە چەند ناوچەیەكدا بڵاوبۆتەوە.

 فحص غاز
كەركوك/ 21ی ئابی 2021/ حكومەت ئامێری پێوانەكردنی پسیبونی هەوا بەكاردەهێنێت فۆتۆ: كاروان ساڵحی

 

"پەیوەندی بە نەوتەوە هەیە"

دەربارەی سەرچاوەی بۆنە ناخۆشەكە، عەلا ئەسەدی پسپۆڕی نەوت بە (كەركوك ناو)ی وت پێیوانییە بۆنەكە پەیوەندی بە لێچونی بۆرییەكانی غازەوە هەبێت، بەوپێیەی هیچ لێچونێك لە بۆرییەكانی غاز تۆمارنەكراوە، ئەگەر ئەویش بوایە "بۆنە بەردەوام دەبوو نەك تەنیا لە شەواندا وەك هاوڵاتیان باسی دەكەن".

بەوتەی هاوڵاتیان بۆنەكە زیاتر لە دوای كاتژمێر 11ی شەوەوە تا 5ی بەرەبەیان بڵاودەبێتەوە.

هۆكارێكی دیكە بەوتەی ئەسەدی پێدەچێت سەرچاوەی بۆنەكە بێت، بڵاوبونەوەی پاڵاوگە بچوكەكانە لە نێوان پارێزگاكانی كەركوك و هەولێر و سلێمانی، كە توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەیان كەمترە لە 10 هەزار بەرمیل.

ئەو دەڵێت تاوەری پاڵاوتە و دڵۆپاندن گرنگترین بەشی پاڵاوگەیە، ئەگەر لەو كۆمپانیا جیهانییانە بیكڕن كە بەرهەمەكانیان لە ئاستیێكی بەرزدایە، بەڵام "خاوەنی پاڵاوگە ئەهلییەكانی كەركوك" ئەو بەشەیە بە نرخێكی هەرزان دەگڕن كە كوالێتی زۆر نزمە و غازی زۆری لێوەدەردەچێت.

ئەو تاوەرە لە دەرهێنانی بەنزین و نەوتی سپی لە نەوتی خاودا بەكاردێت.

شكۆفە محەمەد، چالاكوانی ژینگە لە كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت زانیارییەكان ئاماژە بەوەدەكەن سەرچاویە بۆنە ناخۆشەكە غازی میسان و ماددەی رەساس بێت كە بەهۆی بەرهەمهێنانی نەوت و غازەوە لە كێڵگەكانی دەوروبەری كەركوك بڵاودەبنەوە.

لە چاوەڕوانی ئەنجامی بەدواداچون و لێكۆڵینەوەی لیژنە حكومییەكەدا، سەعدییە حەیدەر هەر بە دودڵی دەمێنێتەوە، نازانێت بگەڕێتەوە بۆ ماڵەكەی خۆی لە پەنجاعەلی یان لەبەر خاتری منداڵەكانیدا شەوێكی دیكەش لە ناوچەیەكی دور لە بۆنە ناخۆشەكە بەڕێبكات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT