دیزانی ماستەرپلانی كەركوك چوار ساڵە دراوەتە كۆمپانیایەكی ئەمریكی و هێشتا كارەكانی تەواونەبووە، ئەوەش لەكاتێكدا زیادەڕۆیكردن بۆ سەر موڵكی حكومەت بەردەوامی هەیە و بەپێی وتەی بەڕێوەبەری شارەوانی، ماستەرپلان دەتوانێت رێگریی لە زیادەڕۆیی بكات.
فەریدون عادل زەنگەنە، بەڕێوەبەری شارەوانی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "کەرکوک ماستەرپلانی نییە، لە نەبونی ماستەرپلاندا رێگە خۆشکراوە بۆ گۆڕانگاری لە دیمۆگرافیای شارەکە و زیادەڕۆیكردن بۆ سەر موڵكی دەوڵەت و دروستوبنی گەڕەكی نوێ بەدەر لە پلانی شارەوانی". جەختیشیكردەوە "نەبونی ماستەرپلان رەنگدانەوەی خراپی هەبووە بۆ سەر كارەكانی شارەوانی دیمۆگرافیای كەركوك".
بەپێی وتەی بەڕێوەبەری شارەوانی، چوار ساڵ لەمەوبەر دیزانی ماستەرپلانی كەركوك دراوەتە دەست كۆمپانیایەكی ئەمریكی كە بارەگاكەی لە ئەردەنە و وتی "تائێستا چوار قۆناغی دیزاینەكە تەواوبووە، بەردەوام لەگەڵیانداین هەر تێبینییەکمان هەبێت ئاگاداریان دەکەینەوە و لەپاش تەواوبونی قۆناغی پێنجەم و کۆتایی، ماستەرپلانەکە دەخرێتە بەردەم ئیداری کەرکوک و ئێمەش تێبینییەکانی خۆمان دەخەینەڕوو".
كێشەیەكی گەورە لە ئێستادا روبەڕوی شارەوانی بۆتەوە، ئەوەیە بەردەوام بەهۆی زیادەڕۆییەوە بۆ سەر موڵكی دەوڵەت گۆڕانكاریی لە نەخشەكانی ئەواندا دەكرێت "هەر هێز و لایەنێک باڵادەستبن و زۆرینەی پارێزگاکەبن بەویستی خۆیان دەتوانن دەستکاریی نەخشەی شارەکە بكەن لە بەرژەوەندی خۆیان"، فەرەیدون عادل وایوت.
هەر هێز و لایەنێک باڵادەستبن و زۆرینەی پارێزگاکەبن بەویستی خۆیان دەتوانن دەستکاریی نەخشەی شارەکە بكەن لە بەرژەوەندی خۆیان
بەپێی ئامارێكی ئیدارەی كەركوك كە دراوە بە (كەركوك ناو)، پارێزگای كەركوك لە دوای بەغدا و بەسراوە سێیەم پارێزگایە كە زۆرترین زیادەڕۆیی كراوەتە سەر موڵكی دەوڵەت لە پێناو یەكەی نیشتەجێبون.
وەك سەرەتایەك بۆ رێگریكردن لە زیادەڕۆیی بۆ سەر موڵكی دەوڵەت، هێزەکانی ئاسایشی نیشتیمانی کەرکوک لە ئێستادا تەواوی نوسینگەكانی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوییان لە گەڕەكە زیادەڕۆكاندا داخستووە، كە نزیكەی 10 گەڕەك دەبن.
هەروەها بە بڕیاری وەزارەتی شارەوانی عیراق، لەمەودوا ئەنجامدانی هەر خزمەتگوزارییەكی نوێ بۆ ئەو گەڕەكانە رادەگیرێت كە لەدەرەوەی نەخشەی شارەوانی و لەسەر شەقام و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكاندا كراون.
فەرەیدون عادل وتی "دروستکردنی خانوو و بینای زیادەڕۆ ئاستەنگی گەورەی بەردەم ماستەرپلانی كەركوكە لە داهاتودا".